یاسای فینانسمانی تیرۆر و مەسەلەی كورد

موراد یەتكین
نەتەنیا بەدەپە و سەرمایەدارە كوردەكان بەڵكۆ زۆربەی هەرە زۆری ئەندامە كوردەكانی ئاكەپەیش لە بەرامبەر یاسای فینانسمانی تیرۆر نارازین.
كاتێك كە دوێنێ پارلەمانی ئەورووپا لە دانیشتنی خۆی سەبارەت بە توركیا، پشتگیری خۆی بۆ دەستپێكردنی دانووستاندنەكانی نێوان بەرپرسانی توركیا و ئوجەلان و هەنگاوەكانی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد دەربڕی، لە هەمان كاتیشدا پارلەمانی توركیا دانیشتنێكی بۆ گفتووگۆ كردنی لە سەر پرۆژە یاسای فینانسمانی تیرۆر ساز كرد. لە راستیدا دەسەڵاتی ئاكەپە لە ساڵی 2011دا ئەم پرۆژە یاسایەی رادەستی پارلەمان كردبوو. سەرەڕای دژایەتییە بەرفراوانەكانی ئەم پرۆژەیە، دەسەڵاتی ئاكەپە توانی دوای دوو ساڵ ئەم پرۆژەیە بخاتە نێو بەرنامەی كاری پارلەمانەوە. یاسای بنبڕ كردنی فینانسمانی تیرۆر لە ساڵی 1999دا بە بریاری ژمارە 1267ی نەتەوەیەكگرتووەكان مۆر كراوە و توركیایش دوای سێ ساڵ بوو بە یەكێك لەم وڵاتانەیە كە ئەم پەیمانەی مۆر كردووە. كاتێك كە ئەم پەیمانە لە سەر ئاستی نێونەتەوەییدا مۆر كرا، ئەلقاعێدە هێشتا هێرشەكانی 11ی ئەیلوولی پێكنەهێنابوو بەڵام چەندین گرووپی توندڕەوی چەكدار وەكو مەترسی جیهانی خۆیانیان نیشان دابوو، هەربۆیە كۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی بە پێویستی زانی بوو كە ئەم پرۆژە یاسایە وەكو پرۆژەیەكی نێونەتەوەیی مۆر بكات.
سەبارەت بە مەسەلەی فینانسمانی پەكەكەیش كە لە لایەن زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان بە تایبەتی ئەمریكا و ئەورووپایەوە خراوەتە نێو لیستەی تیرۆرەوە، توركیا چەندین جار سكاڵای لە نەتەوەیەكگرتووەكان دژی ئەو وڵاتە رۆژئاواییانە تۆمار كرد كە لە رووی مادییەوە هاوكاری پەكەكە دەكەن. بەڵام هیچ یەك لەم سكاڵایانە نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێكی. بەر لە دەستگیر كردنی عەبدوڵلا ئوجەلان توركیا هیچ گرنگی بە مەسەلەی فینانسمانی پەكەكە نەدەدا و تا ئەو كاتەیش وڵاتانی رۆژئاوایی هیچ بایەخێكیان بە سكاڵاكانی توركیا نەدەدا. بەڵام لە دوای دەستگیر كردنی ئوجەڵان و كێشانەوەی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە لە نێو سنوورەكانی توركیادا و ئەو قەیرانە ئابوورییەی كە رووی لە توركیا كرد، بوون بە هۆكاری ئەوەی كە توركیا بیر لە مۆر كردنی پرۆژە یاسای فینانسمانی تیرۆر لە سەر ئاستی جیهان بكات. هەر بۆیە توركیا لە ساڵی 2002دا ئەم پرۆژە یاسایەی مۆر كرد و بەڵێنیدا كە بە هیچ شێوەیەك هاوكاری مادی هیچ جۆرە رێكخراوێك نەكات و بە پێ چەند بەندێكی ئەم یاسایەیش ئەو وڵاتانەی كە ئەم پرۆژە یاسایەیان مۆر كردووە بۆیان هەیە كە ماڵ و دارایی ئەو رێكخراوانە كە لە سەر ئاستی جیهانیدا خراونەتە نێو لیستی رەشەوە دەست بەسەر بكەن. توركیا لە ساڵی 2002دا پرۆژە یاساكەی مۆر كرد بەڵام جێبەجێ كردنی ئەم یاسایە لە توركیا بە گشتی 11 ساڵی خایاند. كاتێك كە توركیا لە سەر ئاستی نێونەتەوەییدا پەیمان یا خۆ پرۆژە یاسایەك مۆر دەكات بۆ ئەوەی كە ئەم پرۆژە یاسایە لە نێو سنوورەكانی توركیادا كاری پێبكرێت بریاری پارلەمانی توركیا پێویستە، لەم چوارچێوەیەیشدا ئەمساڵ پارلەمانی توركیا بریار لە سەر ئەم پرۆژە یاسایە دەدات و لەم چەند رۆژەدا پارلەمان چەندین دانیشتنی بۆ ئەم مەسەلەیە ساز كردووە.
بە پێ ئەم پرۆژە یاسایە بێگۆمان ئەگەر لە پارلەمانی توركیادا پەسەند بكرێت، ئەوا توركیا بۆی هەیە كە دەست بە سەر ماڵ و داراییەكانی پەكەكە لە توركیادا بگرێت. هەر چەند پەكەكە هیچ شتێكی لە سەر ناوی خۆی نییە بەڵام كوردە نیشتمانپەروەرەكانی نزیكی پەكەكە ئەم ئەركە بۆ پەكەكە جێبەجێ دەكەن و پرۆژە ئابوورییەكانی پەكەكە لە سەر ناوی خۆیان بەرێوە دەبەن. لەبەر ئەم مەسەلەیەیە كە بەدەپە و ئەندام پارلەمانەكانی بەدەپە بە توندی لە دژی ئەم یاسایە رادەوەستن و دەڵێن ئەم پرۆژە یاسایە دەستی جاش و سوپای توركیا بۆ دەست بە سەرداگرتنی ماڵی هاووڵاتییان بەهێزتر دەكات. لە راستیدا ترسی بەدەپە ئەوە نییە كە ماڵی هاووڵاتییان دەستی بە سەردا بگیردرێـت، بەدەپە زۆر بە باشی دەزانێت كە لیستی ئەو پیشەساز و كارسازە كوردانە كە بە سەرمایەی پەكەكە كار دەكەن و لە رووی مادییەوە بوونەتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ پەكەكە لە بەردەست دەوڵەت دایە و دوای پەسەند كردنی ئەم پرۆژە یاسایە دەوڵەت دەتوانێت زۆر بە ئاسانی دەست بە سەر ئەم ماڵ و سەرچاوە داراییانەدا بگرێت.
بێجگە لە ئەندام پارلەمانەكانی بەدەپە، زۆربەی هەرە زۆری پارلەمانتارە كوردەكانی سەر بە ئاكەپەیش لە دژی پەسەند كردنی ئەم پرۆژە یاسایەن. پارلەمانتارە كوردەكانی نێو ئاكەپە دەڵێن ئەگەر ئەم پرۆژە یاسایە لە پارلەمانی توركیا پەسەند بكرێت ئەوا لە رووی ئاوەدان كردنەوە و بۆژاندنەوەی ناوچەكانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵدا كاریگەری یەكجار زۆری دەبێت و دەبێتە هۆكاری دواكەوتنی ئەم ناوچانە. چوونكە زۆربەی هەرە زۆری ئەو پیشەسازە و كارسازە كوردانە كە لەم ناوچانەدا دەستیان بە سەرمایەگوزاری و كاری وەبەرهێنان كردووە چە راستەوخۆ چە بە شێوەیەكی دیكە پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە و سەرچاوە داراییەكانی پەكەكەدا هەیە. ئەگەر بێت و بە پێ ئەم پرۆژەیە دەوڵەت دەست بە سەر سەرمایەی سەرچاوە داراییەكانی پەكەكە لە ناوچەكەدا بگرێت ئەوا پیشەساز و كارسازەكانی دیكەیش رووبەرووی زەرەر و زیان دەبنەوە و لە كۆتاییدا كاری ئاوەدان كردنەوە و بۆژاندنەوەی ئەو ناوچانە دوا دەكەوێت.
پارلەمانتارە كوردەكانی نێو ئاكەپە پێیان وایە كە پەسەند كردنی ئەم پرۆژە یاسایە كاریگەری هەمەلایەنی نەرێنی دەبێت بۆ مەسەلەی چارەسەر كردنی پرسی كورد و دەبێتە هۆكاری لاواز كردنی ئەو هەوڵانەی كە بەم دواییە بۆ چارەسەر كردنی پرسی دەدرن. بەڵام ئەندامانی بەدەپە و پارلەمانتارەكانی بەدەپە پێیان وایە كە پەسەند كردنی ئەم پرۆژە یاسایە بە مانای دوا خستنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و چارەسەر نەكردنی ئەم پرسەیە چوونكە لە توركیا پەكەكە هیچ جۆرە سەرچاوەیەكی دارایی نییە و دەوڵەت دەیەوێ دەست بە سەر سەرمایەی سەرمایەدارە كوردەكاندا بگرێت تا بەمجۆرە زەمینی درۆست بوونی لۆبی كوردی لە توركیادا لە بار ببرێت.
سەرچاوە: رادیكاڵ




