مونافیسی حه‌قیقی

ئازا حەسیب قەرەداخی
2013-01-31
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی ته‌واوبوونی خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێم و نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا، ئۆپۆزسیۆن بۆی ده‌ركه‌وت كه ئه‌و هۆكاره‌ی وایكرد(مه‌سعود بارزانی) نزیكه‌ی 70%ـی ده‌نگه‌كانی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان بهێنێت، ئه‌وه‌یه كه«مونافیسێكی حه‌قیقی» نه‌بووه. به‌ڵگه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌هێننه‌وه كه گوایه له 1992دا كه یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمدا كرا له‌به‌رئه‌وه‌ی(بارزانی) مونافیسێكی حه‌قیقی هه‌بوو كه(جه‌لال تاڵه‌بانی) بوو، هیچیان 50%ی ده‌نگه‌كانیان نه‌هێنا.
به‌راوردكاریی له‌نێوان دوو زه‌مه‌ندا
ئه‌م به‌راوردكارییه له‌نێوانی دوو زه‌مه‌ن و دوو هه‌ڵكه‌وته‌ی ژیانی سیاسی و دوو ژینگه‌ی هه‌ڵبژاردندا، به‌دابڕان له‌هه‌موو هۆكارو مه‌رجه بابه‌تییه جیاوازه‌كانی نێوانیان، به‌راوردكارییه‌كی نادروسته‌و هه‌ڵبه‌ته ده‌ره‌نجامی نادروستیشی لێوه هه‌ڵده‌هێنجرێ. هه‌روه‌ها نیشانه‌ی هه‌ژاری مه‌عریفییه‌و له‌ڕووی یاسایی و سیاسی و ته‌نانه‌ت وه‌كو لێكدانه‌وه‌یش هێنده ساكاره كه ده‌كه‌وێته توێژه هه‌ره ته‌نكه‌كانی سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه.
لانیكه‌م كاتێك به‌راورد له‌نێوانی دوو پێدراوی وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشوودا ده‌كرێ، پێویسته مه‌رجی كات و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و فاكته‌ره كارتێكه‌ره‌كان و ئاستی هۆشیاری هه‌ڵبژاردن و دابه‌شبوونی مه‌یلی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌و چه‌ندینی دیكه بخرێنه به‌رچاو، ئه‌وسا به‌راورد ئه‌نجام بدرێ. ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌یشدا به‌و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌شه‌وه هێشتا ده‌بێت لێكۆڵه‌ره‌وه پانتاییه‌كی باش بۆ رێژه‌یی لێكدانه‌وه‌كه‌ی بهێڵێته‌وه‌و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌ره‌نجامه‌كه‌دا نه‌كات وه‌كو دۆزینه‌وه‌یه‌كی ره‌های بێهاوتای خه‌وش هه‌ڵنه‌گرتوو.
له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، هه‌ڵبژاردن بۆ(سه‌رۆكی هه‌رێم) نه‌كراو ئه‌وه‌یش تایتڵ و ناونیشانه‌كه‌ی نه‌بوو. به‌ڵكو بۆ(رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان) كرا. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ره‌خنه‌ی زۆر له‌وه گیراو گرنگترینشیان ئه‌وه بوو كه(رابه‌ر) پێگه‌یه‌كی مێژووكرده‌و له‌ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی خه‌بات و پێویستی شۆڕشگێڕانه‌وه دروست ده‌بێ، نه‌ك به‌هه‌ڵبژاردن.
هه‌روه‌ها هیچ یاسایه‌كیش نه‌بوو كه ده‌سه‌ڵات و ئه‌رك و مافه‌كانی(رابه‌ر)و جۆری په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمدا رێكبخات.
پێكهاته‌یه‌كی گرنگی شۆڕشگێڕیی
هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه هێشتا نه‌ده‌زانرا پاشی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و دامه‌زراندنی حكومه‌ت و دانانی(رابه‌ر)دا، پێكهاته‌یه‌كی گرنگی شۆڕشگێڕیی كه(به‌ره‌ی كوردستانی) بوو چی لێ به‌سه‌ردێ. ئایا هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه؟ ئایا ده‌مێنێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر مایه‌وه په‌یوه‌ندی وی به‌حكومه‌ت و په‌رله‌مان و رابه‌ره‌و چی ده‌بێ؟ ئایا(رابه‌ر) رابه‌رایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی ده‌كات یان هی په‌رله‌مان و حكومه‌ت؟
چه‌ندین پرسیاری گرنگی تریش كه په‌یوه‌ست بوون به‌سروشتی قۆناغه‌كه‌و ژیانی سیاسی ئه‌وكاته‌و په‌یوه‌ندی نێوان هێزه سیاسییه‌كان و په‌یوه‌ندی ئه‌وان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حكومه‌تداو په‌یوه‌ندی كۆی هه‌موویشیان به‌عیراق و ناوچه‌كه‌و ململانێكانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، بێ وه‌ڵام بوون. هۆی سه‌ره‌كیش ئه‌وه بوو كه هیچ مه‌رجه‌عێكی یاسایی نه‌بوو ئه‌م په‌یوه‌ندییانه بخاته قاڵبـی دامه‌زراوه‌ی یاسایی و بیرۆكراتییه‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌و پاشی تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ساڵ و كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌زموون و په‌ره‌سه‌ندن، هه‌ر یه‌كێك له‌م كایه یاسایی و دامه‌زراوانه پێناسه‌ی یاسایی خۆی هه‌یه‌و یاسا په‌سه‌ندكراوه‌كانی په‌رله‌مانیش مه‌رجه‌عیانه.
گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن
هه‌ر به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن، كه نادروستانه ده‌خرێته باری به‌راورده‌وه له‌گه‌ڵ ئێستادا، پێویسته ئه‌وه‌یش بهێنینه‌وه یاد كه جگه له‌به‌ڕێزان(مه‌سعود بارزانی) و (جه‌لال تاڵه‌بانی) مونافیسی دیكه‌ی حه‌قیقی له‌پێشبڕكێكه‌دا بوون. هه‌ر یه‌كێك له‌و به‌ڕێزانه خودان كه‌سایه‌تی و مێژووی پڕ خه‌بات بوون و كاندیدی حزبی تێكۆشه‌ر یان هاوپه‌یمانێتی سیاسی راسته‌قینه بوون. هه‌روه‌ها ده‌نگی ده‌نگده‌رانی كوردستانیش به‌هۆی دابه‌شبوونییه‌وه به‌سه‌ر حزبه‌كاندا، به‌ته‌واوه‌تی دابه‌ش بوو به‌سه‌ر هه‌موو مونافیسه حه‌قیقییه‌كاندا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كامێك له‌و كاندیدانه ده‌نگی راسته‌قینه‌ی خۆیان نه‌هێنا. ئه‌وه‌یش به‌هۆی خه‌وش و ناڕێكی پڕۆسه‌كه‌و فه‌وتانی ده‌نگ و ساخته‌كاریی زۆره‌وه. به‌واتایه‌كی دیكه ده‌كرێ بڵێم ئه‌و ده‌نگانه‌ی له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستاندا، چ بۆ په‌رله‌مان و چ بۆ رابه‌ر هێنران هیچیان ده‌نگی راسته‌قینه‌ی كاندیده‌كان و حزبه‌كانیش نه‌بوو.
نه‌بوونی مونافیسی حه‌قیقی
ئۆپۆزسیۆن كه ئه‌م به‌راورده ده‌كه‌ن و به‌و ده‌ره‌نجامه ده‌گه‌ن كه (مه‌سعود بارزانی) بۆیه بردوویه‌تییه‌وه چونكه مونافیسی حه‌قیقی نه‌بووه، خه‌وشێكی گه‌وره‌و هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی كوشنده‌و كورتبینییه‌كی ته‌ڵخ له‌سه‌ر خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن. چونكه له‌لایه‌كه‌وه تانه‌یه‌كی راشكاوانه له‌كاندیده‌كانی مونافیسی بارزانی ده‌ده‌ن و به‌ناحه‌قیقی ناوزه‌دیان ده‌كه‌ن. له‌لایه‌كی تریشه‌وه دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه ئه‌وه خۆیان بوون مونافیسی حه‌قیقیان نه‌خسته به‌رامبه‌ر بارزانی.
ئه‌وان مافی یاساییان هه‌بوو كه «مونافیسی حه‌قیقی» بخه‌نه به‌رده‌م بارزانی. بۆ ئه‌مه‌یش سه‌ركرده‌و ئه‌مینداری گشتی و ئه‌میریان هه‌بوو كه هه‌ریه‌كه‌یان به‌خودپێوه‌ریی وه‌كو(مونافیسی حه‌قیقی) بارزانی داده‌نران، ده‌كرا بهاتنایه‌ته گۆڕه‌پانی مونافه‌سه‌كردنی بارزانییه‌وه. لانیكه‌م ئه‌گه‌ر لێشیان نه‌بردایه‌ته‌وه، ژماره‌ی ده‌نگه به‌ده‌ستهاتووه‌كانیان لێ كه‌م بكردایه‌ته‌وه. بۆچی نه‌یانكرد؟! وه‌كو نه‌یانكرد، بۆچی پاڵێوراوی لاواز‌و مونافیسی ناحه‌قیقیان هێنایه به‌رامبه‌ر بارزانی؟!
بۆ نه‌یان كرد؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه به‌پێی پێدراوه ئامارییه‌كان و راپرسییه‌كانی خۆیان به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشتبوون كه مونافیسه حه‌قیقییه‌كانیان له‌بارزانی نابه‌نه‌وه، بۆیه نه‌یانویست به‌هۆی ئه‌و شكسته‌وه پێگه‌و كاریزمای سیاسی‌یان له‌به‌رده‌م خه‌ڵكی كوردستان و جه‌ماوه‌ری حزبه‌كانیان بشكێ.
كاندیدی لاواز
بۆ كاندی لاوازیان هێنا؟ چونكه ویستیان له‌هه‌یبه‌ت و پێگه‌ی (سه‌رۆك) له‌ژیانی سیاسی و كاریگه‌رییه‌كانی له‌ناو دامه‌زراوه سه‌روه‌رییه‌كاندا كه‌م بكه‌نه‌وه. وه‌لێ كه گه‌ل به‌ڕێژه‌ی 70% ده‌نگی دا به(سه‌رۆك)، هه‌یبه‌تێكی میللی و یاسایی به‌خشییه پێگه‌ی(سه‌رۆك) كه بۆ ئۆپۆزسیۆن بووه ئازارێك هه‌تاهه‌تایه به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن و وه‌كو گرێ كوێره‌یه‌ك له‌جه‌سته‌و ده‌روونی سیاسیاندا ده‌مێنێته‌وه.
هه‌ڵه‌یه‌كی تری كوشنده‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌بوو، كه جه‌ماوه‌ری خۆیان به‌ئیسلامی و عه‌لمانی، به‌ڕۆشنبیران و پێشمه‌رگه‌وه، به‌مامۆستای زانكۆ و میدیاكاران و پسپۆرانه‌وه، به‌پیرو گه‌نجه‌وه، به‌ژن و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ناچاركرد ده‌نگ بده‌ن به‌كاندیده لاوازه‌كان «مونافیسه ناحه‌قیقییه‌كان». ده‌ره‌نجام ده‌نگی هه‌موویان، له‌یه‌ك خولی ته‌واوی چوار ساڵه‌دا فه‌وتێنرا. هه‌ندێك له‌و ده‌نگده‌رانه بۆ یه‌كه‌مجاری بوو شه‌ره‌ف و مافی ده‌نگدانی بۆ بڕه‌خسێ، كه‌چی ئۆپۆزسیۆن به‌فیڕۆی دا‌و نه‌یهێشت گوزارشت له‌شتێكی حه‌قیقی بكات.
ئه‌مه گه‌مه‌یه‌كی ترسناك و بێئومێدییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری سیاسی بوو كه گوزارشتی له‌و حاڵه‌ته ته‌واو نادروسته‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌كرد له‌مونافه‌سه‌یه‌كدا كه ده‌یانتوانی بیكاته مونافه‌سه‌یه‌كی حه‌قیقی، به‌ڵام به‌هۆی خراپ خوێندنه‌وه‌ی تابلۆی سیاسییه‌وه، نه‌یكرد.
ئێستا له‌به‌رده‌م درككردن به‌م هه‌ڵه‌و خه‌وشه مێژووییه. له‌كاتێكدا كه ئیستیحقاقی یاسایی هه‌ڵبژاردن هاتۆته‌وه پێشه‌وه. دیسان ئۆپۆزسیۆن رووبه‌ڕوو بۆته‌وه له‌گه‌ڵ هه‌مان ته‌ڵه‌زگه‌و گره‌وی مێژوویی‌دا بۆ خولێكی دیكه‌ی ژیانی سیاسی و یاسایی له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمدا. ئه‌مجاره‌یش تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان داناوه كه هه‌مان ده‌ره‌نجام چاوه‌ڕوانییانه..
بۆ رازیكردنی جه‌ماوه‌ر
جا كه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانه‌وه بێ، ئه‌وا ئۆپۆزسیۆن ناچاره مونافیسێكی حه‌قیقی كاندید بكه‌ن، چونكه ئیتر ئه‌مجاره ناتوانن هیچ پاساوێك بۆ كاندیدكردنی مونافیسی لاواز بهێننه‌وه‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان رازی بكه‌ن ده‌نگی پێ بده‌ن. كه ئه‌وه‌یش بكه‌ن هه‌مان ترسی ئه‌گه‌ری جاری پێشوو له‌به‌رده‌میانه. له‌و حاڵه‌ته‌دا كام یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی باڵه‌كانی ئۆپۆزسیۆن رازی ده‌بێ بكرێته كاندیدی هه‌موویان و تووشی ئه‌و شكسته پێشبینیكراوه بكرێ؟!
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م گرێ كوێره‌یان بۆ ناكرێته‌وه، بۆیه گه‌ڕیان ئاڵاندووه‌ته سیستمی سیاسی و گوایه له‌سه‌رۆكایه‌تییه‌وه ده‌یگۆڕن به‌په‌رله‌مانی و ئه‌وسا خه‌ڵك راسته‌وخۆ سه‌رۆك هه‌ڵنه‌بژێرێن به‌ڵكو په‌رله‌مان هه‌ڵیبژێرێ. رێك به‌پێچه‌وانه‌ی گوتاری پێشوویانه‌وه كه ده‌یانگوت سه‌رۆك شه‌رعییه‌تی نییه چونكه له‌په‌رله‌ماندا هه‌ڵبژێردراوه‌و په‌رله‌مانیش بێ ئیراده‌یه‌و هی حزبه‌كه‌ی خۆی و هاوپه‌یمانه‌كه‌یه‌تی و ته‌نیا به به‌ڵێ ده‌ست به‌رزده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رۆك راست ده‌كات با بچێته به‌رده‌م خه‌ڵكی كوردستان و شه‌رعییه‌تی راسته‌وخۆ له‌وان وه‌رگرێ.
گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك
ئۆپۆزسیۆن ده‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك بگه‌ڕێننه‌وه ناو په‌رله‌مان. هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ناچار نه‌بن كاندیدێكی«مونافیسی حه‌قیقی» خۆیان تووشی شكست بكه‌ن له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا، هه‌م ده‌یانه‌وێ له‌ناو په‌رله‌ماندا ئه‌م پۆسته سیادییه بخه‌نه ناو سه‌فقه‌ی سیاسی نێوان حزبه‌كان و بێنه‌و ده‌یده‌می به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و فسكه‌فسكی پشتی په‌رده‌و ناو ژووره تاریكه‌كانی ئاڵووێرده‌وه. به‌و هیوایه ئه‌وه‌ی له‌ده‌نگداندا ده‌ستیان ناكه‌وێ، به‌وجۆره ده‌ستیان بكه‌وێ.
پڕۆسه‌ی ئه‌زموونكردنی دیموكراسی
له‌ژیانی سیاسی هه‌رێم و پڕۆسه‌ی ئه‌زموونكردنی دیموكراسی و به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی كۆی جومگه‌كانی وڵات و په‌یوه‌ندییه‌كانی ناوی و كاركردن بۆ گه‌شه‌كردنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و چه‌سپاندنی به‌هاو پێوه‌ره‌كانی مه‌ده‌نییه‌ت و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشه‌وه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جۆر‌و ئاستی ئه‌و كێشانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدادا هه‌یه‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌گه‌ره ئه‌رێنی و نه‌رێنانه‌ی به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌وه بۆ گه‌لی كوردستان دێنه ئاراوه، چاوه‌ڕوانی خه‌ڵك له‌ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه نییه ئه‌م گه‌مه پڕ گرێ و گۆڵه‌یه به‌چاره‌نووسی سیاسی هه‌رێمه‌وه بكه‌ن. به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه‌و له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌زموونی چوار ساڵی رابردووی خۆیشیاندا، چاوه‌ڕوانی به‌شدارییه‌كی ئۆرگانیی عه‌قڵانییان لێده‌كه‌ن كه له‌ئاستی به‌رپرسیارێتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی قۆناغه‌كه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانیدا بێ.
رۆژنامەی کوردستانی نوێ




