جوان حەسەن: ئەنجومەنی پارێزگاكان سكاڵا لە دژی پەرلەمان تۆمار دەكەن

كەركووك-KDP.info- بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن پەرلەمانەوە كاردانەوەی لێ كەوتووتەوە، ئەندامێكی لیستی برایەتیش لە كەركووك دەڵێ، سەردانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین و سەرجەم ئەنجومەنەكانیش دژی پەرلەمانی عێراق لە دادگا سكاڵا تۆمار دەكەن.
جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان پێچەوانەی دەستوورە و ھیچ بڕیارێك ناتوانێت دەستوور و یاسا ھەڵبوەشێنێتەوە، بە تایبەتی پارێزگای كەركووك تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و زیانی گەورەی بۆ كەركووكییەكان ھەیە، چونكە ھەموو ئەندامانی ئەنجومەن بە كورد و عەرەب و توركمانەوە، ئەو بڕیارەی پەرلەمان رەت دەكەنەوە".
ئەندامەكەی لیستی برایەتی گوتیشی: "كورد زەرەرمەندی یەكەمە، لەبەر ئەوەی لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە ھیچ نەماوە بەرامبەر بە كەركووك نەكرێت لە تەعریبەوە بگرە تا نەبوونی پڕۆژە بۆ ناوچە كوردنشینەكانی كەركووك، نەمانی ئەنجومەنی پارێزگاكان رێگە بۆ گەندەڵی زیاتر دەرەخسێنێت لەلایەن پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی كەركووكەوە".
حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە ھەوڵدایە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەرلەمانی عێراق و لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە سەردانی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەین لە عێراق و لەو پێشێلكارییە ئاگاداریان دەكەینەوە".
ناوبراو دەشڵێت: "یەكێكی دیكە لە ھەنگاوەكانمان ئەوەیە، لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار دەكەین، لە بەغدا و مووسڵ و دیالە و سەڵاحەددینیش سكاڵا لەسەر پەرلەمان تۆمار دەكرێت و ھیچ ئەنجومەنێكی پارێزگا لە عێراق بەو بڕیارە نادەستوورییە رازی نییە".
قائید میرۆ




