توركیا بە هەبوونی كورد گەورە دەبێت

فادیمە ئوزكان
هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی قۆناخە نوێیەكەی نێوان بەرپرسانی توركیا و سەرۆكی پەكەكە عەبدوڵڵا ئوجەلان بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا، رای گشتی توركیا بوو بە دوو بەش، بەشێك دەڵێن زۆر دواكەوتووینە پێویستە بە خێرایی ئەم پرسە چارەسەر بكرێت و بەشێكی دیكەیش دەڵێن پێویست ناكات پەلە بكەین هێشتا كاتی زۆرمان ماوە.
هەر چەند قۆناخە نوێەكەی ئیمراڵی و دانووستاندنەكانی نێوان بەر پرسانی توركیا و عەبدوڵڵا ئوجەلان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرن و لەم بارەیەوە رای گشتیش ئامادە بكرێت، بەڵام بۆ ئەوەی كە ئەم دانووستاندنانە زۆر بگەنە ئەنجامی مەبەست و لەم بارەیەوە رای گشتیش ئامادە بكرێت، بۆ ئەوەی كە ئەم پرسە بە یەكجارەكی لە توركیا چارەسەر بكرێت و هیچ جۆرە ئاستەنگییەك نەكەوێتە بەردەم ئەم قۆناخە بێگۆمان پێویستی توركیا و هەر دوو لا بە كات هەیە. شانس و ئاوانتاژی گەورەی توركیا ئەوەیە كە ئێستا حكوومەت و دەوڵەتی توركیا بە هەر هەمووی پێكهاتە سیاسییەكانی خۆیەوە سەرەڕای هەبوونی فكر و رامانی جیاجیا، لە لایەن كەسێكەوە بەڕیوە دەبرێت كە پارتەكەی توانیویەتی لە سەدا 50ی دەنگەكانی رای گشتی توركیا بۆ خۆی بە دەستەوە بهێنێت و ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان ئەگەر بییەوێ پرسی كورد بە یەكجارەكی چارەسەر بكات، ئەوا بە بێ هیچ دوودڵییەك مرۆڤ دەتوانێت بڵێت كە لە سەدا 50ی كۆمەڵگەی گشتی توركیا پشتگیری لە هەنگاوەكانی ئەردۆغان دەكات.
هەنگاوەكانی ئەم دوایەی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ ناساندن و چارەسەر كردنی پرسی كورد بوون بە هۆكاری ئەوەی كە ئەردۆغانیش لە دوای رەحەمتی ئوزاڵ ببێتە دووەمین كەس كە بە شێوەیەكی بوێرانە هەوڵ بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد دەكات و ئەمەیش لە مێژووی سەدەی بیستەم و بیست و یەكەمی توركیادا رووداوێكی یەكجار گرنگ و خاوەن كاریگەرییە.
پێویستە هەر كەس دان بەم راستییەدا بنێت كە سەرەتا كورد و هاووڵاتییە كوردەكان و حەرەكەتی سیاسی كوردی دەستی بە وەلاوە نانی هەڵسەنگاندن، تێگەیشتن و شرۆڤە كردنی هەڵە كرد و دواتریش دەوڵەتی توركیا كە هەم كاتی لە دەست دەدا و هەم دەبوو بە هۆكاری رێژاندنی خوێنی جوانانی ئەم وڵاتە لە رێگای دەسەڵاتی ئاكەپە و سەرۆك وەزیرەوە دەستی بە گۆڕینی پارادگمای خۆی سەبارەت بە هەبوونی كورد و چارەسەر كردنی پرسی كورد گۆڕی. ئەم گۆڕانكارییانە لە توركیادا ئەوەندە كاریگەر بوون كە لێژنەی ئەمنی قەومی كە پێشتر وەكو هێڵی سوور سەیری كورد و مەسەلەی كوردی دەكرد، ئەمرۆكە گەیشتووە ئەو باوەرە كە نە كورد و نە چارەسەر كردنی پرسی كورد بە هیچ شێوەیەك نابن بە هۆكاری لاواز و پارچە بوونی توركیا بەڵكو بە پێچەوانەوە دەبن بە هۆكاری بەهێز و گەورە بوونی توركیا.
بێگۆمان بۆ ئەو كەسانە كە هێشتاكە پێیان وایە مەسەلەی كورد و چارەسەر كردنی ئەم مەسەلەیە لە توركیا دەبێتە هۆكاری پارچە كردن و لاواز كردنی توركیا، ئەم لێدوانەی لێژنەی ئەمنی قەومی تۆزێك بە زەحەمت هەزم دەكرێت، چوونكە ئەم جۆرە كەسانە لەو بیروڕایەدان كە بارودۆخی ئێستا توركیا بارودۆخی متمانە داین بە متمانەی جەوهەرییە. تا ئەم كەسانە لەم جۆرە بیروڕایانەی خۆیان پاشەگەز ببنەوە تۆزێك كات بۆ توركیا پێویستە.
زۆربەی ئەم كەس و لایەنانە یا ئەندامی پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) یا ئەندامی پارتی نەتەوەپەرەستی تورك مەهەپەن. پێویستە لەم قۆناخەی ئێستادا ئەم دوو پارتییە لە نێو جەماوەری خۆیان بێجگە لەوەی كە هەوڵ بۆ شرۆڤە كردنێكی راست لە سەر پرسی كورد بدەن هاوكات هەوڵ بۆ ئەوە بدەن كە جەماوەرەكەی خۆیانیش لە گرنگی ئەم مەسەلەیە تێبگەینن و ئەوەیان بۆ بسەلمێنن كە پرسی كورد و هەبوونی كورد بە هیچ شێوەیەك نابێتە هۆكاری لاواز و پارچە بوونی توركیا بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆكاری بەهێز و گەورە بوونی توركیا و توركیا لەم بارودۆخەی ئێستا و رابردووی خۆی رزگار دەكات.
سەرچاوە: ستار




