خانەوادەی شەهیدی فەرماندە (هەمزە خانەگی) :داوامان ئەوەیە كە دایكانی ئەمڕۆش هەمان هەڵویستی دوێنیان هەبێت و منداڵەكانیان فێر بكەن كە چۆن ئەم ئازادیە بە خەبات و خوێن بە دەست هاتووە

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
زۆرن ئەو رۆڵە ئازاو قارەمانانەی كە هەر لە بەراهی تەمەنیانەوە ئاوێتەی كۆڕی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەیان بوونەو فیداكارانە لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا بەرگرییان لە گەل و خاكی نیشتیمانەكەیان كردووەو هەر لەم رێگا پیرۆزەشدا گیانی پاكیان بەخشیوەو گەیشتونەتە كاروانی نەمران، یەكێك لەو مێرخاسە نەمرانە شەهیدی فەرماندە (هەمزە ڕەسول سورچی) یە كە ناسراوە بە (هەمزە خانەگەی). ناوبراو لە ساڵی 1934لە گوندی خانەگی سەر بە قەزای ئاكرێ لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەرو خەباتكار لە دایكبووە، هەر لە تەمەنی لاویەتی هەستی كوردایەتی ئاوێتەی ناخی دەبێت. ئەو كات كە بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی لە سۆڤیەت بوونە شەهیدی فەرماندە لەلایەن حكومەتی ئەوكاتەوە بە زۆر نێردراوەتە بۆ ناوریزەكانی جەیشی عێراق، بەڵام بیری كوردایەتی هەر لە هزری دا بوو، یەكێك بووە لەو كەسانە كە بە نهێنی لە ناو رێكخراوەكانی پارتی كاری حزبایەتی و پارتی دەكرد و پەیوەندێكی زۆر نزیكی هەبووە بە رابەری كورد بارزانیی نەمر. شەهیدی فەرماندە (هەمزە خانەگەی) یەكێك لەو پێشمەرگە قارەمانانە بووە كە بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی مەزنی كردو فەرماندەی چەندین داستانی بە ناوبانگی كردووە لە چیایەكانی پیرس و ئاكری و لە شەڕە ناوبانگەكانی دەڤەری بادینان رۆلێكی بەرچاوی بینووە و یەكێك لەو فەرماندانە بووە كە لە گەڵ هێزی حەمرین لەگەڵ شەهیدی فەرماندە عەبدولرەحیم جەسیم پێندرۆیی خزمەتی كردووە.
ئەم فەرماندە نەمرە كەسێك بووە كە زۆر جار نوێنەرایەتی بارزانیی نەمری دەكرد لە دەڤەری بادینان و كەسێكی رۆشنبیر و كۆمەڵایەتی بوە. دوای نسكۆی شۆڕش خۆی و 7 برای پێشمەرگەی ئاوارەی ئێران دەبن و لە هەمان ساڵ رژێمی شای ئێران لە گەڵ 30 كەس لە هەڤاڵانی رادەستی رژێمی بەعسی ئێراقیان دەكات و ماوەی 8 ساڵ لە دیوانییەی عێراق دەستەبەسەر دەبن. پاشان بە هەر شێوەیەك بێت دەگەرێتەوە بۆ ئێران و بەشداری ریزەكانی شۆڕشی گوڵان دەكات وەك فەرماندەیەكی قارەمان خەبات دەكات كەسێكی نزیكی شەهیدی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و سەرۆك بارزانی بووە، سەرئەنجام بە خۆی و 3 برای تیكۆشەری شەهید دەبن، برای قارەمانی ئەحمەد رەسول لە شۆڕشی مەزنی ئەیلولەوە پێشمەرگە بوەو لە ساڵی 1974 لە شەڕی سەری سادا لە دەڤەری بادینان شەهید دەبێت كە لەو شەڕەدا شەهید هەمزە و برای شەهید عەشقی بەسەختی بریندار دەبن، برایەكی تری كەمال رەسول ئەویش لە شەڕی شنۆ لە شۆڕشی گوڵان لە ساڵی 1983دوای بەرگری شەهید دەبێت و شەهید فەرماندە هەمزە خانەگی لەگەلی بالندا لە 22/7/1984 دوای نەبەردیەكی سەرسەختانە شەهید دەبێت و رۆژی دوایی 23/7/1984 برای قارەمانی عەشقی رەسول ئەویش دوای ناشتنی تەرمی برای لە رێگادا گیانی خۆی لە دەست دەدا و ئامۆزای دڵسۆزیان عەلی محەمەد عەلی بەشدار بووی شۆڕشی مەزن لە شۆڕشی گوڵان شەهید دەبێت و خوارزای شۆرشگێریان ئەسكەندەر محەمەد كەسێك كە بەشدار بووی شۆڕشی گوڵانە و لە دوای راپەڕین شەهید دەبێت. ئێمە بە پێویستمان زانی خانەوادەی شەهید (هەمزە خانەگی) بەسەربكەینەوە و بۆ ئەم مەبەستە چاومان كەوت بە دایكە (عەیشە فەقۆ مام شەوان) خێزانی شەهید (كەمال ڕەسول) و هەروها دایكە (عایشە ئەحمەد موسا )خێزانی شەهید (عەشقی ڕەسول) كە ئێستا لە پیرمام ژیان دەبەنە سەر..
· لە سەرەتا لەگەڵ دایكە (عەیشە) خێزانی شەهید كەمال كەوتینە گفتوگۆو بەم شێوەیە بۆمان دووا:
زۆر سوپاس بۆ ئێوەی بەرێز كە خانەوادەی شەهیدان بەسەردەكەنەوە، هەروەك دیارە خانەوادەی شەهیدی فەرماندە(هەمزە خانەگی) كە هەموو بنەماڵەكەیان بۆ رێبازی پارتی و بارزانی خەباتیان كردووە، هەموو كاتێك ئامادەی خۆیان بۆ كوردایەتی نیشان داوە كە 8 برا بونەو خۆیان بە خزمەتكاری كوردستان زانیوە. بە حەقیقەت شەهیدی فەرماندە (هەمزە خانەگی) كەسێكی ناودار بووە لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و لە مەنتفەی ئاكری و دەڤەری بادینان شوین پەنجەی دیارە، كەسێك بووە كە هەموو كاتێك وەك پێشمەرگەیەك هیواخوازی كوردستانی ئازاد بووە و ئەو دژی ئەوكەسانە بووە كە خیانەتیان لە كورد دەكرد. فەرماندەی رۆژانی سەختی خەبات بووە و دەتوانن بە خۆتان بچن پڕسیار لە خەڵكی دەڤەری بادینان بكەن كە شەهید هەمزە خانەگەی و بنەماڵەی كێ بوونە؟ و چیان كردووە و بە چ جۆشێك ئامادەی بەرگری بونە لە كوردستان. كەسێك بووە كە زۆر لە باوكی كورد بارزانیی نەمر نزیك بووە. كەسێك بووە قەد حەزی لە پلەو پایە نەبووە و ئەو بەرپرسەی خۆش دەویست كە كارەكەی بە راستی و دروستی لە پێناو كوردایەتی ئەنجام دابووایە. مرۆڤێك بوو كە تێكەل بە شۆڕش بوو و لە چەندەها داستانی قارەمانیەتی رۆڵی دیاری نواندووە و كەسێك بووە كە هەموو كاتێك چەك و فیشەك و رەختی پێ بووە و هیچ كاتیك لە شانی نەدەكردووە بۆ بەرگری كوردستان.
· دەتوانی هەندیك لە سیفەتەكانی شەهیدی فەرماندە(هەمزە خانەگەی) لەگەڵ پێشمەرگەكان و جەماوەری دەڤەری بادینان بۆمان باس بكەی؟ دایكە (عەیشە) گوتی:
ئەو شۆڕشگێڕە ئەوەند ئازارو گیانفیدا بووە چەند جار پلەی بەرپرسیارەتی جیاجیای وەرگرتووە لە بوارەكانی عەسكەری، شەهیدی فەرماندە هەمزە خانەگەی پێشمەرگەیەك بوو لە بەرەكانی شەڕ دەورێكی زۆر باشی بینبوو و زیرەكی و ئازایەتی وای لێكرد كە بووە جێی متمانەی بارزانیی نەمر. ژیان و كەسایەتی ئەم فەرماندەیە پڕ بووە لە هەست و گیانی كوردایەتی و پێشمەرگەیەك بووە كە هەموو جار خۆی وەك پێشمەرگە دەناساند و زۆر سادە بووە و خواردن و جل و بەرگ و هەڵسوكەوتی وەك پێشمەرگە بووە و هەتا برایەكانیشی وەك خۆی فێرە كوردایەتی كردەبووە. هەموو كاتێك لە بەرەكانی شەڕ بووە و باشترین پلان و تاكتێكی دادەنا و زەربەی گەورەی لە دوژمن دەدا. كەسێك بووە تێكەلی خەڵك بووە و لە هەموو روویەكەوە شارەزا بوو تەنها بۆ ئەوەی بە خەڵك و گەنج و لاو مامۆستا و چین و توێژەكان بگەینیت كە ئەوە رێبازی بارزانیی نەمر بۆ ئازادی و سەرفرازی كوردستانە، مرۆڤێك بووە خەمخۆری پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان بووە هەمیشە هەڵویستی كوردانە بووە و چەندین جاریش بریندار بووە و بۆ كوردایەتی ئەوەندە دەڵێم لاپەڕەكانی خەباتی بنەماڵەی شەهید هەمزە خانەگەی پڕە لە سەروەری و گیانفیدایی بۆ كوردستان.
· پاشان دایكە (عەیشە) خێزانی شەهید كەماڵ ڕەسول باسی هاوسەرە شەهیدەكەی كردو وتی:
هاوسەری منیش وەك برا گەورەكەی بوو كە هەمان هەڵویستی هەبوو و مرۆڤێك بووە كە ئەویش خۆی بە پێشمەرگە دەزانی بۆیە من لەبەر خۆشەویستی ئەو كە عاشقی كوردایەتی بوو بوومە هاوسەری كەسێك بووە كە هەمیشە دەیوست كورد سەركەوێـت و شەهید كەمال لەگەڵ هەموو برایەكان و خزمەكانی لە گەڵ شەهید هەمزە خانەگەی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان چەكی شەڕەفیان لە شان كردوو خۆیان فیدای رێبازی بارزانیی نەمر كرد.
· دواتر چاومان ببە دایكە (عایشە ئەحمەد موسا) خێزانی شەهید (عەشقی ڕەسول) كەوت ئەویش گوتی:
بەڵی ئەو بنەماڵەیە هەمیشە لە خەباتی كوردایەتی دا ژیاون و هەمیشە بیرەورییەكانی هاوسەری شەهیدم و شەهیدی فەرماندە هەمزە خانەگەی لە یادە هاوسەرم (عەشقی) ئەویش یەكێك لەو پێشمەرگانەیە كە خۆی بۆ كوردستان تەرخان كردەبوو ژیانمان لە شاخ قبوڵ كردەبوو ئەو كات زۆر سەخت بووە ژیان لە ناو شاخ دەبی چۆن بۆتان باس بكەم هاوسەری قارەمانم 3 جار بەسەختی بریندار بووە لە سەری ئاكری و جاری تر لەگەڵ برای ئەحمەد كە ئەو دەمەی شەهید دەبێت هاوسەرەم بریندار دەبێت و جاریكی تر لە سەر مین دەكەویت و زۆر بە سەختی بریندار دەبێت و گیانی پڕ بوو لە ساچمە، بەڵام راوەستانی نەبوو بەردەوام ئامادەی قوربانیدان بووە و ئەو هەموو كاتێك بۆمن باسی ئەوەی دەكرد كە هەمیشە دەبی وەفاداری رێبازی بارزانی بین. هاوسەری قارەمانم شەهید عەشقی بە خۆی و برایەكانی كە دەچوونە شاخ بۆ ئەركی پێشمەرگەیەتی ئێمە بە مانگ و چەندان مانگ نەماندەدیتن و كاتێك دەگەڕانەوە ئەوا پێشمەرگەكان لەگەڵیان دەهاتنەوە ئێمە خزمەتمان دەكردن و تەنانەت لە شۆڕشی ئەیلوول ئێمە هاوشانی پیاوەكانمان خزمەتمان بە شۆرش دەكرد لە رووی خواردن و پێداویستەكان و زۆربەی خێزانە پێشمەرگەكان ئەركیان زۆر قورستر بووە لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول چونكە هاوشانی پیاوەكانمان خەباتمان دەكرد بە شانازییەوە.
· پاشان لە خێزانی شەهید كەمال (دایكە عەیشە) مان پرسی دەتوانی باسی رۆڵی ئافرەتمان بۆ بكەی؟ كە چاوەكانی پڕببوون لە فرمێسك گوتی:
ئەو كات ژیان زۆر سەخت بوو بەڵام ئێستا شانازی پێوەدەكەین، ئەو ئەركە بێگومان كەمتر نەبووە لە ئەركی پیاوەكان، كە لە شاخ بووین ژیان زۆر بە زەحمەت بوو دەبووایە لە نەبوونی هاوسەركەم منداڵەكانمان پەروەردە كردەبووا وهەتا دەبووایە لە نەبوونی هاوسەرەكانم ءكارەكانی پیاوەكانمان ئەنجام بدا یەو بژیوی ژیان لە ئەستۆی ئێمە بووایە و دەبووایە تەحمولی ئەو مەسۆلیەتیمان كردەبووا و هەتا لە جیاتی پیاوەكانمان پاسەوانی منداڵەكانمان بوین و خێزانی پێشمەرگەكان هەموویان وەك یەك بوو بەڵام دەمانزانی كە ئەوان بۆ رێگای بارزانی دەچوون كە كوردایەتی بووە ئیمەش هاوكاری هاوسەرەكانمان دەكرد لە هەموو روویەكەوە و بووینە پاڵپشتێكی زۆر بە هێز بۆ پێشمەرگەكان بۆیە ئافرەتانی كوردستان بەشێك لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوون. رابەری كورد بارزانیی نەمر پاڵپشتی ئافرەتانی كوردستانی دەكرد و دەیزانی كە هیچ شۆڕشێك بە پێ پاڵپشتی ئافرەتان سەرناكەویت و بەمشێوە ئافرەتەكان زۆر لە پشت شۆڕش كۆ بوونەوەو خەباتیان كرد.
· لە خێزانی شەهید عەشقی ڕەسول مان پرسی دەتوانی باسی ژیانی ئاوارەیی خۆتانمان بۆ باس بكەی؟ دایكە (عایشە) گوتی:
لە ئاوارەیی دا ئێمە لە ژیانی پڕ ناخۆشی دا بووین لە وەزعێكی زۆر ناخۆشدا دەژیاین هەر كە دوای نسكۆی شۆڕش ئاوارەی ئێران بووین ئێمەیان دابەش كرد و ئەوكات رژێمی شای ئێران هەموو خانەوادەكانی دابەش كرد هەریەك بۆ شوێنەك رەوانەی كرد و هاوسەرم و برایەكانی ئێمەیان بە جێهشت و چوونە ریزەكانی پێشەوەی خەبات و هاوسەرم عەشقی لە ئێران بەرپرسی رێكخراو بوو و بە نهێنی لە ناو رێكخستنەكانی پارتی خزمەتی دەكرد وتەنها كاری خزمەت كردن بوو و بە چەندەها مانگ نەدەهاتەوە ونەك هاوسەری من بەڵكو هەموو خانەوادەمان بەو شێوەیە بوو ولە شۆڕشی گوڵان هاوسەرم و شەهید كەمالی برای و لە گەڵ شەهیدی فەرماندە چوونە سەنگەر و خۆیان فیداكرد و لە نەبوونی ئەوان دیسان هەڵویستمان هەمان ئەو رێگای پارتی و بارزانی بوو و خێزانی شەهیدی فەرماندە هەمزە ئەویش كە ئافرەتێكی شۆڕشگێر بوو و دوای شەهید بوونی هاوسەری 24 ساڵە تووشی نەخۆشی بووەو 2 كچی هەبوو كە ئەوان زۆر زەحمەتیان كێشاوە ئەگەر بۆتان باس بكەم بە سەدان لاپەرە تەواو نابێت ئێمە لە شارەكانی ئێران لە یەكتر دوور بووین من لە خورم ئابادی ئێران بووم ئەوانی تر هەریەك لە شارێك بەڵام ئاگامان لێك هەبوو و پێكهەوە بووین بە مان و نەمان كە هەموو جار ئێمە دادەنیشتن وەدەمانگوت كە منداڵەكانمان گەورە بكەین پێان بڵێن باوك و مامیان لە سەر چێ شەهید بوونە. لە دوای هاوسەرەكانم بە هەبوون ونەبوون بردمانە سەرو رۆژانە هەتا شەو ئیشمان دەكردو دەچووینە ناو باخەكان و هەرجۆرە ئیشكمان دەكردو شەوان دەهاتینەوە تا دەرنگ دەبووایە پاسەوانی منداڵەكانمان بكردبایە بۆیە ئەو رۆژانە زۆر ناخۆش بوو ئازارو دەردەبەری و غەریبیمان كێشاوە. ئەمرۆش منداڵەكانی ئێمە هەمان هەڵویستی باوك و مامیان هەیە بۆ رێبازی كوردایەتی.سوپاس بۆ خوا كە ئێستا هەموو منداڵەكانمان لە سەر رێبازی باوك و مامیان خزمەت بە پارتی و بارزانی دەكەین هەریەك بە شێوازێك.
· لە كۆتاییدا هەردووكیان بەم شێوەیە كۆتاییان بە چاوپێكەوتنەكە هێنا:
هیوادارین رۆژانی سەختی و ناخۆشی و ئاوارەی و غەریبی و رۆڵی پێشمەرگەكان لە یاد نەكەین و خەباتی دوێنی بۆ كوردستانی ئەمرۆ بووە كە دەبی وەك چاومان بیپارێزین ئەمڕۆ ئێمە خۆشحاڵین كە كوردستانی ئازادمان بە چاوی خۆمان بینی هەرچەندە هاوسەرەكەمان ئەو رۆژەیان نەدیت و ئاواتەخواز بوون كە رۆژێك كوردستان ئازاد بێت و ئاڵای كوردستان هەڵدرێتەوە وا ئەو ڕۆژە هات و ئاواتەكانی كە بارزانیی نەمرو شەهیدەكان و پێشمەرگە قارەمانەكان هەموو خەباتیان بۆ كرد هاتە دی و ئەمڕۆ ئێمە لە سایەی ئەوان خاوەن ئاڵای كوردستان و پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكی هەردەم خۆشەویست سەرۆك مسعود بارزانینە و خوا تەمەنی ئەو سەرۆكەمان بۆ هەموو كوردستان درێژ بكات كە بەراستی ئەو سەرۆكی كوردستانەو درێژەپێدەری رێبازی بارزانیی نەمری باوكیەتی و هەردەم بۆ پتەوكردنی برایەتی و خەباتی كوردایەتی خزمەت دەكات. ئێمەی هاوسەران و دایكانی شەهید داوامان ئەوەیە كە دایكانی ئەمڕۆش هەمان هەڵویستی دوێنیان هەبێت و منداڵەكانیان فێر بكەن كە چۆن ئەم ئازادیە بە خەبات و خوێن بە دەست هاتووەو دەبێ هەموومان یەك بین بۆ پاراستنی كوردستان و ئەوەی لەم رێبازە پیرۆزەدا خەبات بكات هەمیشە لە ژیانی خۆی دا سەربڵندو سەرفرازەو پابەندی خاك و نەتەوەی خۆی دەبێت كە ئەمەش ئەرك و بەپرسیاریەتیەكی شەرەفمەندانەیەو هیوادارین هەموان لێی بەهرەمەندبین. سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێزو رۆژنامەی خەبات كە هەموو كاتێك ئێمە بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەكانی كوردستان بەسەردەكەنەوە.
تیبنی: ئەم بابەتە لە ژمارەی(4240) رۆژنامەی خەبات لە (20/1/2013) بڵاو بوویتەوە.




