حاجۆ: داواكارییەكانمان ئامادە كردووە و دەمانەوێت مافی كوردان لە دەستووری سووریادا بچەسپێن

جنێف-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووەم كۆبوونەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا بەڕێوە دەچێت. دەشڵێت: "داواكارییەكانمان لەبارەی مافی كوردان لە دەستووری سووریادا ئامادە كردووە و دەمانەوێت بچەسپێن".
كامەران حاجۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا بەڕێوە دەچێت و، دانیشتنەكەش كراوە دەبێت و هەر كەسێك لە ئەندامان چی هەبێت پێشكەشی دەكات، بەڵام تاوەكو ئێستا پڕۆگرامی لیژنەمان بۆ ئاشكرا نەكراوە."
حاجۆ هەروەها گوتیشی: "ئامادەیی خۆمان وەكو ئەندامی كورد لە لیژنەكە كردووە و، داخوازییەكانیشمان، داواكاریی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردییە و دەمانەوێت مافی كوردان لە دەستووری نوێی سووریادا بچەسپێن."
وەك ئەو ئەندامەی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا گوتی، هێشتا لە سەرەتای كارەكاندان و دانیشتنی جیددی بۆ نووسینەوەی دەستووری سووریا ئەنجام نەدراوە و تاوەكو ئێستاش پڕۆگرام نەنووسراوە، بەڵام گفتوگۆ هەیە.
دوێنێ چوارشەممە 30-10-2019، یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا بەڕێوە چوو، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بۆ كاروباری سووریا ، گیر پێدەرسن، لیستی كۆتایی ناوی ئەندامانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریای بڵاو كردەوە، كە لە 150 ئەندام پێك هاتوون، 50 ئەندام لەلایەن رژێمی سووریا و، 50 ئەندامیش لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و، 50 ئەندامی تریش لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەستنیشان كراون و تێیدا چوار كورد بوونیان هەیە " كامەران حاجۆ و عەبدولحەكیم بەشار "، لە لیستی ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنیش"جاسیە عومەر و دۆرسن ئۆسكان"ـیش لە لیستی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدان.
نەشوان بەرزنجی




