٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئۆبامای چەپخواز

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمەریکا باراک ئۆباما لەبەر چەند هۆکارێک بە کۆمۆنیست وچەپخوازی چاولێکەرەوەی سیاسەتی ئەوروپایی تۆمەتبار دەکرا. لەکردەوەشدا سیستەمی سەرمایەدار بۆ خۆنوێکردنەوە دەیەوێت سود لە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئەوروپا وەربگرێت. هەرچەندە ئۆباما وەکو سەرجەم سەرۆکەکانی دیکەی ئەمەریکا بیریار و داهێنەری مەسەلەی فکری نییە، تا ئەم نوێبوونەوە بە بیر و فەلسەفەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام ئۆباماش وەکو پارتی دیموکراتی لەئەمەریکالە کاتی هەڵبژاردندا بۆ باشکردنی پرۆگرامی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و تەندروستی پەیمانی بە دەنگدەران دا کە گۆڕانکاری و چاکسازی لەم بوارانە لە قازانجی هاووڵاتیانی کەم داهات دەکات.

ئۆباما لەرێگەی دروشمی گۆڕانکاری و هیوا هەروەها گفتدانە خەڵک لە چاکسازی پرۆگرامی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بە شەڕی عێراق، توانی دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت، بۆ جاری دووەمیش ئۆباما توانی دەنگی زۆرینەی هاووڵاتیانی ئەمەریکا بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی بەدەستبهێنێتەوە.

ئەمجارە بارودۆخەکە جیاوازە، چونکە ئاساییە هەر سەرۆکێک لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا بەرنامەی تایبەتی جێبەجی بکات، ئۆباما لە تەک چاککردنی کێشەی دارایی و ئابوری لە ئەمەریکا و چاکسازی لە پرۆگرامی خوێندن و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و هاوکاری چینی ناوەڕاست، دەبێت بڕیاری یەکلاکەرەوە لە مەسەلەی شەڕ لە ئەفغانسان بدات. ئەمەریکییەکان بڕیاری شەڕی عێراقیان بە دروست سەیر نەدەکرد، بەڵام ئەوەی ئەفغانستان بە ئاسایی و بەردەوامیشی بە خراپ نابینن.  هەندێک لە نووسەرانی ئەمەریکا دەڵێن ئۆباما لە بارەی سیاسەتی دەرەوە دەیەوێت چاو لە رۆنالد ریگان بکات، دەیەوێت سیاسەتێکی نوێ دەرەوە بگرێتە بەر، ریگان دەیگوت دەبێت ئاشتی لەرێگەی هێزەوە بهێنرێتە دی، بەڵام ئۆباما دەبێژێت هێز لەرێگەی ئاشتی بێتە دی.

پرسیاری هەرە گرینگ ئەوەیە ئایا ئۆباما لە خولی یەکەم لەلایەن کۆمارییەکان بە کۆمۆنیست تاوانبار دەکرا، چونکە پێیان وابوو، ئۆباما لە پرۆگرامی هەڵبژاردنی خۆیدا دەیەوێت هەمان بەرنامەی سۆسیالیستەکانی ئەوروپا لەبواری ئابوری و چاککردنی کێشەی دارایی و بوارە خزمەتگوزارییەکان لە ئەمەریکا جێبەجێ بکات، بەتایبەتی خەڵکی کەمدەرامەت. بەڵام بەهۆی خراپبوونی باری دارایی ئۆبامای کۆمۆنیست دەنگی زۆرینەی هێنا و لەرکابەرە کۆمارییەکەی بردەوە. ئەمجارەش لەرێگەی کوشتنی ئۆباما و کۆتایهێنان بە شەڕی عێراق و گفتدان بۆ چاکسازی و راکێشانی دەنگدەری گەنج و مامەلەکردنی دیبلۆماسیانە لەگەڵ کێشەکانی رۆژهەڵات، توانی ببێتەوە سەرۆکی ئەمەریکا. وەلێ پرسی هەرە گرینگ ئەوەیە چۆن دەتوانێت لەرێگەی ئاشتی هێز بۆ ئەمەریکا پەیدا بکات؟.

مەسەلەکە لێرە رووبەروی پارتی دیموکراتی دەبێتەوە، ئایا دەتوانێت چەند لە هەڵبژاردنەکانی دیکە لەرێگەری بەرنامە و سیاسەتەکانی ئۆباما، رێژەی دەنگدەرانیان بپارێزن. بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتدا لەسایەی راپەڕینی جەماوەریدا گۆڕانکاری گەورە رویاندا، رژێمە شمولییەکان هەندێکیان لەناوبران، هەندێکیشیان بەرێوەن  و ئەوەی زۆر جێگەی پرسیارە سەرکەوتنی ئیسلامییەکانە لە دەسەڵات بەدەستەوە گرتن، کە  ئیسلامییەکان بە گشتی دژی ئەمەریکا و سیاسەتی ئەمەریکین لە ناوچەکەدا. هەروەها لە دوای شۆڕشی میسر و لیبیا ئەمەریکا ناڕاستەوخۆ بەشداری لە بڕیاری چارەنووساز لەمەڕ رووداوەکان دەدات. بۆیە لەکاتێکدا خودی رژێمە نوێکان لەسایەی ئیسلامییەکان و بەتایبەتیش لە میسر کەوتۆتە ژێر پرسیار گەورە لە بارەی بیناکردنی سیستەمی دیموکراسی و چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و ئابوری. ئۆباما چەند دەتوانێت لەم گێژاوەدا ئاشتی بۆ  پاراستنی هێزی ئەمەریکا لە دونیا دروست بکات.  کەواتە ئۆباما چۆن دەتوانێت لە دونیایەکی تەژی لە شەڕ و ململانێ و کێشە، هێز بۆ ئەمەریکا دروست بکات؟ بەتابەتیش کە چەندین ساڵە شەڕیان دژی ئیسلامییە توندڕۆکان دەستپێکردووە و لەگەڵ لەناوبردنی رژێمە دیکتاتۆرییەکانن لەرێگەی سەرکردایەتی کردن لە دوورەوە، نەک وەکو ئەوەی لە عێراق رویدا.

ئۆباما لە سوێندخواردندا رایگەیاند ئەو بۆ هەموو ئەمەریکییەک قسە دەکات و یەکسانی بۆ هەموو لایەک دەوێت، بەڵام نابێت لە بیری بکەین ئەو قسەکانی بەشێکی ئاراستەی کۆمارییەکانە، واتە ئەگەر ویستبی لە حزبایەتی دەرباز بێت، بەڵام لە هەندێک ناکۆکییەکان ناچارە بگەڕێتەوە سەر حزبایەتی. ئەو کە داوای یەکسانی بۆ ئەمەریکییەکان دەکات، هەندێک وای لێکدەدەنەوە  مەبەستی بۆچوونی ئۆبامای کۆمۆنیست یەکسانی ئابوری و داهات و کرێ و ژیان نییە، وەکو سۆسیالیستەکانی رۆژئاوا باسی دەکەن، بەڵکو مەبەستی یەکسانی نێوان دوو رەگەزی نیر و نێر  ومێ  و مێیە لە هاوسەرگیردا.

رۆژنامەی واشنتن پۆست دەڵێت  نیۆت گەنگریتچ پێی وایە ئۆباما لیبرالی نییە و بۆلیتیکۆش پێی وایە یەک یا تەنیا دوو رستە لە قسەکانی دژی پارێزگارەکان بوو.  بەڵام لە %٩٥ یش پێیان وایە قسەکانی ئۆباما لە کاتی سوێند خواردن کلاسیی بوو. کە تێیدا جەختی لەسەر لە کاری جدی و پشت بە خۆبەستن  و کارکردن بەیەکەوە کرد. کەواتە نە ئۆباما کۆمۆنیستە و دەبێتە یەکسانیخوازێکی ئابوری و جیاوازی لە نێوان رەگەز و کار و داهات بەدیدەهینێت، نە دەتوانێت لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی دەرەوەدا ئاشتییەکی هەمیشەیی  و بەهێز لە پێناو بە‌هێزکردنی ئەمەریکا لەسەرتاسەری جیهاندا بێنیتە دی. چونکە روسیا لە لایەک و چین لە ئالەکی دیکە و ئێران و هەندێک وڵاتی دیکەی ئیسلامیخواز و بزاڤە توندڕۆکانی ئیسلامی هەڕەشەن بۆسەر دوارۆژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا.. پێم وایە ئۆباما لەم چوار ساڵە دەبێت میدالیایەکی دیکەی ئاشتی وەربگرێت، بەڵام ئەمجارە بۆ خۆی نا، بەڵکو بۆ هەموو ئەمەریکا.. ئەو میدالیایەش لەرێگەی بەهێزبوونەوە دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار