٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد كەمال: سكاڵا تۆمار دەكەین و رێگە نادەین ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ھەڵبوەشێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی دوێنێدا پەرلەمانی عێراق بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو ئەنجومەنە خۆجێییەكانی عێراقی دەركرد، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ھەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا دەكات و دەشڵێ: "رازی نابین بڕیارەكە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بگرێتەوە و ھەڵوێستمان دەبێت".

 

محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەرلەمان بڕیاری دەركردووە، بڕیاریش ناتوانێت یاسا رەت بكاتەوە، بەڵكوو بە پێچەوانەوە یاسا دەتوانێت بڕیار رەت بكاتەوە، لە دەستووردا ھاتووە، ئەنجومەنەكان بەردەوام دەبن لە كاركردن، تەنیا سێ رێگە ھەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان".

 

سەرۆكی لیستی برایەتی دەشڵێت: "یەكێك لە رێگاكانی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەوەیە، پێچەوانەی دەستوور بێت، رێگەی دووەم بەڵگە ھەبێت ئەنجومەن لە دۆسیەی گەندەڵییەوە تێوە گلابێت، رێگای سێیەمیش ئەوەیە یەك لەسەر سێی دەوام نەكات، لەبەر ئەوەش بڕیاری پەرلەمانی عێراق ناتوانێت دەستوور رەت بكاتەوە، تەنھا لە حاڵەتێكدا پەرلەمان دەسەڵاتی دەبێت بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكان، كە دەستوور ھەموار بكرێتەوە".

 

كەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە بڕیاری ژمارە ٧١ی سەردەمی برێمەر كار دەكات و یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨ نایگرێتەوە".

 

محەمەد كەمال گوتیشی: "ئێمە لە ھەوڵداین بۆ رەتكردنەوەی بڕیاری پەرلەمان و لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا لەسەر پەرلەمانی عێراق تۆمار دەكەین، چونكە رازی نابین بڕیارەكە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بگرێتەوە و ھەڵوێستمان دەبێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار