٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ پەرلەمان لەبارەی مەترسیی داعش بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان كۆدەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مەترسییەكانی سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زیادی كردووە و سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانیش دەڵێ: "دەمانەوێ مەترسیی داعش لەسەر ئەو ناوچانە كەم بكەینەوە و ئەمڕۆش پەرلەمان لەم بارەیەوە كۆدەبێتەوە".

جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زیاتر ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە و  پەرلەمانی كوردستان بە وردی چاودێریی رەوشی ئەو ناوچانە دەكات و لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی دەستی داعش لەو سنوورانە كەم بكەینەوە و سەرقاڵی ئەوەین رێگەیەكی گونجاو بۆ كەمكردنەوەی مەترسیی داعش لەسەر ناوچە كوردستان ببینینەوە".

سەرۆكی لیژنەی ناوچەی كوردستانییەكان گوتیشی: "بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و تێیدا بە وردی تاوتوێی ئاڵۆزبوونی رەوشی ناوچە كوردستانییەكان بكرێت، بە تایبەتی بەشێك لەو ناوچانە دەكەونە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".

بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دەوروبەری مەخموور و كەركووك و خانەقین ژمارەیەك گوند بە ھۆی مەترسیی چەكدارانی داعشەوە چۆڵ كراون و خەڵكی بە ھۆی مەترسیی داعشەوە ناتوانن لەسەر زێدی خۆیان درێژە بە ژیان بدەن.

رۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "داعش دەستی بە جووڵەی زیاتر كردووە و پێمان وایە بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنییان، باشترین چارەسەر گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیە بۆ ئەو ناوچانە، چونكە بە بۆچوونی ئێمە ئەگەر ئێستا پێشمەرگە لەو سنوورانە بووایە، ئەوە داعش نەیدەتوانێ مەترسی بۆ سەر خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان دروست بكات".

 

قائید میرۆ  

      

 

هەواڵی پەیوەندیدار