٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مالیكی مێژوو بەخۆینی عێراقییەكان دەنووسێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

نووسینی : كامەران عومەر

لە گەڵ دەستگیركردنی پاسەوانەكانی رافع عیساوی وەزیری دارایی، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەرگای لەبەردەم سوننەكان خستە سەرپشت بۆ ئەوەی لەم رێگایەوە رق و قینە و نەهامەتییەكانیان بخەنەڕوو، كە بەهۆی حوكمڕانی چەند ساڵەی ئەوەوە رووبەڕووی پەرواێزخستن و دوور خستنەوە لەدەسەڵات بوونەتەوە، لەماوەی رابردوودا ئەو سیاسەتەی كە مالیكی پەیڕەی كردووە، وەك گشت پێكهاتەكان سوننە و كورد و بەشێكی زۆر لە شیعەكانیش دوپاتیانكردۆتەوە، كە سیاسەتەكانی مالیكی تاكڕەوانە بووە، لەكاتێك حكومەتی عێراق لەسەر بنەمانی شەراكەت و هاوبەشی لەدەسەڵات دامەزراوە، مالیكی لەرێگای پۆستەكەیەوە وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ماوەی رابردوو هەوڵیداوە ستراتیژیەتی كارەكانی بریتی بێت، لەدوو ئامانج، یەكێكیان فراوان كردن و بەردەوامبوونی لە دەسەڵات، دووەمیشیان پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران و بە كارهێنانی پێگەی عێراق بۆ فراونبوونی هیلالی شیعی لە ناوچەكە دا. دیارە ئەو سیاسەتە خۆ ویستییە و تایفیەی مالیكی، لەگەڵ خواست و بەژەوەندییەكانی خەڵكی عێراق و ناوچەكە یەكی نەگرتۆتەوە، لەنێوەخۆدا عێراقی دووچاری دەیان تەنگەژە و قەیران كردۆتەوە و رۆژێك لەگەڵ كورد ی هاوپەیمانی دوێنێ و رۆژێكی تر لەگەڵ سوننەی هاونیشتمانی،قەیران لەدوای قەیران دروستدەكات، مالیكی لەماوەی رابردوودا ئامانجی دروست كردنی تەنگەژە كان بووە، لەپێناو مانەوەی لەدەسەڵات، كە دەیان پێشێلكاری دەستووری كردووە، كورد و سوننەش لە تەنگەژەكانی مالیكی بەشی شێریان بەركەوتووە، پێش رووداوەكانی ئەم دواییە، مالیكی بە پێچەوانەی دەستوور لەشكركێشی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان كرد، دیارە ئامانجی تێكدانی بارودۆخ و ئەو پێشكەوتنە ئابورییەی هەرێمی كوردستانە، كە جیاوازی ئابوری لەنێوان هەولێر وبەغدا دروستكردوە، پێكهاتەی سووننە كە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی لە 2008 لەژێر كاریگەری ئێران لێ زەوت كرا و مالیكی كرا بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەك ئاشكرایە تا پێش 2003 سوننەكان فەرمانڕەوای عێراقییان كردووە، ئێستاش بوونەتە، پاشگرە و رۆژانە دەیان كەسیان بە تۆمەتی پەیوەندییان بە بەعسییەكان و گروپە تیرۆرییەكانەوە دوور دەخرێنەوە و سەركردەكانیشیان دەكرێنە ئامانج و هەوڵی دەستگیركردنیان دەدرێت، لە رابردوو ئێستاشدا، سیاسەتە چەوت و خۆپەرستانەكەی مالیكی وای كردووە، عێراق ببێتە یەكێك لە خراپترین و گەندەڵترین وڵاتانی جیهان و پەرتەوازە و پر تەنگەژەی بێهێز بێتە بەرچاو و هاوكات ببێتە گۆرەپانی یەكلاكردنەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمیی، قۆستنەوەی رق و قینەی پێكهاتەكان، بەتایبەتیش سوننە لە حكومەت، كارتێكی باشی وڵاتانی ناوچەكە بووە، تا لە رێگای خۆپیشاندان و نارەزاییەكانەوە،بۆ ئازادكردنی پاسەوانەكانی عیساوی، داواكاری و خۆپێشاندانەكانیان فروانتر بكەن و ئەو رەوشە بەدەرفەتێك بزانن تێدا سنوورێك بۆ حكومەت و بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراق دابنێن، دیارە نوری مالیكیش لەمەترسی بارودۆخەكە دڵنیا بۆتەوە، كە درێژبوونەوەی خۆپێشاندانەكان و بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی حكومەت و پەرلەمان لەلایەن لیستی عێراقییە لەلایەك و بوونی چەكدار لە ناوچە سوننەكانی عێراق بەناوی سوپای ئازاد و رفاندن و كوشتنی سەربازەكانی عێراق لەلایەكی دیكەوە، هێمان بۆ ئەوەی ئەگەر مالیكی چۆك بۆ داواكاریی خەڵكی عێراق دانەنوێنێت ئەوە رەوشی لە بەشار ئەسەدی سەرۆكی رژێمی ئێستای سوریا باشتر نابێت!!!

جێبەجیكردنی هەندێك لە داواكاری خۆپێشاندەران وەك ئازاد كردنی گشت ئافرەتەبەندكراوەكان و گەڕانەوەی ئەفسەرانی سەردەمی رژیمی بەعس و ئازاد كردنی هەندێك لەكەسایەتییە دیارەكانی سووننە، هەمووی لە پێناوی هێور كردنەوەی رەوشەكە و بەردەوامبوونی لە كورسی دەسەڵاتە بووە، كە پێم وایە مالیكی كاتی هاتووە لێرە و بوەستێ و مێژوو بە خوێن رشتنی گەڵەكەی نەنووسێتەوە.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار