کەرکووک پێویستی بە یەکگرتن و ئاسایش هەیە

غازی حەسەن
هەر تەنیا ئەمڕۆ نییە کەرکووک وەکو خاڵی سەرەکی و کرۆکی خواستی مێژوویی و سیاسی کوردستان دادەنرێت، کورد سازش لەسەر نەوتی کەرکووک دەکات، بەڵام ناتوانێت دەست لە کوردستانی بوونی کەرکووک هەڵبگرێت.. ئەو کێشەی ئەمڕۆش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە ئارادایە ، بەشێکی سەرەکی پەیوەندی بە کەرکووک هەیە، کە خۆی لە مادەی ١٤٠ دەنوێنێت. گرینگ کەرکووک بە راپرسی و تۆمارە کۆنەکانیش بێت، گومانی تێدا نییە کوردستانییە و کورد زۆرینەی ئەوە شارە پێکدەهێنن. بەعەرەبکردنی کەرکووک تاکو هەنووکەش درێژەی هەیە. سەدام بە دیکتاتۆریەت و سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و حکوومەتی هەنووکەش کە ئەمەریکا پێکیهێناوە و بانگەشەی دیموکراسی دەکات، پێداگری لەسەر بەعەرەبکردنی کەرکووک بە نێوی مەترسی لە کاری تیۆریستی دەکات.
هەر دوێنێ جارێکی دیکە تیرۆریستان لایەنە کوردستانییەکانیان کردە ئامانج، پێشتر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان راستەوخۆ کرانە ئامانج. شەڕەکە دیارە.. راستە کورد خۆی لە پێکهاتە رەسەنەکەی کەرکووک جیاناکاتەوە و دەیەوێت کەرکووک شارێکی کوردستانی و برایەتی بێت لە نێوان کوردو تورکمان و ئاشوری وئەرمەنی و کلد و عەرەب.، کەچی حکوومەتەکەی بەغدا بانگەشەی بە(عێراقی!!!!) بوونی کەرکووک دەکات و سوپای لەدەور کۆدەکاتەوە و دژە کورد و بەعسییە رق لەدڵەکان و شۆڤینییەکان لەم سوپایە کۆدەکاتەوە کە دەبنە مایەی نیگەرانی نەک نەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکو بۆ دوارۆژی دەسەڵاتی شیعەکانیش و تەقینەوەی بەردەوامیش دژی هاووڵاتیانی ئەمشارە بەرێوەدەچێت..
کەرکووک پێویستی بە ئاسایشێکی یەکگرتوو هەیە، ئاسایشی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، ئاسایشی پێکهاتە رەسەنەکەی کەرکووک، ئاسایشی کۆمەلایەتی ، چونکە دیارە کەرکووک ئەگەر پێشمەرگەی و ئاسایشی کوردستان یەکلانە نەیپارێزێت، ناتوانرێت ئەم شارە لە تیرۆریستان و ئەو لایەنانە باپرێزێت کە هانی تیرۆر دەدەن و ئاسانکاریان بۆ دەکەن.
لە هەر سێ شاری ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێـمی کوردستاندا لەسایەی هوشیاری هاووڵاتیان و گەشەکردنی ئاستی هێزەکانی ئاسایش ، ئارامی بەجۆرێک گەشەی کردووە کە نەک گیانی خەڵک پارێزراوە، بەڵکو لایەنە بیانییەکانیش شایەدی بۆ سەرکەوتنی ئەم سیستەمەی ئاسایش دەدەن کە کوردستان بەرێوەی دەبات، ئەمەش دەرگای گەشەکردنی ئابوری و گەشتوگوزار و رۆشنبیری و بەیەکەوە ژیانی کردۆتەوە.
لایەنە تیرۆریست و ئەوانەی لە پشتی کارە تیرۆرسیتەکانن دەیانەوێت
یەک/ پیشانی بدەن کە پێشمەرگە و ئاسایش لە کەرکووک سەرکەوتوو نییە.
دوو/ کورد بترسێنن و فشار دروست بکەن کورد وەکو هەمیشە بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئارام روو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
سێ/ دیجلە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی حکوومەتی بەغدا بە پێویست بزانن لە کەرکووک و ناوچەکە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێـمی کوردستان.
چوارەم/ هەمیشە لە رێگەی کاری تیرۆریستی دەیانەوێت کەرکووک بەرەو ناوچەیەکەی پڕ لە ناکۆکی و ناسەقامگیر ببەن و بەمەش واینیشان دەدەن کە کەرکووک دەبێت ئیدارەیەکی سەربەخۆی هەبێت.
پێنجەم/ حکوومەتی بەغداش لە پێناو ورژاندنی کێشەی نێوان پێکهاتەکان دەیەوێت دزە بکاتە نێو کەرکووک وناوە ناوە بەرپرسی پۆلیسی ئەم شارە تاک لایەنانە دەگۆڕێت. سەرباری ئەوەش بە هێواشی و لە ژێرەوە دەیانەوێت بەرژەوەندی هەندێک وڵات لە کەرکووک بپارێزن بەرامبەر ئەو پێکاتەیەی کە راستەوخۆ بە وڵاتێکی دیکەوە بەستراونەتەوە.
بۆیە زۆر گرینگە لایەنە کوردستانییەکان و ئەوانەی لە تورکمان و کلدو ئاشور و ئەرمەن و عەرەب دڵنیان لە پێکەوەژیانی هاوبەش لە یەک سەنگەری دۆستانە و پتەو کار بکەن، ئاسایشی کوردستان یەکدەست و یەک بەرنامە و یەکهێز لە کەرکووک رێگری لە تیرۆریست و ئەو بەرنامانە بکەن کە دەیانەوێت کەرکووک بشێونێنن و ئاژاوەی تێدا دروست بکەن.
ئەمەی روودەدات دوور نییە بەشێكی پەیوەندی بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکانەوە هەبێت، کە بڕیاریان داوە بەیەک لیست لە هەڵبژاردن دابەزن.. دیارە ئەم پێداگیریەش لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی بە زەقی کاری لەسەر دەکرێت، بۆیە ئاساییە بارەگای پارتی و دواتریش لایەنە کوردستانییەکان بکرێنە ئامانجی کارە تیرۆرستییەکان. راستە کەرکووک ماندووە، بەڵام دەبێت هاوکاری و کۆمەکی زۆرتری ئەم شارە لە پێناو چەسپاندنی ئاسایشی کوردستانی و تەبایی ویەکڕیزی بکرێت.




