دهۆك.. ژمارەیەك پارچەزەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعشدا دابەش دەكرێن

دهۆك-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانیی پارێزگای دهۆك ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەك پارچەزەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش دابەش دەكەن و، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن.
ئەمیر ئەترووشی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەعات 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ چوارشەممە، بڕیارە (26) پارچەزەوی بەسەر خێزانی شەهیدانی شەڕی داعشدا دابەش بكەین، كە دەكەوێتە كۆمەڵگەی تەناهیی سەر بە قەزای سێمێلی پارێزگای دهۆك".
ئەترووشی ڕاشیگەیاند: " پڕۆگرامێكمان ئامادە كردووە بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر خێزانی شەهیداندا و دەمانەوێت هیچ خێزانی شەهیدان بێ پارچەزەوی نەبن و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین تاوەكو هەموو ئەوانەی تریش كە ماون، زەوییان پێ بدرێت، كە پێشتریش لە قەزای شێخان و زاخۆ زەویمان دابەش كردووە".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانی دهۆك دەشڵێت: "چاوەرێ دەكەین لە قەزاكانی تریش زەوی بێتە تەرخان كردن، بۆ ئەوەی لە رێگای تیروپشكەوە بەسەر ئەو خێزانە شەهیدانەی دیكەشدا دابەشی بكەین كە تا ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە".
نەشوان بەرزنجی




