٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بودجە لە تەرازووی بەراوردكاریدا

سەرچاوە: KDP.info

عومەر نوورەددینی

 

دەسپێك دەمەوێ‌ جەخت لەو راستییە بكەمەوە كە گفتوگۆ لەسەر بودجە و شەنوكەوكردن و دەوڵەمەندكردن و پاشان پەسەندكردنی، یەكێكە لە ئەركە سەرەكییەكانی پەرلەمان، زۆریش بە پێویستی دەزانم گفتوگۆ لەسەر بودجە لە چوارچێوەی یاسایی و میهەنی و بابەتی پسپۆڕییەكەیدا بێت و ئامانج لێی وەگەڕخستنی توانا داراییەكانی وڵات بێت بۆ گەشەپێدانی ڕەوتی بووژانەوەی ئابووری و زیاتركردنی پڕۆژەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و چاكتركردنی بژێویی ژیانی هاووڵاتی و بەرزكردنەوەی ئاستی داهاتی تاك و نەتەوە و كەمكردنەوەی هەژاری و بێكاری.

بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا بودجەیش وەك زۆر پرس و بابەتی تر خراوەتە ناو بەرداشی ململانێی سیاسی و قسە و گفتوگۆ لەسەر بودجە ئەو چوارچێوە و لۆژیكەی تێك شكاندووە كە باسمان كرد و خراوەتە ناو چوارچێوەی گوتارێكی میدیای و سیاسی كە زیاتر هیی ئۆپۆزسیۆنە و گوتارێكە كە خەسڵەتەكانی بریتین لە تێكشكاندنی بەزۆر، هەڵگەڕانەوەی ڕاستییەكان، چەواشەكردنی ڕای گشتی و گەوجاندن و گەمەی سۆزاویانە بە ژمارەكان و سەرەنجام بڕیاردانی پێشوەختە دەربارەی دەنگنەدان بە بودجەو ڕەتكردنەوەی.

لە جەوهەردا بودجەی هەرێمی كوردستان كە (سولفەیەكە و ماوە ماوە بەغدا پێمان دەدا) خاڵی باشی زۆرن و دەرەنجامی پۆزەتیڤی لێ كەوتوونەتەوە و بە شێوەیەكی ئەوتۆیش ئامادە كراوە و وەگەڕ خراوە كە شایانی پێزانین و دەستخۆشانەكردن بێ‌ لە حكوومەتی هەرێم و لەم بارەوە ڕاستییەكان زۆرن، بەڵام وەك بودجەی هەر وڵاتێكی دیكەی دنیایش شایانی ئەوەیە كەموكوڕیی هەبن و كەلێن و كەلەبەری تێدا بن و دەكرێ‌ دەستنیشان بكرێن و رێگەچارەی واقعی و لۆجیكیانەیان بۆ بدۆزرێتەوە.

ئەگەر لە گۆشەیەكی بەراوردكاریانەوە لە بودجەی هەرێم رابمێنین، زۆر ڕاستیی ئەوتۆمان بۆ ڕوون دەبنەوە كە لە هەرێمی كوردستان بودجە بووەتە مایەی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و بووژانەوە.

لە وڵاتی عەرەبستانی سعوودیە كە ژمارەی خێزانەكانی بریتییە لە (چوار ملیۆن و هەشتسەد هەزار- 4800000) نزیكەی (سێ‌ ملیۆن – 3،000،000) خێزانیان خانوو و شوققە و شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت بە خۆیان نییە كە دەكاتە ڕێژەی زیاتر لە (62%) لە كۆی خێزانەكانی ئەو وڵاتە، ئەم زانیاریانە لەسەر زاری وەزیری ئابووری و پلاندانانی دەوڵەتی عەرەبستانی سعوودیە (محەممەد ئەلجاسر) بڵاو بوونەتەوە، ئەمە لە كاتێكدا كە سعوودیە یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەكێكە لەو وڵاتانەی كە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوت و وزەیە لە جیهاندا و لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیشە كە زۆرترین نەوت ڕەوانەی بازاڕەكانی دنیا دەكات، كەچی ڕێژەی زیاتر لە (62%)ـی خێزانەكانی خاوەنی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان نین.

لە لای خۆمان و لە هەرێمی كوردستاندا لە بواری نیشتەجێبووندا لە ساڵی 2004ـەوە تا ئێستا هەرێم توانیویەتی هاوكاریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی خێزانەكان و هاووڵاتیانی هەرێم بكات بۆ دروستكردنی خانووی نیشتەجێبوون و بەسەر یەكەوە (327،853) خێزان بە هۆی ئەم هاوكارییەوە بوونەتە خاوەنی خانوو و شوققەی نیشتەجێبوون و بەمەیش ڕێژەی خێزانە كرێچییەكانی هەرێمی كوردستان كەم بووەتەوە هەرچەندە كە ڕێژەی هاوسەرگیری ساڵ بە ساڵ زیادی كردووە، داتا رەسمییەكان ئەوە دەخەنە روو كە ژمارەی خێزانەكان لە هەرێمی كوردستان (904380) خێزانە، رێژەی كرێچیی خێزانەكانی هەرێم بریتییە لە 13% واتا لە هەر 100 خێزانێك تەنیا 13ـیان كرێچین.

دەربارەی بێكارییش ئاماژە بە راپۆرتی ئۆفیسی ئاماری ئەورووپی دەدەین كە ئەوە دەردەخات رێژەی بێكاری لە نێو وڵاتانی ئەورووپا یان ئەوەی ناوزەد كراوە بە ناوچەی یۆرۆ گەییشتووەتە بەرزترین ئاست كە بریتییە (11.7%) و راپۆرتەكە نیگەرانیی قوڵی خۆی لەو بارەوە دەربڕیوە، كە زۆربەی هەرە زۆری ئەو بێكارانە گەنجن و تەمەنیان لە 20 ساڵ بۆ خوارەوەیە لە (24%) ئەو گەنجانەی تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوەیە بێكارن، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا (مانویل باروزو) داوای لە هەموو وڵاتانی ئەورووپا كردووە لە نێوان ساڵانی (2014 – 2020) بودجەی تایبەت دابنێن بۆ بەگژداهاتنەوەی دیاردەی بێكاری، هەروەها لە كۆنگرەی ئابووریی پەرلەمانی ئەورووپی ناوبراو جەختی لەوە كردەوە كە رەوشی كۆمەڵایەتی لە وڵاتانی ئەورووپا مەترسیدارە بێكاری بە تایبەتیش لە ناو لاواندا مایەی نیگەرانییەكی قوڵە لە كۆی (27) دەوڵەتی ئەورووپی لە ناو (12)ـیاندا رێژەی بێكاریی گەنجان لە (25%) و هەندێك لەو دەوڵەتانە رووبەڕووی رەوشێكی كۆمەڵایەتیی مەترسیدار بوونەتەوە، لەناو وڵاتانی ئەورووپایشدا ئیسپانیا بەرزترین رێژەی بێكاری هەیە كە (26%)ـە و نەمسایش كەمترین رێژەی هەیە كە (4%)ـە، بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە رۆژنامەی ( شەرقولئەوسەت، ژمارە 12485 لە 2/2/2013).

لە بەرانبەر ئەمەدا لە هەرێمی كوردستان ئامارەكان ئەوە نیشان دەدەن كە رێژەی بێكاری بە گشتی (6%) لەو (6%)ـە (4.6%) لە رەگەزی نێرن و (12.6%) لە رەگەزی مێن و واتە رێژەی بێكاری لەناو رەگەزی مێدا زیاترە، ئەمە وێڕای ئەوەی كە تاك و كەسان لای خۆمان رەنگە زۆر جار هەلی كاریان بۆ هەڵبكەوێت، بەڵام حەز و ئارەزوویان لە هەموو كارێك نییە و بوونی كرێكاری بیانییش كە لە بواری پاككردنەوە و بیناسازی كار دەكەن، بەڵگەیەكە بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە. كەمبوونەوەی دیاردەی بێكاری لە هەرێمی كوردستانیش ئاماژەیەكی روون و رەوانە بۆ بوونی چالاكیی ئابووری و جوڵەی بازاڕ.

لە لایەكی ترەوە دەبینین كە رێژەی (21%)ـی بودجەی كوردستان ساڵی 2013 بۆ بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخان كراوە، كە ئەمەیش رێژەیەكی باشە و هێشتا ئێمە داوامان كردووە كە لە ئاییندەدا لە داهاتی هەرێمی كوردستان بایەخی زیاتر بەم بوارە بدرێت، بە تایبەتی دروستكردنی قوتابخانەی تازە كە كەمیی بینا و خراپییان كێشەیەكی سەرەكیی بەردەم گەشەی پەروەردەی وڵاتمانە، هێشتایش بودجەی هەرێم پەسەند نەكراوە، حكوومەتی هەرێم پەسەندی پڕۆژەیەكی ستراتیژی بۆ دروستكردنی قوتابخانە كردووە كە لە ئاییندەدا هەڵمەتی دروستكردنی (500) قوتابخانە لە خۆ دەگرێت، كە ئەمەیش نیشانەیەكی تر دەبێت لە نیشانەكانی بایەخدانی زیاتر بە بواری پەروەردە، لە ناو ئەو بایەخپێدانە (4300) كەس ناویان دەرچووە تا لە دەرەوەی وڵات خوێندنی باڵا تەواو بكەن چی ماستەر بێت یان دكتۆرا و لەوانە بەشێكیان تەواویان كردووە و بەشێكیان لەناو پڕۆسەی خوێندندان و بەشێكی تریان لە حاڵەتی ئامادەسازیدان و پڕۆسەی تەواوكردنی خوێندنی ئەو (4300) كەسە، پێویستی بە (860) ملیۆن دۆلار هەیە و حكوومەتی هەرێم دەبێت ئەو پارەیە ساڵانە تەرخان بكات و كردوویشییەتی، ئەمە هەنگاوێكی باش دەبێت رووە و گەشەی مرۆیی لە وڵاتدا، لە بەرانبەردا دەبینین كە لە عێراق (9%)، لە ڕوسیا (13%)، لە میسر (12%)، لە ئیمارات (17%)، لە مالیزیا (20%) بودجەی وڵات بۆ بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخان كراوە، بۆیە بە بەراوردی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە، لێرە كەم بۆ بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا تەرخان نەكراوە، بەڵام پێویستە ئەو گوژمە و رێژەیە باشتر وەگەڕ بخرێ و بەپێی پلانی باشتر چاكتر سوودی لێ وەربگرێ، ئەمە ئاڕاستەیەكی دروست و ئامانجپێكە.

لە پێوەندی بە دیاردەی هەژارییەوە، زیاتر لە یەك ملیار كەس لە جیهاندا ئەوەندە هەژارن كە داهاتی ساڵانەیان دەكەوێتە خوار هێڵی هەژاری كە بریتییە لە 600 دۆلار، لەو ملیار كەسە هەژارە (350) ملیۆنیان لە هندستان و (105) ملیۆنیان لە چین و (72) ملیۆنیان لە بەڕازیل و (48) ملیۆنیان لە ئەندەنوسیا و (30) ملیۆنیشیان لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە كە دەكاتە رێژەی (15%)ـی دانیشتووانی، كەواتە لە وڵاتێكی مەزنی وەكو وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە لە رووی دیموكراسی و ئابووری و باقی سەرچاوەكانی هێزەوە زلهێزی یەكەمی دنیایە، (15%)ـی دانیشتووانەكەی هەژارن.

دەزانین لە هەرێمی كوردستان هەژاری هەیە، بەڵام داتاكان ئەوە دەسەلمێنن كە ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان كەمترە لە 5%ـی ژمارەی دانیشتووان و ڕێژەی داهاتی ساڵانەی تاك بە گشتی لە هەرێمی كوردستان لە (2400) دۆلاری ئەمەریكی كەمتر نییە كە ئەمەیش ڕێژەیەكە چوار جار لە سەرووی هێڵی هەژارییەوەیە.

دەریشكەوتووە كە بەشێكی زۆر لەو هەژارانە پێوەندییان بەوەوە هەیە كە ناتوانن كار بكەن و بە هۆكاری جۆراوجۆری پێوەند بە واقعی پڕ لە جەنگ و توندوتیژی و خراپیی ژینگەوە، تووشی نەخۆشی و پەككەوتەیی بوون و توانای كاركردنیان نییە و بە مووچەی چاودێری و سوودە كۆمەڵایەتییەكان ژیان دەگوزەرێنن، بەڵام نەتوانراوە لە هەژاری دەرباز ببن و پێویستە هەنگاو بە هەنگاو بەپێی بەرنامە و پلان كار بكرێت بۆ دەربازكردنی ژیانی ئەو توێژە لە هەژاری و سەرخستنی ئاستی ژیانیان بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، لەگەڵ ئەوەیشدا كەمبوونەوەی دیاردەی هەژاری دیسان نیشانەیەكی پۆزەتیڤە بۆ بووژانەوەی ژیانی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوەیش پێوەندیدارە بە باش بەكارهێنان و دروست ئاڕاستەكردنی بودجە.


تێبینی/ ئامارەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان لە ڕاپۆرتی ڕووپێوی تۆڕی زانیاریی عێراقی (IKN) بۆ ساڵی 2011 وەرگیراوە كە لە ئازاری 2012ـدا بڵاو بووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار