٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە عێراقدا.. كورد لە نێوان بەرداشی حوكمی شیعەو سوننەدا..!

سەرچاوە: KDP.info


شوكر سلێمان
عێراقی ئێستا عێراقی دوای سەدەیەك لە كێشەو ململانێی نێوخۆیی و دەرەكییە، ئەو ململانێیەی رووبارێك لە خوێنی لەبەر رۆیشتووەو دەیان كارەساتی مرۆیی جەرگبڕی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە كایەوە كە بۆتە لەكەی زۆر گەورە بەنێوچەوانی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی ئەو وڵاتەو، هەروەها جۆرە دووبەرەكییەك لەنێوان ئەو پێكهاتە جۆراوجۆرانەی عێراقی لێپێكهاتووەو هەر ئەمەش بۆتە نەمانی متمانە لەوەی ئیتر پێكەوەژیانی ئەو جۆرە مۆزائیكە لە یەك وڵاتدا بە هەمان تیرازی جاران و ئەو شێوە حوكمڕانیەی بووە ئەزموونێكی تاڵ بۆ عێراقییەكان، نەك هەر ئەستەمە، بەڵكو قووڵبوونەوەی رووداوەكان لەنێوان هەرسێ‌ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق كە عەرەب بەهەردوو پێكهاتە مەزهەبییەكەی سوونەو شیعە لە لایەك و كورد لە لایەكی دیكەوە، لە دوای رووداوەكانی پرۆسەی ئازادی عێراق و نزیكەی نیو سەدە لە حوكمی سوننەكان بە ئاگرو ئاسن، نەك هەر سوونەكانی خستۆتە لیستی رەشی حوكمرانییەوە، بەڵكو تا رادەیەكی زۆر هەموو لایەك بە گومانەوە سەیری ئایندەی گەڕانەوەی سوونەكان دەكەن بۆ دەسەڵات، لەبارەمبەریشدا شیعەكان كە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، لە رێگەی هەڵبژاردن و حوكمی زۆرینەوە نەك هەر گەرەكیانە ئیتر لەمەودوا حوكمی عێراق هەر تەنیا بەخۆیان بەڕێوەی ببەن، بەڵكو گەرەكیانە تۆڵەی دەیان ساڵی بێبەشبوونیان لە حوكم لە سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق بكەنەوە، بە تایبەتی سووننەكان.
ئەوەی لێرەدا گرنگە قسەی لەبارەوە بكەین، پەیوەندی نێوان شیعەو كورد لە لایەك و پەیوەندی لەمەودوای كورد لەگەڵ سوونەكانە، ئایا هاوكێشەی پەیوەندی نێوان كورد شیعەو خەباتی هاوبەشی تاراوگەو سەردەمی شاخ، توانی ئاسۆی ئایندەی كورد لە گەیشتنی بە مافە مەدەنی و سیاسییەكانی خۆی لە رووخانی رژێمی سەدامەوە بكاتە گەرنتی ئەو خەباتە هاوبەشەی هەر دوو پێكهاتە مەزلوومەكەی  عێراق كە كوردو شیعە بوون لەسایەی حوكمی سوننەكاندا؟ ئەگەر لە ئێستادا لەسایەی حوكمی شیعەكان هەمان سیناریۆی حكومی سوونەكان دەبینینەوە، ئەی هەڵوێستی كورد لەم نێوەندەو لەم قۆناغەدا دەبێت بە چ ئاراستەیەك بێت؟ ئایا دەكرێ‌ پشت بكەینە ئەو هاوخەباتی و ئەو پەیوەندییە دۆستایەتییە لە مێژینەی شیعەكان؟ یان ئەگەرێكی دیكە هەیەو دەكرێ‌ كورد لەوێوە درێژە بە خەبات و تێكۆشانەكانی خۆی بدات.
لە لایەكی دیكە لەئەگەری بە بەنبەستگەیشتنی یەكلایی بوونەوەی قەیرانی حوكم لە عێراق بە تایبەتی لە نێوان سوونەكان و شیعەكان لە لایەك و كوردوە شیعە لە لایەكی دیكەوە، كورد دەستەوەستان دەوەستێت و سەیری رووداوەكان دەكات، یان لە داڕشتنەوەو پێداچوونەوەی پەیوەندییەكاندا كورد ناچارە بگەڕێتەوە سەر بنیاتنانەوەی ئەو جارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووننەكاندا، بەڵام ئەمجارە لەسەر بناغەی دراوسێیەتی و دوو نەتەوەی دۆست لە پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكان لە ناوچەكەدا، چونكە بە هەموو پێودانگەكان بە حوكمی رداوسێیەتی و لەیەكنزیكی كورد لەگەڵ سووننەكان لە خاك و مەزهەب و كەلتووری پێكەوەژیاندا، هەر ئەو رێگەیە لەبەردەم كورد دەمێنێتەوە كە دواجار هەر دەبێ‌ بۆ چارەسەركردنی كێشە لەمێژینەو رەگاژۆییەكانی لەگەڵ سووننەكاندا دابنیشێت و چارەسەری كێشەكانی خۆی بكات، چونكە پشتیوانی كردنی هەرێمایەتی لە سووننەكان زۆر زیاترە لە پشتیوانی نێودەوڵەتی لە كورد، لە لایەكی دیكەشەوە ئەو رووداوانەی لە ناوچەكەدا هاتوونەتە كایەوە، نەك هەر كاریگەری راستەوخۆیان بۆسەر نەتەوەكەمان هەیە لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا، بەڵكو ئەگەری ئەوە هەیە لە روودانی دەورەی مێژوویدا ئەگەر ئەمجارە كورد بەخۆ نەكەوێت، بێگومان ئەم جارەش مێژوو رەحممان پێناكات و، رەنگە بۆ زەمەنێكی دیكە كورد هەر بەبێ وڵاتی بمێنێتەوە.
ئەوەی گرنگیشە لە ئێستادا گفتوگۆی راشكاوانەیە لەگەڵ سوونەكاندا، چونكە لاسەنگی تەرازووی هێزی سووننەكان لەبەرامبەر هەژموونی شیعەگەرایی لە عێراق كەوتۆوتە بەردەم مەترسییەكی گەورەوە، بۆ بەرگرتن بەم هەژموونە هەم سوونەكان و هەمیش وڵاتانی پشتیوانیكار لە سووننەكان لە عێراق پێویستیان بە رۆڵی كورد هەیە لەم كاتەدا، خۆ ئەگەر كوردیش وەكو گەرەنتییەك لە ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی خاكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و، هەندێ‌ بەرژەوەندی دیكەی ئابووری، نەك هەر دەكرێ‌  كوردو سووننەكان لەیەك سەنگەردا كۆببنەوە، بەڵكو پێكەوەژیانی ئەو دوو نەتەوەیە زۆر گونجاوترە بەهۆی كۆمەڵێك بەرژەوەندی هاوبەشی نەتەوەیی و ئابوورییەوە.     

هەواڵی پەیوەندیدار