٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تیشكی سەوز چاوەڕێی كەس ناكات!

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حسیب قەرەداخی

ئەو كاتانەی وا ماشێنەكەت لێدەخوڕی، هەندێ حاڵەت روودەدەن، تا رادەی قاڵس بوون نیگەرانت دەكەن. كە حاڵەتەكانیش دەبنە كێشە و گرفت لەناو شەقامدا، ئیتر هەست دەكەی دڵت وا زەحف دەكات و لە داخانا رقت لەوانە دەبێتەوە كە هۆكاری دروستبوونی ئەو كێشانەن.

لە ترافیك لایت راوەستاوین، گلۆپەكە سوورە و دەبێتە سەوز، كەچی ئەو ماشێنانەی لە ریزی پێشەوەن بەو خێراییە پێویستە ناجووڵێن كە لە ماوەی كەمی تیشكە سەوزەكەدا زۆرترین ماشێنی راوەستاو بڕۆن. خاوەخاو دەكەن و لەدواوە دەبێتە هۆڕن لێدان و فەوزایەك لەناو ترافیكلایتەكەدا بەرپا دەكەن و دواجار گلۆپەكە دەبێتەوە سوور و هێشتا ژمارەیەكی كەم لە ماشێنەكان رۆییون و زۆریشیان ماونەتەوە لە چاوەڕوانی تیشكی سەوزی داهاتوودا.

هەندێ ماشێن، ئەو جێیەی راوەستانی بەر لە گڵۆپەكانی ترافیك لایت تێدەپەڕێنن و دەچن لە پێشەوەتر رادەگرن، بۆیە كە گڵۆپەكە دەبێتە سەوز نایبینن. ماشێنەكانی دیكەیش لێیان دەكەنە هۆڕن لێدان تا بزانن كاتی رۆیینە. جا تێپەڕبووان تا بەهۆی هۆڕنلێدانی ئەوانی پاشی خۆیان بە ئاگا دێنەوە و پێیدەزانن گڵۆپەكە بۆتە سەوز و گێڕ دەگۆڕن و پێ لە بەنزین دەنێن، وەختێك لە بەشی ئەم شەقامە دەخۆن و دەرەنجام دەبنە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی كەمتری ماشێنان تێپەڕن.

لە كاتی پێ بوونی گڵۆپە سەوزەكەدا، ماشێنێك لە دەستی راستی شەقامەكەوە بە یەك وروژم بە پێش هەموو ماشێنەكاندا، لەو ماوە كەمە و لەو مەسافە كەمەدا، پێچ دەكاتەوە بۆ لای دەستی چەپ، یان بەپێچەوانەوە لە دەستی چەپەوە بۆ لای راست بادەداتەوە و بەو هۆیەوە رێ لە جووڵەی هەمووان دەگرێ و دەبێتە هۆی دروستكردنی قەرەباڵغی و كات بەفیڕۆدان و فەوزای مروری.

ئەم حاڵەتانە و زۆری تریش كە دڵنیام هەمووتان رۆژانە تووشی دەبن و وەكو منیش پێی نیگەران دەبن. وەلێ ئەسڵی مەبەستی ئەم نووسینەم ئەوەیان نییە، بەڵكو لێكچوونی ئەم حاڵەتانەیە بە حاڵەتی وەكوو خۆیان لە پرۆسەی سیاسیدا.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا چەندجارێك گەیشتۆتە دووڕیانی وەكوو ئەوەی كە ماشێن دەگاتە ترافیك لایت و خۆی ئامادە دەكاتەوە بۆ وروژمێكی نوێ. كەچی كە گلۆپە سەوزەكە داگیرساوە هەندێ لە حزبەكان و هێزە كۆمەڵایەتییەكان بە خێرایی پێویست دەرنەپەڕیون و بوونەتە هۆی دواخستنی كاروانەكە.

هەندێكی تر هەر لە بناغەوە ماشێنەكەیان بەكەڵكی ئەوە نەماوە وروژمێكی دیكەی پێ بدەن و بەردەوام بن. بۆیە لە شوێنی خۆیان چەقیون و بونەتە هۆی راگرتنی هەموو ئەو ماشێنانەی لە پشتییانەوەن.

حزب و هێزی كۆمەڵایەتی وەهایش هەبوون، لە پڕ بڕیاریان داوە لە چەپەوە بچن بۆ راست، یان لە راستەوە بچنە چەپ و دەرەنجام فەوزا و قەرەباڵغییان لە ناو شەقامی پرۆسەی سیاسیدا دروست كردووە.

هەندێك ماشێنیش لەو مەسافە كەمەی وەرچەرخاندا و لەو ماوە كەمەی تیشكی سەوز دەیخایەنێ، پێچی پێداوەتەوە و پاشەوپاش گەڕاوەتەوە و رۆنگساید لێی داوە بێ ئەوەی هەموو ئەو كێشانە رەچاو بكات كە بۆ ئەوانی دیكە و كۆی پرۆسەی سیاسی دروستی دەكات.

هەیشن، لە دووڕیانێكدا سەریان لێ دەشێوێ و سەراسیمە دەمێننەوە و گڵۆپە سەوزەكەیش دادەگیرسێ، ئەوان هێشتا بڕیاریان نەداوە كە ئایا بەردەوام دەبن یان نا!! بۆ یەكجاری رادەوەستن یان بەرەودوا پێچ دەكەنەوە!!. راست و چەپ رێگەكەیان دەگۆڕن یان خۆیان بە پشتی ماشێنێكی دیكەوە دەبەستن و ئەو بۆ كوێوە چوو ئەمانیش لە تەك خۆیدا رابكێشێ!!

لە پرۆسەی سیاسیدا وەكوو لە ترافیك لایتی سەرشەقامان، مەسافەكە كەمە و ماوەكەیش كەمە، دەبێ شۆفێر بە ئاگا و وریا بێ چونكە لە ناكاو رەنگی گڵۆپەكە دەگۆڕێ و ئەویش دەبێ بڕیاری دابێ چی دەكات. بڕیاریش دەبێ پێشوەخت درابێ، دەڕوا یان دەوەستێ. دەگەڕێتەوە یان بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچێ...

لە حاڵەتی وەهادا پێویستە ئەو شۆفێرانەی بڕیاریان داوە بەردەوام بن و بۆ پێشەوە بڕۆن، حیساب بۆ یەك مەنتیق بكەن ئەویش ئەوەیە كە " تیشكی سەوز چاوەڕێی كەس ناكات و پاش ماوەیەكی كورت دەبێتەوە بە سوور و جووڵە رادەگرێ"، بۆیە دروست وایە پێی لێنێن و دەرپەڕن و چاوەڕوانی راڕاكان نەكەن و ئەوانەیش دەیانەوێ گۆڵمەز بنێنەوە بیانخەنە كەناری شەقامەكەوە و رێگەكە بكەنەوە بۆ خۆشڕەوان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار