٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەلامێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ فراکسیۆنی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پاش دانیشتنی ئاسایی ژمارە چواری وەرزی بەهارەی سالی دووەمی خولی پینجەمی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی یەکیتی بە هەناسە توندی لە راگەیەنراوێکدا هەندێک قسەیان بەرامبەر بەڕیز هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی سەرکردایەتی پارتیمان ڕیز کردووە. لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەرێزیان پاشی دانیشتنەکە، بێ ئەوەی بەرێزیان هیچ ناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بهینێت، بەداخەوە فراکسیۆنی یەکێتی هەندێ قسە و بابەتیان ڕیز کردووە کە جگە لە چەواشەکاری و بەلارێدا بردن، هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێت. 

دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمان جێبەجێکردنی تەواوی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و گرتنە بەری رێککارە یاساییەکان بوون بۆ جێبەجێ کردنی یاساکان. شپرزەیی فراکسیۆنی یەکێتی لە راگەیەنراوەکەیان بە جۆرێکە، دانیشتنی ئاسایی ژمارە چواری پەرلەمان کە لە رووی پەیرەوی و بەرنامەی کارو نیسابی یاسایی و رێژەی دەنگدان و جێبەجێکردنی خالەکانی بەرنامەی کار بە پێی پەیرەو، بە ساختەو نماییش بزانن. دەبوو فراکسیۆنی یەکێتی، هەر هیچ نەبووایە، لە بەر حورمەتی دامەزراوەی پەرلەمان کە سەرۆکەکەی هەڤالێکی سەرکردایەتی خۆیانە، جێبەجێکردنی پەیرەو پابەند بوون بە یاساو بەشداری ٥٨ ئەندامی بەرێزی پەرلەمان بە نمایش و ساختە نەزانن.

دەبوو فراکسیۆنی یەکێتی بە خەلکی کوردستان بڵێت، رێگریکردن و کۆسپ دروستکردنەکانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی یاسایی و پەیرەوی پەرلەمانی کوردستان بەرامبەر تەشهیر و تۆمەت هەلبەستن لە لایەن هەندێک لە ژێر پەردەی پارێزبەندی پەرلەمانی، گەمەی ناشیرین بوو. دیارە شکستهێنانیان لەم گەمە ناشیرینە بۆ پێشێلی یاسا و رێگاگرتن لە جێبەجێ بوونی پەیرەوی ناوخۆ، تووشی هیستریای کردوون. 

پارتی دیموکراتی کوردستان رەچاوی بەرژەوەندی گشتی کردووەو چاوپۆشی لە بە زۆر خۆسەپاندن کردووە، بەلام هەموو شتێک سنوری خۆی هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستان پێشێلی یاسا ناکات، بەلام بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە لایەن دامەزراوە یاساییاکانەوە هەموو تواناکانی خۆی بۆ سەروەر بوونی یاسا خستۆتەگەڕ. بەداخەوە، بەو نەفەس و سیاسەتە چەوتەی لە ناوەرۆکی راگەیەنراوتان گرتوتانە بەر، زیان بە خۆتان و ئەزموونی کوردستانیش دەگەیێنن.    

لەگەل ئەوەشدا، دووپاتی ئەوە دەکەینەوە بەرێز جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێکاری سیاسەت و بریارەکانی سەرکردایەتی پارتیمانن بۆ سەرخستنی دامەزراوەی پەرلەمان و جێبەجێکردنی یاسابەرکارەکان و پەیرەوی ناوخۆ. پارتی دیموکراتی کوردستان داکۆکیکاری راستەقینەی یاسا و بەرژەوەندییەکانی خەلکی کوردستانە بەو پێوەرەی کە زۆرترین متمانەی خەڵکی کوردستانی بە دەستهێناوە و هەموو بریار و سیاسەت و هەڵوێستەکانی لەم چوارچێوەیەدا بووەو دەبێت. 

 فراکسیۆنی پ.د.ک لە پەرلەمانی کوردستان 

٧ ی ئایاری ٢٠٢٠

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار