من و ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن

فەیسەڵ دەباغ
زۆر به وردی موتابه‌عه‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه ده‌كه‌م كه چه‌ند ڕۆژێكه له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر بودجه به‌ڕێوه‌ده‌چێ و منیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام كه بودجه چه‌ند گفتوگۆ له‌سه‌ر بكرێ و چه‌ندیش شه‌فاف بێت بۆ هه‌موو لایه‌كمان باشه.
پێشتریش زۆر به وردی موتابه‌عه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی یه‌كێتی و پارتیم ده‌كرد له‌گه‌ڵ سه‌رانی ئۆپۆزیسۆن كه ئێستاش پێم وایه ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وامیان هه‌بێت حه‌تمه‌ن هه‌ردوولا ده‌گه‌نه ڕێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش.
نابێت هیچ شتێك به تایبه‌تی ئه‌و شتانه‌ی ڕه‌هه‌ندی نیشتمانیان هه‌یه باسكردنیان بڤه‌بێت، چونكه چاره‌نوسی هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه گرێدراوه و ده‌بێ به‌یه‌كه‌وه‌ش هه‌وڵی چاككردنه‌وه‌ی وه‌زعی خۆمان بده‌ین دوور له هه‌ر هه‌ستیارییه‌ك.
به داخه‌وه ده‌ڵێم كاتی ئه‌نجامدانی گفتوگۆ، جا له‌سه‌ر بودجه بێت یان شتی تر هه‌ندێك نووسینم خوێنده‌وه كه به ڕاستی كورتبینیان پێوه دیار بوو، هه‌ستم نه‌كرد له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییه‌وه نوسرابێت، هه‌ر یه‌كه‌و به كوێری به‌رگری له دیدی خۆی ده‌كرد، كه له‌وانه‌یه به‌خۆشیان باوه‌ڕیان به‌و نووسینانه‌ی خۆیان نه‌بێت.
من وه‌كو چاودێرێكی سیاسی ئێستاش پێموایه هه‌ردوولا زێده‌ڕۆییه‌كی زۆریان له‌و نووسینانه‌ی خۆیان كرد كه نه‌ده‌بوایه بیكه‌ن. نه ده‌سه‌ڵات له مه‌ریخه‌وه هاتووه و نه ئۆپۆزیسیۆنیش، هه‌ردوولا خه‌ڵكی ئه‌م كوردستانه‌ن و هه‌ر یه‌كێكیشیان به‌پێی توانا و قه‌واره‌ی خۆی قوربانی داوه كه نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك نكۆڵیان لێوه بكرێ و ناشبێ كه‌س به چاوێكی سووكه‌وه سه‌یری ئه‌ویتر بكات، یان بڵێ من ڕاستم و ئه‌ویتر هه‌ڵه‌یه. ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ڕاسته و ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنیش ڕاسته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه نه ده‌سه‌ڵات و نه ئۆپۆزیسیۆن به‌و شێوه‌یه سه‌یری مه‌سه‌له‌كان ناكه‌ن و هه‌ریه‌كه‌و به‌دوای ده‌رفه‌تێكدا ده‌گه‌ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕق و كینه‌ی به‌سه‌ر ئه‌ویتردا بڕژێنێ كه ئه‌مه‌شیان نه خزمه‌تی ده‌سه‌ڵات ده‌كات و نه خزمه‌تی ئۆپۆزیسیۆن ده‌كات.
له‌وانه‌یه له زۆرشتدا ده‌سه‌ڵات ڕاست بێت، چونكه هه‌ندێ جار ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ده‌یكات له ڕاده‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ده‌رچێت و هه‌مان شتیش سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاته‌وه كه هه‌ندێ جار ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی وا ڕه‌فتار ده‌كه‌ن كه ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ده‌یڵێ هه‌رهه‌مووی هه‌ڵه‌یه و ئامانجی دیكه‌ی له پشته‌وه‌یه و ئیتر هه‌ر ئه‌وان خاوه‌ن گۆره‌پانه‌كه‌ن و كه‌سانی دیكه‌ش هیچ.
هه‌ردوولامان خه‌مخۆری ئه‌م كوردستانه‌ین و پێویسته له سنوری ئه‌م خه‌مخۆرییه‌ی خۆمان ده‌رنه‌چین و به شتی چاك بڵێین چاكه و به شتی خه‌راپیش بڵێین خراپه.
نه ئۆپۆزیسیۆن مه‌سه‌له‌كان له قه‌واره‌ی سروشتی خۆیان گه‌وره‌تر بكه‌ن و نه ده‌سه‌ڵاتیش به‌بێ بایه‌خه‌وه سه‌یری تێبینییه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن بكات، واقیعه‌كه چۆنه وا بخرێته ڕوو.
لێره‌دا بوونی بڕوایه‌كی ته‌واو به یه‌كتری به شتێكی گرنگ ده‌زانم، چونكه به بێ بوونی ئه‌و بڕوایه هه‌میشه به چاوێكی گومانه‌وه سه‌یری یه‌كتر ده‌كه‌ن و له ئه‌نجامیشدا خۆیان له دوو سه‌نگه‌ری جیاوازدا ده‌بیننه‌وه.
نه من و نه كه‌سی تر ناتوانین نكۆڵی له‌وه بكه‌ین كه به درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌و ئه‌زمونه‌مان ده‌سه‌ڵات توانیویه‌تی زۆر شتی گه‌وره ئه‌نجام بدات و ئۆپۆزیسیۆنیش زۆر له كه‌م و كورتییه‌كان ده‌ستنیشان بكات، بۆیه ده‌بێ هه‌ر یه‌ك له‌و دوو لایه‌نه دان به‌و ڕاستییه بنێن و پێكه‌وه‌ش كار بۆ نه‌هێشتنیان بكه‌ن، به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵات به حوكمی زۆر شت.
من وه‌كو چاودێرێكی ناو ده‌سه‌ڵات هه‌ست به بوونی كه‌موكورتییه‌كی زۆر ده‌كه‌م و تێبینیشم هه‌یه له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له، له‌وانه‌یه هه‌ندێكیانم خستبێته ڕوو، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێكیان ماون و چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێكم بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بخه‌مه ڕوو.
لێره‌دا من له‌گه‌ڵ ئه‌و شیوازه‌ی ئۆپۆزیسیۆن نیم له خستنه ڕووی كه‌موكورتییه‌كان، چونكه نه‌فه‌سی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان پێوه دیاره، كه ئه‌مه‌یش به ڕای من به زیانی ئۆپۆزیسیۆن ته‌واو بووه.
له دانیشتنه‌كانمدا كه هه‌ندێ جار ئۆپۆزیسیۆنیشی تێدا بووه ئه‌م ڕاستیه‌م بۆیان دركاندووه، به‌ڵام ئه‌وان تێبینیان له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ی من هه‌بووه و گوتویانه: تۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی بۆیه به‌م شێوه‌یه قسه ده‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر له ئۆپۆزیسیۆن بوای حه‌تمه‌ن به شێوه‌یه‌كی دیكه قسه‌ت ده‌كرد. منیش وه‌ڵامم ده‌دانه‌وه و ده‌مگوت: گه‌ر ڕۆژیك له ڕۆژان له ده‌سه‌ڵات نه‌مام و كه‌وتمه به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه هه‌ر به‌و نه‌فه‌سه قسه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كه‌م، چونكه ئه‌و نه‌فه‌سه بۆ میلله‌ته‌كه‌مان زۆر پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م له مه‌رامی ده‌سه‌ڵات و هه‌میش له مه‌رامی ئۆپۆزیسیۆن تێ بگات و بیركردنه‌وه‌ی میلله‌تیش به‌و شێوه‌یه نه‌ماوه كه به‌ر له بیست ساڵ بیری ده‌كرده‌وه، ئێستا زۆر هۆشیارتره و زۆر چاكیش تێده‌گات كه كێ په‌رۆشیه‌تی و كێش چه‌واشه‌ی ده‌كات.
خوا شاهێده مه‌به‌ستم له‌و قسه‌یه ته‌نها ئۆپۆزیسیۆن نییه، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتیش كه جار به جار به‌داخه‌وه ئه‌ویش ئه‌و حیسابه ورده له بیر ده‌كاته‌وه.
ناحه‌زمان زۆرن و زۆر به وردی چاودێری ئه‌و وه‌زعه‌ی خۆمان ده‌كه‌ن و خواخوایانه درزێك بكه‌وێته نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له رێی ئه‌و درزه‌وه گورزی خۆیان بوه‌شێنن، بۆیه هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌میش ئۆپۆزیسیۆن ده‌بێت به گیانێكی به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ڕه‌فتار بكه‌ن، چونكه شكانی هه‌ر یه‌كێكیان شكانی ئه‌ویتره و شكانی هه‌ردوولاش یه‌عنی شكانی میلله‌تەکە.




