٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەمەریکا ئێف شانزدە و دیموکراسیەت بۆ میسر دەنێرێت

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

 سیاسەت ئەوەیە کە رۆژانە مرۆڤ تووشی وەستان و سەرسامی دەکات، نەک ئەوەی کە مرۆڤ وەکو خەون و خەیاڵ دیقەتی لێدەدات. لەم رۆژانە سەیری بابەتە بیانەکانی نێو گۆڤارو رۆژنامەکانی ئەمەریکام دەکرد، بابەتێکی سەیرم لە فۆکس نیوز خوێندەوە کە باسی لە رەخنەی هەندێک دەزگای راگەیاندنی ئەمەریکا و ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس کردووە دەربارەی پێدانی فڕۆکەی ئێف شانزدە و تەنک بە حکوومەتی ئیسلامی میسری، لەکاتێکدا ئەم وڵاتە بەرەو دواوە پێچەوانەی بنەما دیارەکانی دیموکراسی هەنگاو دەنێت، تەنیا لە چەند رۆژی رابردوو بەهۆی بەرفرە بوونی ناڕەزایەتییەکانی دادگایی کردنی توانبارانی پۆرسەعید پتر لە چل کەس کوژران و بە دەیانیش بریندار بوون، لەتەک ئەوەی کە لە دوای سەرکەوتنی راپەڕین لایەنە عیلمانییەکان لە خۆنیشاندانن دژی دەسەڵاتی موحەمەد مورسی ئیسلامی، ئا لەو کاتەدا ئەمەریکا فڕۆکەی ئێف شانزدە و تانک بە دەسەڵاتی ئیسلامی میسر دەدات. ئەم سەرچاوەیە نووسیوەیەتی : (رەخنە لە ناردنی چوار فڕۆکەی ئێف شانزدەی ئەمەریکی بۆ میسر بەردەوامە، کە ساڵی 2010 لە نێوان واشنتن و قاهیرە مۆرکراوە. ئەم چوار فڕۆکەیە ئەمەریکایان بەجیهێشتووە هەرچەندە رەخنەکان دژی ناردنی فڕۆکەکان لە ئەمریکا بەردەوامە و بەشێکیش لە رەخنەکان لە لایەن کۆنگرێسەوەیە، چونکە پێیان وایە موحەمەد مورسی پار هەندێک ئاماژەی خراپی لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا نیشان دا. هەرچەندە دوای هەڵبژاردن هێندە توندو تیژ نەماوە، کەچی ساڵی 2010 هێرشی کردە سەر ئۆباما لەبەر ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل باشە.

ئینجا دەبێژێت: هەندێک ئەندامی کۆنگرێس رایانگەیاندووە کە هەتا مورسی شێوازی ئاخاوتنیشی بگۆڕێت، هیچ مەنتیق نییە حکوومەتێکی ئیسلامی پڕ چەک بکرێت، کە رەنگە ئەمە دژی ئیسرائیل بەکار بهێنرێت، تەنیا رەنگە دژی خودی میسرییەکانیش بەکاربهێنرێت. نوێنەی کۆمارییەکان لۆی جەوهمەرت گوتیەتی کارێکی ترسناکە کە ئیدارەی ئۆباما ئەمجۆرە چەکانە بۆ میسر رەوانە دەکات، لەکاتێکدا بارودۆخەکە جێگیر نییەو کەشوهەوایەکە دژایەتی ئەمەریکا و ئیسرائیلی تێدا بڵاوبۆتەوە. هیوادارە و دەپاڕێتەوە لە خوا یەکێک لەو ئیدارەیە  وریا بێتەوەو بۆنی سوتانی دوارۆژی ئیسرائیل بکات و ناردنی فڕۆکە و تانک رەتبکەنەوە)

 ئەم قسانەی ناو ئەم جۆتە کەوانەیەم لەسەرچاوە ئەمەریکییە وەرگرتووە، قسەو بۆچوونەکانی ئەو سەرچاوەیە باس ناکەمم، وەلێ یێژم ئەمەریکا دوای روودانی بەهاری عەرەبی دەیەوێت چی بکات؟ ئایا لەسەر هەمان سیستەمی پڕچەکردنی رژێمە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان بەردەوام دەبێت یاخود دەیەوێت هاوکاری گەل و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە بکات، لەپێناو بەدیهێنانی دیموکراسی و گەشەپێدانی رۆشنبیری کۆمەڵایەتی و راهێنانی کۆمەڵگە سەرکوتکراوەکان لە سەر بنەمای دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و رێزگرتنی یەکتری. میسر پێویستی بە تانک و فڕۆکە نییە، چونکە کێشەکانی ناوەخۆیی میسر لە سەر چۆنیەتی پیادەکردنی دیموکراسی و پاشەکشەی ئیسلامییەکانە لە دروشمی خەڵک لە کاتی راپەڕین دژی حوسنی موبارەکی سەرۆکی پێشووی میسر.

دیارە دوور نییە ئەمە لەعێراقیش روبدات، هەرچەندە حکوومەتی بەغدا دژی پێشکەوتنەکانی کوردستان بەڕقدا چووە، ناتونێت چی دیکە پێش لە راستبوونەوەی سونەکان بگرێت، کەچی بیرۆکەی پڕچەکردن و داکۆکی لە دەسەڵاتی تاکڕەیی هەندێکجار لای بەرپرسە ئەمەریکییەکان بە ئاسایی و رەوا دەبینرێت. پێویستە ئەمەریکا رەچاوی ئەوە بکات. ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو دەدات، شۆڕشە بۆ دیموکراسی و بیناکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆشنبیری و خەڵک ناڕازیی لە حووکمی سەربازیی و دیکتاتۆرییەکان کردوویانە، نەک پێچەوانە بەهێزکردنی میلیتاری حووکم و دروستکردنەوەی سوپای بەهێزی پڕ چەک. چونکە لایەنی دووەم رەهەندی شەڕخوازی و نائارامی دروست دەکات و دەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هاووڵاتیانی نێو خودی وڵاتەکە و دەڤەرەکە بەگشتی. بۆیە میسر پێویستی بە دیموکراسییە، نەک فڕۆکە وتانکی نوێ..

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار