٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سیاسەتی زمان گیانی نەتەوە دەچەسپێنێت هەرێمی كوردستان بە نموونە

سەرچاوە: KDP.info

بەشی كۆتایی

تارق جامباز

شەشەم/ نەمزانیوە لایەنە سیاسییەكان یان ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كۆنگرەیەكی تایبەتمەندیان لەبارەی سیاسەتی زمان ڕێك خستبێ، چونكە دەتوانرا لەم كۆنگرەیەدا لایەنی پێوەندیدار وەكو (ئەكادیمیای كوردی، وەزارەتی رۆشنبیری، وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و...هتد) ئەنجام درابووایە تاكو بزانرێ و بناسرێ سیاسەتی زمان چییە و لە وڵاتان و هەرێمەكانیان چۆنچۆنی جێبەجێ كراوە و چۆن توانیوانە ئاستەنگەكان چارەسەر بكەن، چونكە ئێمە لە سەدەی بیست و یەكەمداین و چ بكەین تاكو زمانەكەمان لەو (200- 500) زمانە بێ كە تا كۆتایی ئەم سەدەیە دەمێنێتەوە و پێویستە چیتر سیاسەتی زمانی دوا نەخەین و نازانین چاوەڕوانی چین گەر خۆمان كار نەكەین ئەوە بەتەمای گۆدۆ بین كە نایەت و نایەت.

حەوتەم/ گرنگترین داینەمۆی سیاسەتی زمان یاسای زمانە كە بەدەگمەن باسی لێوە دەكرێ و لە 470 وڵات و هەرێمدا بە ڕێكوپێكی جێبەجێ دەكرێ و لە (م4) دەستووری كۆماری عێراقدا هاتووە كە بە یاسا ڕێك دەخرێ لە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسایەك هەیە و دوو جار خوێندنەوەی بۆ كراوە، بەڵام لە پەرلەمانی كوردستان تەنیا وۆركشۆپێك بۆ پڕۆژەیەكی خۆبەخشانەی چوار كەس ئەنجام دراوە و ئەم پڕۆژە گرنگە، بەڵام چ كاتێ دەخرێتە لیستی پڕۆژە زۆر و زەوەندەكانی پەرلەمانی كوردستان و نابێ بە هیچ جۆرێ ئاستەنگ لە بەردەم ئەم پڕۆژەیە درەنگوەختە دابنرێ، بەڵكو ئێمە زۆر دواكەوتووین لە رەوتی ئەو وڵات و هەرێمانەی چەندین ساڵە لەم جۆرە یاسایانەیان هەیە و بە ڕێكوپێكیش لە هەموو بوار و ئاستێكدا جێبەجێ دەكرێت، چونكە خەڵكانی وا هەن چاویان بەرایی نادا كە زمانی كوردی یەكسانی زمانی عەرەبی بێ.


چارەسەركردن
بۆ ئەوەی یاسای زمان بە تەواوی جێبەجێ بكرێ و دروشمەكەی زمانی كوردی بە پلە دوو دادەنێت، نەمێنێ و ئەوانەی بیست ساڵە پەتای پەراوێز و فەرامۆشكردنی زمانی كوردی بڵاو دەكەنەوە تاكو پۆست و پلەوپایەیان لەق بێ و تاكو بە پراكتیزەكردنی سیاسەتی زمان پەیڕەو بكرێ، ئەوا پێویستە ئەم خاڵانە لە بەرچاو بگیرێ:-

1. لیژنەیەكی پڕۆفیشناڵ بۆ داڕشتنی یاسای زمانەوانی لە پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتی كوردستان پێك بهێنرێ (لە یاساناس و زمانناس و لە مامۆستایانی زانكۆ و دادوەران و پارێزەران كە ئەزموونیان لەم بارەوە هەبێ) كە بە یەكسانی لە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بزانن و بتوانن یاسا و بڕیارەكانی پێ دابڕێژن.

2. لەم پێناوەیشدا هەموو لایەنە سیاسییەكان پێویستە سەركردایەتییان كۆ ببنەوە و پێبەری سیاسەتی زمانیان هەبێ تاكو بەستنی كۆنگرەیان تاكو لەبانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان و كابینەكانی ئاییندەدا رەنگ بداتەوە و جەختی لەسەر بكرێ و لیژنەكانی پێوەندیداری پەرلەمانی چاودێری و بەدواداچوون بكەن و لە هەر فەرمانگەیەكی حكوومەت زمانپارێز لە دەرچووانی بەشی زمان هەبێ تاكو سیاسەتی زمان پەیڕەو بكات و لە كۆنگرەی نەتەوەییش سیاسەتی زمان لە خاڵە سەرەكییەكان بێت.

3. كۆنگرە و سیمینار و كۆڕ لەبارەی سیاسەتی زمان لەلایەن لایەنەكانی پێوەندیدار ببەسترێ تاكو هۆشیاریی رۆشنبیری لەم بارەوە بڵاو بكرێتەوە و میدیاكان پەخشیان بكەن و ئەزموونی وڵاتان و هەرێمەكانی فرە زمان باسی لێوە بكرێ كە سیاسەتی زمانیان تێدا پەیڕەو دەكرێ.

4. سەرچاوە (مرجعیەت) دەبێ یەك بێ نەك چەندین سەرچاوە بێ كە بەم جۆرە دەبێتە كۆسپ و تەگەرە لە بەردەم سیاسەتی زمان و تاكو زووە چارەسەڕێك بۆ یەك سەرچاوە بدۆزرێتەوە تاكو ئەو پەرش و بڵاوییەی هەیە نەمێنێ و ئەكادیمیای زمانی كوردی لە زمانناسان پێك بهێنرێ و هەموو كاتی بۆ زمان تەرخان بكات و ئەوانەی خزمەتی زمانیان زۆر كردووە، ببنە ئەندام وەكو ئەمین مەعلوف لوبنانی كە بووە ئەندام لە ئەكادیمیای زمانی فەڕەنسی، چونكە پێشتر خزمەتێكی مەزن و بەرزی زمانی فەڕەنسیی كردبوو.

5. رادەیەك دابنرێ بۆ شێواندنی زمانی كوردی كە لەسەر تابلۆكان بەدی دەكرێ و نەنووسینی لە زۆر شوێندا هەیە و لیژنەیەكی پراكتیزەكردن بە زووترین دەرفەت پێك بهێنرێ لە ئەكادیمیای كوردی و وەزارەتی رۆشنبیری و نووسەران و پارێزەران.. هتد دەستبەكار بن بە مەرجێ بەدواداچوون و پشكنینی شوێنەكان بكەن هەروەكو بەرنامەی (ئاگادار بە لیژنەكە هات) كە بۆ پاكوخاوێنیی شوێنی فرۆشتنی خۆراك و خواردنی بەسەرچوو پەخش دەكرێت. بەڵام بۆ ئاساییشی نەتەوەیی (ستراتیژی) خەمساری و بێباكی و كەمتەرخەمی لە ئاستێكی سەیروسەمەرەدایە كە لە دونیادا نموونە و هاوتای نییە.

6. چاوپێداخشاندنەوەی زمانەوانی بەو یاساو بڕیارانەی لە پەرلەمانی كوردستان (1992- 2012) دەرچوێنراون، چونكە بە كوردییەكی وا نووسراونەتەوە كە شایانی باسكردن بێ تەنیا بۆ ئەوە ئەنجام دراوە، بۆ ئەوە بووە تاكو گلەیی وگازاندەیان لێ نەكرێ، كە تەنیا مەبەست دەبێ بە زمانی كوردی لەگەڵ دابێ دەنا لە لایەن پسپۆڕ و شارەزا و لێزانانانی یاسایی و زمانەوانی دانەڕێژراون و نابێ چیتر چاوپۆشی لە كەموكوڕیی زمانەوانییان بكرێ، بەڵكو بە تۆكمە و بەپێز دابڕێژرێتەوە.

7. دوای بیست ساڵ (1992- 2012) داینەمۆی سیاس
ەتی زمان (یاسای زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان) لە لایەن چوار كەس دوو یاساناس و دوو زمانناس ئامادە كرا و وۆركشۆپێكی لە هۆڵی پەناگیری لە 17/7/2012 لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ڕێك خرا و پێویستە ئەم پڕۆژەیە چیتر دوا نەكەوێ و دوا نەخرێ و یاساكە گرنگە، بەڵام جێبەجێكردنی گرنگترە.

بۆ ئەوەی پڕۆژەكە چاكتر و باشتر گیانی نەتەوە بچەسپێنێ، پێویستە یاسای زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان سەر بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بێ و بودجەی تایبەتی هەبێ تاكو بە تەواوی كاروباری پراكتیزەكردنی بە بەردەوامی جێبەجێ بكات و كۆمیسیۆنی زمانە فەرمییەكانی كە لەدوو بەش پێك دێت (زمان، بەدواداچوون و پشكنین) رۆژانە خەمخۆریی زمان لە ئەستۆ بگرێ و ئەوەی لە یاساكە هاتووە لە هەموو بوار و ئاستێكدا بە ڕێكوپێكی پەیڕەوی بكرێ و بینایەكی سەربەخۆی هەبێ لەبەر ئەوەی كاڕێكی دیرۆكی ئەنجام دەدات و ئەوانەی بە گوێرەی یاساكە دادەمەزرێن یا لە فەرمانگەیەكی دیكە بۆی دەگوازنەوە، ئەوا دەبێ پڕۆفیشناڵ بن و ناوی بێ ناوەڕۆك نەبن و كاریان بە ئیش بێ نەك بە ڕیش تاكو پلانی سیاسەتی زمان لە لایەن لایەنی پێوەندیدارەوە، بە تەواوی یاسایەكە جێبەجێ دەكەن.

گەر زمانی كوردی هەر بە پلەی دوو بمێنێتەوە ئەوە زمانەكەمان بەرەو هەڵدێری زمانە لە
ناوچووەكان دەچێت لە هەرێمی كوردستان و لە بەرچاوی هەموومان، بۆیە پێویستە هەریەكەمان لای خۆیەوە بەم ئەركە وڵاتپارێزی دیرۆكییە بە زووترین دەرفەت بە هانا و هاوارییەوە بچین و چیتر دەستەوستان و چاوەڕوان نەبین. ناكرێ سیاسەتی زمانمان نەبێت چونكە لە بەردەم تەكنەلۆژیا و گۆڕانكارییەكانی سەدەی بیست و یەكدا كەم زمان دەتوانێ خۆی لە بەردەمیان رابگرێ و بە چەسپاوی بمێنێتەوە.

پەراوێز
* شەڕی زمان لاپەڕە 152 كە ئەو نووسەرە چەندین بەرهەمی لە بارەی سیاسەتی زماندا هەیە.
* بۆ نەتەوەی كورد زمان گیانیەتی گەر بڵێین ئەی خاك (وڵات) مێژوو.. هتد. ئەڵێم نەتەوەكەمان تاكو سەدەی بیست و یەكەم زمانەكەی پاراستووە، بۆیە دەبێ ئێمەیش سیاسەتی زمان بیچەسپێنین دەنا مەترسیی زۆر جیددی لەسەر زمانی كوردی هەیە و پتر دەبێ.
* دەمەوێ جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە بۆ یەكەمین جار ئاماژە بە هەردوو زمانی فەرمیی (كوردی و عەرەبی دەكرێ لە بڕیاری ژ1/ 2012 سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە خاڵی 2 كە ئەمە دەقەكەیەتی:
چارەسەركردنی جیاوازی لە نێوان دەقی ماددەی شەشەم بە زمانی كوردی لەگەڵ دەقەكەی بە زمانی عەرەبی، ئەم ماددەیە بە زمانی كوردی لە بڕگەی (دووەم)ـدا حوكمدراوە گەڕاوەكانی لە حوكمەكانی ئەم یاسایە بەدەر كراوە، كەچی لە دەقە عەرەبییەكەدا بەدەرنەكراون.
* لەبەر ئەوەی سیاسەتی زمان و یاسای زمان تەواوكەری یەكترن، بۆیە لە كاتالۆنیای ئیسپانی ناوی نراوە یاسای سیاسەتی زمانەوانی كە لە 1998 دەرچووە.
سەرچاوەكان
1) شەڕی زمان و سیاسەتی زمانەوانی، لویس جان كالفی وەرگێڕانی بەهادین جەلال. هەولێر 2012.
2) الللغة وعلائقها د. على ناصر كنانة، بیروت 2009.
3) یەشار كەمال سەبارەت بە خۆی دەدوێت (هەڤپەیڤینی لەگەڵ ئالان پاشكۆی وەرگێڕان بەكر شوانی، سلێمانی 2011.
4) ڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستان ژ3/15/6/2000.
5) رۆژنامەی وەقائعی كوردستان ژ1/4/5/2000.
6) یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2012 یاسای دووەمی هەمواری یاسای ئەكادیمیای كوردی ژمارە 12ـی ساڵی 1997ـی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان- عێراق.
7) بڕیاڕی ژمارە 10 ساڵی 2012 لە 3/5/2012 كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەری كردووە.
8) پەرلەمانتارانی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان (2005- 2009) پرسیاربارانی حكوومەتی كوردستان دەكەن، پارێزەر/ طارق جامباز هەولێر 2009.
9) گۆڤاری ئەكادیمی ژ19/2011 دەستپێك لە بارەی (زمانپارێزە) سیاسەتی زمانی لە هەرێمی كوردستان، پارێزەر/ طارق جامباز.

10) سیاسەتی زمان ناسنامەی نەتەوە دەچەسپێنێت، پارێزەر طارق جامباز (دەستنووس).
11) یاسای سیاسەتی زمانەوانی لە كاتالونیا (ئیسپانیا) 1998 وەرگێڕانی لە ئیسپانیەوە، پارێزەر/ محەممەد كاكەیی (بڵاو نەكراوەیە).

12) قانون (اللغات الرسمیة فی كندا لسنة 1988) ترجمة من الانكلیزیة الحاكم عبدالكریم ابوبكر هموند اربیل 2007.
* ئەندامی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار