سدقی ئامێدی: ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتیی پڕۆژه‌كانی ڕێگاوبان ده‌كه‌ین

هه‌ولێر -KDP.info- بریكاری وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕێگاوبان گوتی، له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگاوبان بەڕێوە دەبرێن و ئەوانیش له‌سه‌ر ئاستی باڵا، له وه‌زاره‌تەوە سه‌رپه‌رشتی و چاودێریی پڕۆژەکان ده‌كه‌ن و هه‌ر كه‌سێك كه‌مته‌رخه‌م بێت، لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و سزای ده‌ده‌ن و، ئه‌مڕۆش سه‌ردانی دهۆكیان كردووه بۆ چاودێریكردنی پڕۆژه‌كان، كه به‌بڕی 11ملیار و500ملیۆن دینار بەڕێوە دەبرێن.
سدقی ئامێدی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ی چاككردنه‌وه و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگاكان به‌ڕێوه ده‌چێت و پاره‌یشی بۆ ته‌رخان كراوه و خۆیشمان وه‌كو وه‌زاره‌ت چاودێری و سه‌رپه‌رشتیی ده‌كه‌ین و ئه‌مڕۆش سه‌ردانی دهۆكمان كردووه و چاودێریی پرۆژەکان ده‌كه‌ین، له هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كدا كه‌مته‌رخه‌می هه‌بێت، لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ بەڕێوەبەرانی ده‌كرێت و سزا ده‌درێن و پڕۆژهکەیشیان لێ وهردهگیرێتهوە."
ئامێدی باسی له‌وه‌ش كرد: "له سنووری دهۆك به‌بری 11ملیار و 500ملیۆن دینار پڕۆژه بەڕێوە دەبرێت و ڕێگاكان نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وە."
بڵند ئیبراهیم




