هۆشیار سیوەیلی و جێگری كۆنسووڵی ئەمەریكا كۆبوونەوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ جێگری كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كۆبووەوە.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ئاندرۆ، جێگری كۆنسووڵی گشتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و شاندی یاوەری كرد.
بەڕێز سیوەیلی، دواپێشهاتەكان و باردوخی ئێستای ناوچەكە و گرفت و چارەسەرەكان لە روانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بۆ شاندی میوان باس كرد.
سەرەتا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەی پارتی باسی لە نیگەرانیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەمبەر رووداوەكانی ئەم دواییەی رۆژئاوای كوردستان و هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكان كرد و رایگەیاند، كشانەوەی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان و هێرشی توركیا بۆ سەر ئەو ناوچانە، بووە مایەی دروستبوونی رووداوێكی ناحۆش كە هەزاران كەس ئاوارە بوون و سەدان قوربانییشی لێ كەوتەوە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان، هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی ئێستای سووریا بە گشتی و رۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی.
سیوەیلی گوتیشی، بارودۆخی ئێستای ناوچەكە وا دەخوازێت هەموو لایەك هاوكار و هەماهەنگ بین بۆ كۆتاییهێنان بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی و چوونە سەر مێزی گفتوگۆ بە ئامانجی چارەكردنی كێشەكان بە دیالۆگ. پارتی دیموكراتی كوردستانیش تەواو نیگەرانە لەو رووداوانەی كە لە رۆژئاوا روو دەدەن و كاریگەریی راستەوخۆی بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە بەلامانەوە گرنگە هەموو هەوڵێك بدەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەكانی وڵاتانی دراوسێ، بە مەرجێك كە داخوازییەكانی گەلی كوردستان لەبەر چاو بگیرێت و بە مافەكانیان بگەن.
بەڕێز ئاندرۆ، سوپاسی ئەو دیدار و پێشوازییەی كرد و دووپاتی هەڵوێستی وڵاتەكەی كردەوە بۆ پاراستنی هاوپەیمانەكانی و رایگەیاند، نیگەرانییەكانی گەلی كوردستان لە جێگای خۆیەتی و ئێمە زۆر باش لێی تێدەگەین، ئەوەش وای كردووە كە گەلی كوردستان دۆستی زۆر باشی لە ئەمەریكا هەبێت و بە هاوپەیمانیان بزانێت.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، باس لە شەڕی تیرۆر كرا و، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی جەختی لە پەیامەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی كردەوە، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ لەناوبردنی سەركردەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبوبەكر بەغدادی، كە راستەوخۆ بەرپرسیارە لە كوشتنی هەزان هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بە گشتی و بە تایبەتی كوردانی ئێزدی.
هۆشیار سیوەیلی دەشڵێ، كوشتنی خەلیفەی داعش، بە مانای كۆتاییهاتن بە بیری توندڕۆیی نایەت، بۆیە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر هەبێت بۆ كەمكردنەوەی هزری تۆندڕەوی و هۆكارەكانی سەرهەڵدان و پەیوەندیكردن بەو گرووپ و رێكخراوانەوە.




