لیوا قارەمان: لیستی مووچەی پێشمەرگە رەوانەی بەغدا دەكرێت

هەولێر-KDP.info- ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق رێكاری خەرجكردنی میزانیەی پێشمەرگەیان گرتووەتە بەر و بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، لیستی مووچەی پێشمەرگە رەوانەی بەغدا دەكرێت بۆ خەرجكردنی ٦٨ ملیار دیناری مانگانەی ھێزەكانی پێشمەرگە.
لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە دوایین سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەغدا، وەزیری پێشمەرگە باسی مووچەی ھێزەكانی پێشمەرگە و ئەو پارەیەی كردووە، كە بڕەكەی بۆ ھەر مانگێك ٦٨ ملیار دینارە، وەزیری بەرگریی عێراقیش داوای كردووە لیستی مووچەی ھێزەكانی پێشمەرگە رەوانەی وەزارەتی بەرگری بكرێت".
بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "بە مەبەستی خەرجكردنی پارەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە، لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە فۆڕمێك پڕدەكرێتەوە و بڕیارە بەپێی ئەو فۆڕمە مووچەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە خەرج بكرێت".
شێخ كەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پێویستە پێش ھاتنی ساڵی نوێ حكوومەتی فیدڕاڵ بەشەبودجەی وەزارەتی پێشمەرگە رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات، چونكە ١٠ مانگی ئەمساڵ تێپەڕیوە و ھیچ پارەیەك لەو بودجەیە نەگەیشتووەتە ھێزەكانی پێشمەرگە".
قائید میرۆ




