شوان محەمەد: ئاڵۆزییەكانی ئێستای عێراق بەرھەمی كابینەكانی رابردووە

بەغدا-KDP.info- رەوشی عێراق خەریكە دەگات بە بنبەست و بەرپرسێكی پارتیش پێی وایە، پێویستە لایەنە سیاسییەكان عێراق لەو قەیرانە رزگار بكەن و دەشڵێ، رەوشی نێو شاری بەغدا و شارەكانی دیكە خەریكە بە تەواوی ئاڵۆزی بەخۆیەوە دەبینێ.
شوان محەمەد تەھا، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوشی ئاڵۆزی ئێستای عێراق بەرھەمی كابینەكانی رابردووی حكوومەتی عێراقە و رەنگدانەوەی لەسەر رووداوەكانی ئێستا ھەبووە، واتە ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێ، پاشخانی چەند ساڵی رابردووە كەڵەكە بووە و عێراقی گەیاندە ئەمڕۆ، ئینجا خەڵكی عێراق بێكارە و رەوشی ئابووری خراپە و خزمەتگوزاری نییە، ئەمانە ھەمووی كێشەی چەندین ساڵەن ئێستا دەتەقنەوە".
بەرپرسەكەی پارتی دەشڵێت: "حكوومەتی عێراق ھەوڵی داوە بۆ چارەسەركردنی داواكاریی ھاووڵاتیان، بەڵام ھەندێ لایەنی عێراقی ناڕەزایەتیی خەڵكی عێراقیان بە دەرفەت زانیوە تا خۆیان بخزێنە نێو خۆپیشاندانەكانەوە، بێگومان مەبەستی ئەو لایەنانەش دەستكەوتی حزبیی خۆیانە".
شوان محەمەد تەھا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "رەوشی نێو شاری بەغدا و شارەكانی دیكەی ناسەقامگیرە، چونكە ھاووڵاتیان دلگرانن بەو رەوشەی عێراقی گرتووەتەوە و ترس پەیدا بووە لای ھاووڵاتیان، بڕیارە ئەمڕۆش عادل عەبدولمەھدی سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتارێك پێكەش بە گەلانی عێراق بكات و بە ھەموو لایەك ئومێدی ئەوە دەخوازین رەوشەكە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراقدا بشكێتەوە".
لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەتی ئێستای عێراق، شوان محەمەد دەڵێت: "بابەتەكە لەوە گەورەترە باس لە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیران و حكوومەت بكرێت، سەرۆكوەزیرانی عێراق ھاتووەتە سەر شارێكی وێران و وڵاتێكی پڕ لە كێشە و ژێرخانێكی ئابووریی سفر، ئەمانە وەك میراتێكی خراپ بۆ عادل عەبدولمەھدی بەجێ ماون، پێویستە ھەموو لایەنەكانی عێراق كار بۆ دەربازكردنی عێراق بكەن لەو قەیرانەی ئێستای تێدایە".
قائید میرۆ




