٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مستەفا ئاسو بۆ kdp.info: یارمەتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سوریا بەڵگەی هەستی نەتەوەیی رەسەن دەردەخات لای سەرۆك مەسعود بارزانی..

سەرچاوە: KDP.info

تایبه‌ت به‌ KDP.info/ پێگەی ئەلیكترۆنی kdp.infoچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سیاسەتمەداری كورد مستەفا ئاسو سكرتێری پارتی ئازادی كورد لە سوریاو ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سازداوەو ئەوەش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە:

كردنەوەی دەروازەی سنووری لەنێوان هەرێم و ناوچە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان و ئەو یارمەتییە مرۆڤایەتییەی لە لایەن سەرۆك مەسعود بارزانییەوە پێشكەشتان كراوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

دیارە كرانەوەی ئەو دەروازە سوونرییەی نێوان هەرێمی كوردستان و سوریا لە ناوچە كوردییەكان، دەستپێشخەرییەكی ئەرێمی بوو لە لایەن سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها هەنگاوێكی پیرۆز بوو شایەنی رێزو سوپاسە، ئەوەش بەڵگەی هەستی نەتەوەیی رەسەن دەنوێنێت لای سەرۆك بارزانییەوە.

راگەیاندنی كرانەوەی دەروازەی سنووری وەكو لایەنی بازرگانی لە دووتۆی هێنانی كەلوپەل لە هەرێمەوە بۆ سوریاو بە پێچەوانەوە لە یەكەم رۆژی مانگی شوباتەوە، ئایا هیچ زانیارییەكەت پێیە لەبارەی دوا هەواڵی ئەو دەروازەیە؟

بەڵێ ئێستا لەو دەروازەیە كاری بازرگانی دەستی پێكردووە، دوای ئەوەی بە مەبەستی گەیاندنی یارمەتییە مرۆڤایەتییەكان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوچە كوردییەكانی سوریا دەستی پێكرد، لە ئێستادا هەموو رێككارییە هونەری و تەكنیكیەكانی تایبەت بەو كارە تەواو بووەو ئێستا دەروازەكە كارەكانی راستەوخۆ دەستپێكردووە، لە رۆژانی داهاتووشدا كارەكانی باشترو پێشكەوتووتر دەبێت.

 

ئایا ئالیەتی دابەشكردنی یارمەتییەكان چۆن دەبینن، ئایا ئێوە لە چوارچێوەی ئەو لێژنانەی دابەشكردنی یارمەتیەكاندا بوون، بە تایبەتی گرفتی گەیشتنی ئەو یارمەتییانە بۆ ناوچەكانی عفرین و كوبانی؟

ئەو یارمەتییانە لە رێگەی لیژنەی یارمەتیە مرۆڤایەتییەكانی دەستەی باڵای كوردەوە دابەشكراوە، ئەوە شتێكی سروشتیە رووبەڕووی زۆر ئاستەنگ و ناخۆشی بووینەوە، بەڵام بە سەركەوتوویی گەیشتن و دابەشكرا، بەڵام نەمانتوانی بەشێك لەو یارمەتییانە بگەیەنێنە ناوچەی كوبانی و عفرین، ئەوەیش بەهۆی خراپی بارودۆخی ناوچەكە لە رووی مەیدانییەوە، بەڵام كاردەكەین بە هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە دەروازەیەك بدۆزینەوەو ئەو یارمەتیانە بگەیەنین، بەهیواین ئەوجارە سەركەوتووبین.

ئێوە لە پارتی ئازادی كوردین لە سوریا پەیوەندییەكانتان لەگەڵ پارتە كوردییەكانی دیكەی سوریا چۆنە، ئایا چۆن كاردەكەن لە پێناوی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە رووی مەیدانی و خاكەوە لەنێو سوریادا، ئایا پەیوەندییەكانتان لەگەڵ پارتە كوردستانییەكان چۆنە؟

ئێمە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ پارتە كوردییەكان هەیە، ئێمە وەكو خۆتان دەزانن ئەندامین لە ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی لە سوریا هەروها لە یەكێتی سیاسی لە سوریا، بەڵام پەیوەندییەكی زۆرباشمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كورد ل سوریا (الپارتی) و پارتەكانی یەكێتی سیاسی هەیە، هەروەها لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش رێكەوتووین ئەویش بەرنامەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردییە لە سوریا، هەروەها بەرنامەی یەكێتی سیاسی.

وەكو ئەوەی یەكێكن لەو چوار پارتە كوردییەی كە یەكێتی سیاسی دیموكراتیتان دامەزراندووە لە سوریا، چۆن دەرواننە ئەو هەنگاوە؟

 

یەكێتی سیاسی هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوو، بۆ ئەوە هاتەكایەوە تاكو ئاستێك بۆ ئەو پەرتەوازییەی ریزەكانی بزووتنەوەی كوردایەتی لە سوریا دابنێت، هەروەها وەڵامدانەوەیەك بێت بۆ ئەو ماف و خواستانەی سوریاو شۆڕشی سوریا، پرسی كوردیش لە سوریا لە ئێستادا لە هەنگاوی سەرەتادایە بۆ گەیشتن بە یەكێتی تۆكمەی گشتگیری تەواو لەنێوان سەرجەم پارتەكاندا.

چۆن دەڕواننە دوا لێدوانەكانی مەعاز خەتیب لەبارەی دانیشتن و گفتوگۆكردن لەگەڵ رژێمی سوریا؟

لەماوەی زیاتر لە 22 مانگ لە تەمەنی شۆڕشی سوریا، رژێم سەلماندی هیچ بژاردەیەك نییە تەنیا بژاردەی ئەمنی نەبێت، لە گەڵ هەموو دەستپێشخەرییە سیاسییەكانیش لەسەر ئەو بنەمایە هەڵسوكەوتی كردووە، من وای دەبینم دوای ئەو هەموو كوشتارو ئەو هەموو ماڵوێرانی و وێرانكارییەی دژ بە گەلی سوریا، ناكرێت گفتوگۆی لەگەڵ بكرێت، بۆیە هەر بانگەوازێك بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەودا دژ بە پرەنسیپ و ئامانجەكانی شۆڕشی سوریایە، خزمەت بە هیچ لایەنێكیش ناكات تەنیا بەردەوامیدان بە رژێم لە كوشت و بڕینی گەلی سوریا نەبێت.

هەروەها ئاوسۆ دەڵێت: دیارە هەر جۆرە قبوولكردنێك لەو بارەیەوە دەبێتە هۆی لەبار یەكهەڵوەشانەوەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، چونكە ئەو رژێمە تاوانبارە هەمیشە خەریكی قۆستنەوەی دەستپێشخەری و بینەو بەردەی سیاسییە بۆ ئەوەی درێژە بە دەسەڵاتە خوێنڕشتنەكانی خۆی بدات، وەكو لە پێشتردا ئەو هەڵسوكەوتەی لەگەڵ دەستپێشخەرییەكانی كۆمكاری عەرەبی و ئەنجوومەنی ئاسایش و چاودێرانی نێودەوڵەتی كرد.

خەتیب بەهانەی ئەوەی هەیە لە رەزامەندبوونی لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ رژێم، بەڵكو ئەو لەگەڵ ئەو كەسانە گفتوگۆ دەكات كە دەستیان بە خوێنی سوورییەكان سوور نەبووە، بۆ نموونە وەكو فاروق ئەلشەرع جێگری سەرۆكی سوریا، ئایا ئێوە لەگەڵ ئەو شێوازەن لە گفتوگۆ؟

رژێم لە سوریا، رژێمێكی تەواو مەركەزییە، هیچ یەكێك لە رەمزەكانی رژێم وەكە شەرع و ئەوانی دیكەش خاوەن بریار نین، بەڵكو بڕیار تەنیا بۆ دەستیەكی كەمی ئەو كەسانەیە كە زۆر نزیكن لە دەستوپێوەندەكانی بازنەی نزیكی ئەو رژێمەوە، بۆیە باوەڕ ناكەم هیچ یەكێك لەو دەستپێشخەریانە سەركەوتوو بێت.

لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لەبارەی راگەیاندنی حكوومەتی كاتی كوردی لە سوریا لەسەر لاپەڕەكانی تۆڕی ئەنتەرنێت و رەتكردنەوەی لە لایەن پارتە سیاسییەكانی كوردی لەو بارەیەوە، كە ئەوە بەبێ رەزامەندی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی و دەستەی باڵای كورد بووە؟

ئاوسۆ جەخت دەكاتەوە كە هەتا ئێستا هیچ   راگەیەنراوێكی لەو شێوەیە نەبووە، تەنیا رێكخستنی كرانەوەی دەروازەی سنووری نەبێت، هەروەها جۆرە دابەشكردنێكی بەرپرسیاریەتی لەنێوان دەستەی باڵای كورد بووە، ئەوەش بۆ ئاسانكاری كارەكانی دەروازەی سنووری بووە.

هەروەها گوتی: هەتا ئێستا لاپەڕەیەكی فەرمی تایبەت بە ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی نییە كە رازامەندی لەو بارەیەوە كردبێت، هەتا ئێستا ئەوەی هەیە تەنیا نووسەران و رۆشنبیرانن لێرەو لەوێ دەنووسن، ئەوەش دەربڕینە لە بیروڕای تایبەتی خۆیان و ئەوەی لەواقیعی رۆژانە روودەدات.

چۆن دەڕواننە رێڕەوی ئاراستەی شۆڕشی سوریا، چارەسەرییەكان لە كوێدایە، هەرەها رۆڵی كورد لەو نێوەندەدا چییە؟

بێگومانم لەوەی شۆڕشی سوریا سەردەكەوێت، رژێمیش دەرووخێت زوو یان درەنگ، هەروەها پێویستە رژێمی داهاتووی سوریا دیموكراسی و فرەیی و پەرلەمانی بێت، لەژێر سایەی دەوڵەتێكی فیدراڵی لامەركەزی، گەلی كوردیش لە رێگەی دەستوورەوە دانی پێدا بنرێت، بەپێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكان لەسەر خاك و ئاوی خۆی خاوەن مافە نەتەوەیی و دیموكراسییەكان بێت.

چۆن دەرواننە پەیوەندی حزبەكەتان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا، لە ناوچە كوردییەكان و سەرتاپای سوریا (ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریاو ئیئتیلافەكەی) و كەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا؟

پەیوەندییەكانمان باشە تا ئاستێك، بەڵام پێویستی بە پەرەپێدانە بە شێوەیەكی بەردەوام تا ئەو كاتەی ئۆپۆزسیۆن دان بە بوونی گەلی كوردو مافە نەتەوەییەكانیدا دەنێت.

 

هەروەها سەبارەت بە كەسایەتی سەربەخۆی نێو ئۆپۆزسیۆنی سوریاش هەروایە، بۆیە پێویستە پەیوەندییەكانمان بەردەوام بێت تاكو دەگەینە تێگەیشتنێكی هاوبەش، بۆیە پێویستە پەیوەندییەكانمان ئەرێیانە بێت، چونكە چارەنووسمان هاوبەش و پرسەكەشمان پێویستی بە هەوڵ و هیمەتی زۆرە تاكو دەگەینە دوا ئامانج و مەبەست.

پێم خۆشە دوا وتەت لەبارەی پێگە ئەلیكترۆنیەكەمان بێت؟

زۆر سوپاستان دەكەم بۆ ئەو دەرفەتە، كە لێرەوە دەتوانین دەنگمان بگەیەنینە خوێندەوارانی كوردو رای گشتی عەرەبی لە رێگەی پێگەكەی ئێوەوە، هیوای سەركەوتن و شادی و كامەرانیتان بۆ دەخوازم، لە گەیاندنی پەیامی میدیایتان لە خزمەتكردنی گەلی كوردو لە هێنانەدی ئامانج و ئاواتە نەتەوەیی و مرۆڤایەتییەكانی.

 

سازدانی چاوپێكەوتن/عیماد مەحمود

 

هەواڵی پەیوەندیدار