"بە پێشیناری فراکسیۆنی پارتی، خانەوادەی شەھیدان و پێشمەرگە بۆ تاپۆکردنی خانوو و زەویی زێدەڕۆ ھیچ پارەیەکیان لێ وەرناگیرێت"
__2019_10_26_h15m47s18__ER.jpg)
ههولێر-KDP.info - بڕیارە سبەی لیژنەی یاسایی دەربارەی پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی خانوو و زەویی زێدەڕۆ کۆ ببێتەوە و ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێ، فراکسیۆنی پارتی پێشنیاری کردووە، خانەوادەی شەھیدان و پێشمەرگە لە کاتی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆدا ببەخشرێن.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی حەفتەی ڕابردوو خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی زەوی و خانووی زێدەڕۆ کرا، ژمارەیەک پێشنیاری دیکە بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەیاساکە خرانە ڕۆ، یەکێک لە پێشنیارەکانیش لە لایەن فراکسیۆنی پارتی بووە."
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی دەشڵێت: "فراکسیۆنی پارتی پێشنیاری کردووە لە کاتی تاپۆکردنی خانوو، یان زەویی زێدەڕۆدا خێزانی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە و کەمئەندامانی سەنگەر ببەخشرێن، واتە ھیچ پارەیەکیان لێ وەرنەگیرێت و بێ بەرانبەر خانوو و زەوییەکانیان تاپۆ بکرێت."
خەدیجە عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سبەی لیژنەی یاسایی دەربارەی پێشیناری فراکسیۆنی پارتی و چەند پێشنیارێکی دیکە کۆ دەبێـتەوە و بڕیارە ئەو پێشنیارە بۆ بەخشینی خانەوادەی شەھیدان و پێشمەرگە و بریندارانی سەنگەر جێگیر بکرێت و دواتر پەرلەمان پڕۆژەکە پەسەند دەکات."
قائید میرۆ




