لەهەرێمی كوردستان 300 هەزار خانووی زیادەڕۆ تاپۆ دەكرێن

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان كراوە و لە كۆبوونەوەی داهاتووشدا پەسەند دەكرێن، كە 300 هەزار خانوو تاپۆ دەكرێن و هەروەها ئەو زەوییانەی دەكەونە نێوان خانووەكانەوە، ئەوانیش تاپۆ دەكرێن.
سەعید هەركی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان كردووە و تەنها ماوە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت، لە كۆبوونەوەی داهاتووشدا دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەكرێت.
هەركی گوتیشی، بەپێی پڕۆژەیاساكە 300هەزار خانووی زیادەڕۆ و ئەو زەویانەی دەكەونە نێوان خانووەكانەوە، تاپۆ دەكرێن.
لەبارەی نرخی تاپۆكردنیانەوە، ناوبراو گوتی، لە ناحیەكان مەتری 5 بۆ 10هەزار دینار و لە قەزاكان 10 بۆ 15هەزارە و لە پارێزگاكان 15 بۆ 30هەزارە، كە ئەمەش سوودێكی زۆری بۆ چینی هەژار و كەمدرامەت دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




