بە هۆی هەڕەشەی حەشد و داعشەوە لە خانەقین 40 گوند چۆڵ كراون

خانەقین -KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی لە خانەقین رایگەیاند، داعش و حەشدی شەعبی بەردەوام هەڕەشە لە كوردانی سنووری خانەقین دەكەن و بەو هۆیەشەوە تا ئێستا 40 گوندی كوردی چۆڵ كراون و بەردەوامیش گوندەكانی دیكە چۆڵ دەكرێن، چونكە هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی لە ناوچەكە كۆبووەتەوە و شەوانە گوندە كوردییەكان هاوەنباران دەكرێن و تۆمەتەكەش دەخەنە پاڵ داعشەوە.
شێخ جەغفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دۆخی خانەقین زۆر خراپە و حەشدی شەعبی بە بیانووی مەترسیی داعشەوە هێزێكی زۆری هێناوە بۆ خانەقین و چەكی زۆری قورسیشی لەگەڵ خۆی هێناوە، بۆیە ئەمەش بووەتە جێگای ترس و نیگەرانی لای خەڵكی ناوچەكە بە تایبەت كورد".
بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین گوتیشی: "شەوانە گوندە كوردییەكان هاوەنباران دەكرێن و كوردەكانیش لەترسان گوندەكان چۆڵ دەكەن، كە تاوەكو ئێستا 40 گوندی كوردی چۆڵ كراون و بەردەوامیش گوندەكانی دیكە چۆڵ دەكرێن، ئێمەش گومانمان هەیە ئەمانە داعش بن و حەشدی شەعبی بە ناوی داعشەوە ئەنجامی دەدات".
بڵند ئیبراهیم




