ئەرێ بەراستی لە توركیادا ناسیونالیزمی كوردی هەیە؟
رەوشەن چاكێر
هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناخە نوێیەكەی نێوان دەوڵەت و ئۆجەلان منیش دەستم بە نووسینی چەند زنجیرە بابەتێك لە سەر مەسەلەی پرسی كورد و چۆنیەتی چارەسەر كردنی ئەم پرسە كرد. دوای چەند رۆژێك برادەرێكی ناسراوی خۆم كە رەگەز پەرەستێكی توركیا پەیوەندی پێوە كردم و وتی" لێت زۆر تووڕەم. منیش پرسیم بۆ؟ لە وەڵاممدا وتی" بە هۆی ئەوەیەوە كە تۆ بە شێوەیەكی یەكسان باسی ناسیونالیستە كوردەكان و ناسیونالیستە توركەكان دەكەی و ئەمە لە كاتێكدایە كە جیاوازی یەكجار گەورە لە نێوان ناسیونالیستە كورد و ناسیونالیستە توركەكاندا هەیە و ناسیونالیستە كوردەكان لە سەر بنەمای ئەتنیكی و قەومی سیاسەت دەكەن.
بێگومان ئەمە یەكەمجار نییە كە من وشەی ناسیونالیست و رەگەز پەرەستی كوردی لەم برادەرە سیاسەتمەدارەی خۆم دەبیستم. هاوكات لەگەڵ گشەشە كردنی ناسیونالیزمی كوردی زۆربەی هەرە زۆری سیاسەتمەدارە توركەكان بە رەخنە كردن و بە رەگەزپەرەست وەسف كردنی ناسیونالیستە كوردەكان خۆیانیان سەرقاڵ دەكەن و نارەزایەتی خۆیانیان دەردەبڕن و بەمجۆرە خۆیانیان لە رووبەروو بوونەوەی پرسی كورد و رابەر كردنی چارەسەرییەكی باش دەدزنەوە. ئەمە لە كاتیكدایە كە هیچ جۆرە فاكتەر یا خۆ بەڵگەیەك لە ئارادا نییە كە بتوانێت بیسەلمێنێت كە ناسیونالیزمی كوردی كە تازە دەستی بە گەشە سەندن كردووە لە جۆری رەگەز پەرەستی ئەتنیكییە. بە پێچەوانەوە لە نێو حەرەكەتی سیاسی كوردیدا لە مێژووی توركیادا ئەوەندەی كە چەپگەرایی و وەلات پارێزی و نیشتمان پەروەری بە پێشكەوتووە، هیچ كات ئەوەندە ناسیونالیزم بە پێش نەكەوتووە و ئەو چەند ناسیونالیستە كوردەیش كە لە نێو حەرەكەتی كوردیدا خۆیان نیشان داوە نەیان وتووە كە ئێمە ناسیونالیستین بەڵكو وتوویانە ئێمە نیشتمانپەروەرین.
مومتەزەر توركونە كە مامۆستای بەشی زانستە سیاسییەكانە، چەند رۆژ لەمەوبەر لە بابەتێكی خۆیدا باسی ناسیونالیزمی كوردی و توركی كردبوو و لەم نووسینەی خۆیدا باسی نووسەری ناودار ئیسماعیل بەشكچی كردبوو و وتبووی بەشكچی كە بە مامۆستای زەرد ناسراوە ناسیونالیستێكی تەمام عیارەی كوردە.
ئەم شرۆڤە كردنەی مومتەزەر توركونە كە بۆ خۆی مامۆستای زانستی سیاسییە و زۆر بە باشی ناسیونالیزم و رەگەز پەرەستی لە یەكتر جیا دەكاتەوە، لە سەر مامۆستا ئیسماعیل بەشكچی شتێكی زۆر مەترسیدار و سەرسۆڕهێنەرە.
مومتەزەر توركونە ئاماژەی بە نووسینێكی بەشكچی كردووە و لە سەر ئەم نووسینە بەشكچی بە ناسیونالیزمی كوردی تاوانبار كردووە. ئەمە لە كاتێكدایە كە ئیسماعیل بەشكچی لەم نووسینەی خۆیدا باسی وتەیەكی ئوجەلان كردووە كە وتوویەتی" من لەمێژە فكری نەتەوە دەوڵەتم لە سەری خۆم دەركردووە و من ئاستی نەتەوە دەوڵەتم تێپەڕاندووە. ئیسماعیل بەشكچی بە هۆی ئەم وتانەی ئوجەلانەوە رەخنەی ئاراستەی ئوجەلان كردووە و وتوویەتی" ئەم نووسینەی ئوجەلان بە مانای ئەوەیە كە دەبێت كوردەكانی توركیا روو لە ناسیونالیزمی كوردی بكەن چوونكە مافی كوردیشە كە بۆ خۆی ببێتە خاوەن دەوڵەت.
دەتوانین بە بەشكچی كە لە بابەتەكانی خۆیدا جار جار داوای مافی بۆ كورد و ناسیونالیزمی كوردی كردووە بڵین رەگەز پەرەستی كوردە یا خۆ داوای جیا بوونەوەی كورد دەكات بەڵام بە هیچ شێوەیەك ناتوانین پێ بڵێن ناسیونالیستێكی توندرەوی كوردە.
من وەكو خۆم ئەوە راست نابینم كە بەشكچی داوا لە كوردەكان بكات دەست بە ناسیونالیزمی كوردی بكەن و داوای مافی جیابوونەوە لە توركیا بكەن. بەڵام راستییەك هەیە كە ئەم وتانەی بەشكچی رۆژ لە دوای رۆژ لە نێو رای گشتی كورددا پێگەیان بەهێزتر دەبێت و كوردەكانیش وردە وردە روویان لە ناسیونالیزمی كوردی كردووە هەر بۆیە ماوەیەكە كە ناسیونالیزمی كوردی لە توركیادا گشەی سەندووە و پێدەچێت كە لە سەد ساڵی بیست و یەكەمدا ناسیونالیزمی كوردی كە لە سەدەكانی رابردوودا بە توندترین شیوە سەركوت كراوە، بگاتە لووتكەی خۆی.
سەرچاوە" وەتەن




