٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەگەر راپۆرتەكەی ئوزاڵ سەبارەت بە پرسی كورد باش شرۆڤە كرابائایا بارودۆخی توركیا ئەمە دەبوو؟

سەرچاوە: KDP.info

نووسەر: فاتیح چەكرگە

سەرچاوە. حورییەت

بیست ساڵ لەمەوبەر شەوێكیان رەحمەتی ئوزاڵ نیوە شەو بوو پەیوەندی پێوە كردم و گوتی: دەمەوێ بتبینم، منیش خۆم ئامادە كرد و چوومە بەر دەرگا بینم كە وەزیری دارایی ئەو كاتە بە ماشینی تایبەتی ئوزاڵ چاوەڕوانی منە و منی بردە لای رەحمەتی ئوزاڵ. رۆژی پێنجی شوباتی بیست ساڵ لەمەوبەرمان لەگەڵ ئوزاڵ پێكەوە دەست پێكرد. 5ی شوبات بۆ مەرگی ئوزاڵ وەكو دەنگێكی ماتەمینی بوو. لە لایەكی دیكەوە عەدنان قەهوەجی كە ئەویش راپۆرتێكی بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد ئامادە كردبوو، هەر لە بەرەبەیانی ئەو رۆژەدا كۆچی دوایی كرد. راپۆرتی ئوزاڵ و قەهوەجی سەبارەت بە پرسی كورد و چۆنیەتی چارەسەر كردنی پرسی كورد لە مێژووی توركیادا دوو راپۆرتی هەرە گرنگن كە ئەگەر توركیا باش ئەو راپۆرتانەی شرۆڤە كردبایا ئەوا بارودۆخی توركیا ئێستا بەمجۆرە نەدەبوو. من نامەوێ باسی مێژوو و رێكەگوتی كۆچبار بوونی ئەم دوو كەسایەتییە بكەم و نامەوێ باسی باشی یا خرابی كەسایەتی ئەم دوو كەڵە پیاوە بكەم، بەس دەمەوێ باسی تێگەیشتنی ئەم دوو سەركردە ناودارەی توركیا سەبارەت بە پرسی كورد بكەم. ئەگەر ئەمرۆیش ئەو دوو سەركردەیە بە بیر دێنمەوە تەنیا بە هۆی ئەوەیە كە بیست ساڵ لەمەوبەر راپۆرتێكیان سەبارەت بە پرسی كورد و چارەسەر كردنی ئەم پرسە ئامادە كردبوو.

رەحمەتی ئوزاڵ داوای لە عەدنان قەهوەجی و رەحمەتی ئەشرەف بتلیسی كردبوو كە چی دەبێت با بێت پێویستە بە مەبەستی چارەسەر كردنی هەمیشەیی پرسی كورد دوو راپۆرتی زۆر گرنگ و بەرفراوان ئامادە بكەن. سەبارەت بە مردنی هەر سێ كەس، ئوزاڵ، بتلیسی و قەهوەجی بە هەزاران سەناریو نووسران و هەزاران كەس گوتی" بەمجۆرە یا بەوجۆر مردن. باس كردنی سەناریویەكانی مردنی ئەم سێ كەسە نە كاری ئێمەیە، من لێرەدا دەمەوێ بە تەنیا باسی گۆشەیەكی زۆر گچكەی ئەو راپۆرتە بكەم كە عەدنان قەهوەجی و ئەشرەف بتلیسی بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد ئامادە و پێكشەشی ئوزاڵیان كردبوو بكەم.

لە بەشێكی ئەم راپۆرتەدا سەبارەت بە زمان و ناسنامەی كوردی نووسرابوو، پێویستە لە رووی سیاسی و یاساییەوە دان بە زمان و ناسنامەی كوردی بنرێت و لە گۆڕەپانی سیاسی توركیایشدا دەرفەت بە بەرەودان بە زمان و ناسنامەی كوردی بخولقێندرێت. شەرمێكی زۆر گەورەیە بۆ توركیا كە لە پەیمانی لوزاندا باسی كەمەنەتەوەكانی وەكو ئازەری، یەهوودی و ئەوانی دیكەی كردووە بەڵام باسی كوردی نەكردووە. بێگۆمان ئەو كاتە كە پەیمان لوزان مۆر كرا واتا و مانای وشەی كەمەنەتەوە جیاوازتر بوو لە مانا و واتای ئەمرۆی ئەم وشەیە. لەو سەردەمانەدا فرانسە كەمەنەتەوەیەك بە ناوی بەرتۆنی نەدەناسی و ئەسپانیایش باسكی نەدەناسی، بەڵام دواتر ئەم وڵاتانە لە رووی فێكرییەوە رێفورمیان كرد و دانان بە هەبوونی ئەم كەمەنەتەوانەدا نا بۆیە پێویستە توركیایش لە رووی فێكرییەوە رێفورم بكات و دان بە هەبوونی ناسنامە، كلتوور و زمانی كوردیدا بنێت.

ئەمە گۆشەیەكی زۆر گچكەی ئەو راپۆرتەیە كە بیست ساڵ لەمەوبەر ئامادە كرابوو و لەم راپۆرتەدا وشەیەكی یەكجار گرنگ و سەرەكە بەكار هاتووە و ئەویش وشەی رێفورمی فێكرییە. ئەم وشەیە ئەمرۆ بۆ ئێمە زۆر گران و قورسە.

رەحمەتی ئوزاڵ هەر لەو سەردەمەدە ویستی دەست بە رێفۆرمی فێكری لە توركیادا بكات و دەستیشی پێكرد بەڵام بەداخەوە كە دەرفەتیان پێ نەدا و ناوبراویان بە خیانەتكار و دابەشكەری وڵات لە قەڵەمدا. ئەو عەقڵ و زهێنیەتەی كە دژایەتی ئوزاڵی دەكرد، عەقڵێكی پاشەكەوتوو، رەگەزپەرەست و ملیتاریستی بوو و نەیدەتوانی بێجگە لە خۆی و هەبوونی خۆی هیچ كەس و هەبوونی هیچ كەسێكی دیكە قەبووڵ بكات. لە كۆتاییدا ئوزاڵ و ئەو كەسانە كە داوای ریفۆرمی فێكرییان لە توركیا دەكرد كۆچی دواییان كرد و ئەوانەیش كە لە سەر فێكری ملیتاریسی و رەگەزپەرەستی سوور بوون سەركەوتن و توركیایان رووبەرووی ئەو قەیرانانە كردەوە كە هێشتاكە توركیا ناتوانێت خۆی لە ژێر كاریگەرییەكانیاندا رزگار بكات. ئەگەر بیست ساڵ لەمەوبەر توركیا توانیبایا لە رووی فێكرییەوە رێفۆرمی پێویستی كردبایا، نە ئوزاڵ و نە قەهوەجی و نە بتلیسی كۆچبار دەبوون و نە بارودۆخی توركیایش ئەوە بوو كە ئەمرۆ توركیا تێیادایە. بەڵكۆ بە پێچەوانەوە توركیا ئەگەر لەو سەردەمە هەنگاوی باشی نابایا ئەوا ئێستا توركیا ببوو وەكو هێزێكی هاوسەرنگ و ئورگانیزاتۆر لە جیهاندا و كێشەی نە لەگەڵ ئێران، سووریا و عێراقدا دەبوو نە لە گەیشتنی كورد بە مافەكانی خۆی لە سووریا دەترسا. بەڵام بەداخەوە كە هێشتا توركیا نەیتوانیوە رێفۆرمی فێكری بكات و هێشتاكە سەیبەری رەگەزپەرەستی و ملیتاریسم لە سەر سیاسەتی توركیادا زاڵە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار