٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئیدریس بارزانى پاڵپشتێکى بەهێز پەناهەندەکان و خەمخۆرى خانەوادەى شەهیدان و پێشمەرگە و هەژاران بوو

سەرچاوە: KDP.info

لە یادى سەرکردەى نەمر ئیدریس بارزانى دا...
پێشمەرگەى دێرین خدرمیرخان دۆڵەمەرى
ئیدریس بارزانى پاڵپشتێکى بەهێز پەناهەندەکان  و  خەمخۆرى خانەوادەى شەهیدان و پێشمەرگە و هەژاران بوو
خەبات: دەڤەرى بارزان – سەفە یوسف میرخان ژاژوکى
ئیدریس بارزانى هەمیشە زیندوو سەرکردەیەکى ناسراوى بزاڤى رزگاریخوازى کوردستانە، کە هەموو تەمەنى خۆى لە پێناو کوردایەتى تەرخان کرد، بە هۆى هەڵوێستە نەتەوەییەکانى و ئەو هەوڵە هەمیشەییانەى بۆ رێکخستنى ناوماڵى کورد وەک ئەندازیارى ئاشتى و تەبایى لە لاپەڕە زێڕینەکانى مێژوودا ناوى تۆمار بووە، سەرکردەیەکى خۆشەویست بووەو لەناو هەموو گەلى کوردستان بە کەسایەتیەکى بەرزو خەباتکارێکى نمونەیى دێتە ناسین، لە 26 ساڵەى کۆچى دوایى ئەم سەرکردە قارەمانە، بە پێویستمان زانى رێگاى دەڤەرى بارزان بگرینە بەر تاکو چووینە گوندى خەردن، ئەو گوندەى چەندەها جار لە لایەن دوژمنانەوە سووتاوەو وێرانى کردووەو خاوەن شەهیدێکى زۆرە لە بزاڤى رزگاریخوازى کوردستاندا.. لەو گوندە خۆمان گەیاندە خزمەت مام (خدر میرخان دۆڵەمەرى) ى تەمەن 78 ساڵ، براى شەهیدى فەرماندەى سلێمان میرخان و حەسۆ میرخان دوڵەمەرى و بەشدار بووى شۆڕشى ئەیلوولى مەزن، دواى نسکۆى شۆڕش ئاوارەی ئێران دەبێت و دواتر بەشدارى شۆڕشى گوڵان دەکات و یەکێک لەو پێشمەرگانە بووە کە نزیکى شەهید ئیدریس بارزانى بووە، هەروەها لە ماڵى ئەم تێکۆشەرە هەندێک وێنەو یادگارى هەبوون کە هەموو گوزارشتیان لە خەباتى پێشمەرگە و رۆژانى سەخت دەکرد، بە خۆشحاڵیەوە بە خێرهاتنى ئێمەى کرد..
• پێشمەرگەى قارەمان (خدر میرخان سلێمان) لە ساڵى 1935 بنەماڵەیەکى شەهید پەروەر و خەباتکار  لە گوندى خەردن سەر بە دەڤەرى بارزان لە دایکبووە  و هەردوو براى حەسۆ و سلێمان بەشدارى شۆڕشى دووەمى بارزانیان کردووە و لە تەمەنى 10 ساڵى بووە کە لە گەڵ بنەماڵەکەى ئاوارەى کوردستانى رۆژهەڵات بووە، لەوێشدا مام و هەندێک لە کەسوکارى بە هۆى ئەو نەخۆشیە کۆشندەیەى لەو کاتەدا بڵاوبۆتەوە گیان لە دەست دەدەن و برایەکانى شەهید حەسۆ و سلێمان هەردوکیان بەشدارى و بەرگریان لە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد کردووە و هەردووکیان یەکێک لە یاوەرانى بارزانیى نەمر بوونە بۆسۆڤیەتى جاران. لە دواى ئەوان خانەوادەکەیان ئاوارەیى و غوربەتى زۆرى کێشاوە  و براى قارەمانى سلێمان میرخان لە ساڵى 1962شەهید دەبێت، حەسۆ میرخان دۆڵەمەرى یەکێک لە فەرماندە قارەمانەکانى دەڤەرى بادینان بووە لە شۆڕشى ئەیلوول، بەخۆى و برای حاجى میرخان هەمیشە خەباتیان دەکرد بۆ رزگارى کوردستان و گشت بنەماڵەکەیان هەمیشە لە سەنگەرى تێکۆشان و بەرگرى لە خاک و نەتەوەکەیاندا بوونە،  لەمبارەیەوە مام (خدر میرخان) گوتى:
بنەماڵەکەى ئێمە هەردەم ئامادەى کوردایەتى و خەبات بوونە، برا قارەمانەکانم ئەوانیش هەمیشە هەڵوێستیان بۆ خزمەتکردنى ئامانجە پیرۆزەکانى بارزانیى نەمر بووە، لە دواى گەڕانەوەى هەڤاڵانى بارزانیى نەمر بنەماڵەکەمان لەگەڵ ئامۆاز و خزم و کەس و برایەکانم حەسۆ و سلێمان و حاجى یەکێک لەو پێشمەرگانە بووین کە بەشداریمان لە شۆڕشى مەزنى ئەیلوول کرد بە سەرۆکایەتى بارزانیى نەمر، شۆڕشێکى بەرخودان دواى قارەمانەیەتى و نەبەردایەتى حەسۆمیرخانى برام یەکێک لە فەرماندەکانى دەڤەرى بادینان لە شێخان بووە کە چەند بە خۆراگریى خەباتى کردو بەشداریمان لە داستانە بەناوبانگەکانى دەڤەرى بادینان و چیاکانى ترى کوردستان کردوە و یەکێک لە باوەڕ پێکراوەکانى بارزانیى نەمر بووە، ئێمە هەموومان هەمیشە خزمەتکارى رێگاى بارزانیى نەمربووینە بە شانازییەوە، هەتا براى خۆشەویستم سلێمان کە عاشقى رێبازى کوردایەتى بوو لەم رێگەیەدا گیانى خۆى فیدا کرد.
• جەنابتان یەکێک لە پێشمەرگەکانى نزیک شەهید ئیدریس بارزانى بوویت خوێندەنەوتان چیە بۆ ئەو سەرکردەیە، مام (خدر میرخان) گوتى:
ئیدریس بارزانى کوڕى رابەرى بزوتنەوەى ئازادیخوازى کوردستان بارزانیى نەمر بووە، کەسێک بووە هەرلە تەمەنى منداڵەیەوە لە رۆژگارێکى سەخت بۆ کوردایەتى لە دایکبووە، هەر لە تەمەنى لاویەتى هزرى کوردایەتى هەبوو و بوویتە پێشمەرگە. مرۆڤێک بوو چەند باسى رەوشتە بەرزەکانى بکەین تەواو نابێت، شەهید ئیدریس بارزانى هەمیشە خۆى بە یەکێک لە پێشمەرگەکانى کوردستان دەزانى، عاشقى رێبازى کوردایەتى باوکى و بنەماڵەى کورپەروەرى بوو، عاشقى چیایەکانى کوردستان بووە، مرۆڤێک بووە زۆر بەرەحم و دڵسۆز و هەژار دۆست و شۆڕشگێڕ بوو، ئیدریس بارزانى فەرماندە و سەرکردەیەکى رۆژانى خەبات بوو چ لە شۆڕشى مەزنى ئەیلوول و چ لە بەرپابوونى شۆڕشى گوڵان و تەنها ئاواتى رزگارکردنى کوردستان بوو، زۆر حەزى لە شیعرە نەتەوەیى و نیشتمانیەکان بوو. بە حەقیقەت شەهید ئیدریس بارزانى هەموو رۆژگارەکانى ژیانى تا توانى ئەوەى کە لە دەستى هاتبێت بۆ خزمەتى کوردستانى دەکرد، مرۆڤێک بوو کە پشت بە خواى گەورە کارەکانى ئەنجام دەداو هەمیشە دەیگوت: ئێمە خۆمان بە خزمەتکارى رێبازى بارزانى باوک دەزانین کە دەبێ ئاواتەکانى بە دەست بێت. هەمیشە ناوى و یادگارییەکانى خەبات و تیکۆشانى لە پێناو کوردستان بە زیندوویى دەمێنێتەوە.
• لێمان پرسى  دەتوانى هەندێک لە سیفەتەکانى شەهید هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانى لە ناو پێشمەرگەکانى دا باس بکەى، مام (خدر میرخان) کە چاوەکانى پڕببون لە ئەشک گوتى:
یادى بە خێر هەمیشە چەندەها جار کە دەچوومە لاى لە شۆڕشى ئەیلوول و یان گوڵان زۆرجار لەگەڵ براى فەرماندەم حەسۆ میرخان بووەو هەمیشە باسى شۆڕشیان دەکردو لە شەڕەکان کە چۆن سەرکەوتنیان بە دەست هێناوە... ئیدریس بارزانى  سەرکردەیەک بووە لە شۆڕشى مەزنى ئەیلوول کە بەرپرسى ئیدارەى عەسکەرى شۆڕش بووە و هەمیشە پاڵپشتى پێشمەرگە بووە و بە خۆى و سەرۆک مسعود بارزانى هەمیشە خۆشەویستى پێشمەرگە بوونە، بگرە لە شۆڕشى ئەیلوول چ وەک پێشمەرگە و فەرماندەی بەشدارى و فەرماندەیى چەندەها داستانى کردووە و هاوکارى رابەرى کوردستان بارزانیى نەمر بوو لە راپەڕاندنى ئیش و کارى پێشمەرگە و ئیدارەى عەسکەرى، هەمیشە ئیدریس بارزانى خۆى بە پێشمەرگە دەزانى لە رووى جل و بەرگ و خواردن وەک پێشمەرگە بووە و هەمیشە لە رۆژانى تەنگانە لەگەڵ پێشمەرگە ژیاوە و بگرە لە گەڵ بەرپا بوونى شۆڕشى گوڵان بە خۆى و سەرۆک مسعود بارزانى داینەمۆو قەڵابوونە بۆ بەرپابوونى شۆڕش و دوای کۆچى بارزانیى نەمر بە بەردەوام هێزەکانى کوردیان کۆکردەوە و هەموو پێشمەرگە و جەماوەرى پارتى کۆیان کردەوە چ لە ناو ئاوارەیى و غوربەت لە شارو شارۆچەکان و پارێزگاکانى ئێران و چ لە ناو ناوخۆى کوردستانى ئێراق  هەموویان چەکى شەرفیان لەمەل کرد بۆکوردایەتى. شەهید ئیدریس بارزانى بوو کە هەموو پێشمەرگەکانى لە ئاوارەیى کۆکردەوەو دیسان هەموویان  بۆ بەرخودانى کوردایەتى  و رێبازى بارزانیى نەمر درێژەیان بە خەبات دا، ئیدریس بارزانى کەسێک بووە کە شارەزاى تەواوى هەبووە لە پلاندانان بەرامبەر دوژمن، هەتا دەیفەرموو: بارزانیى نەمر فێرى کردین کە هەمیشە خۆمان بە خزمەتکارى گەل بزانین بۆیە دەبى خزمەتى کوردستان بکەین  ونابى هیچ کاتێک بیر لە شکست بکەنەوە و کۆڵنەدەر بین و هەموو کاتێک بیر لە سەرکەوتن بکەینەوە بۆیە ئێمەى پێشمەرگەین و شەرى مان و نەمانمان هەڵدەبژارد هەمیشە لە کاتى سەنگەرەکان ئێمەى پێشمەرگەى بە سەردەکردەوە و توجیهات و رێنماى و ئامۆژگارى  ئێمە پێشمەرگە دەکرد ئەو کات زۆر ناخۆش بوو زەروفێکى نەخۆش بوو و بە ئێمەى پێشمەرگەکان دەیگوت سەبرتان سەبرى برسیەتى و تینویەتى و ئەشکەوتەکان و بەفر و باران و بى جل و بەرگى هەبى و تەحەمولتان هەبى و نابى  نائومیدبن سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەیە  بە ئیمان و دڵەوە خۆمان لە پێناو ئامانجەکانى کوردستان فیدا کرد، بەڕاستى ئیدریس بارزانى ژیانى وەکو پێشمەرگەیەک بووە بۆ کوردایەتى.
• لە درێژەى قسەکانى لەبارەى رۆڵى شەهیدى هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانى لە ناو جەماوەرى کوردستان و ئاوارە کورد لە ئێران مام (خدر میرخان) گوتى:
لە ئاوارەیى پاڵپشتێکى بە هێز بووە بۆ ئاوارەکانى کوردى کوردستان، هەمیشە لە ئاوارەیى دا کە ئەوکات کە دەسەڵاتى رژێمى شاى ئێران بوو و لە ژێر کونترولى ساواک بوو شەهید ئیدریس بارزانى لەویشدا هەمیشە تەنزیماتى حزبى دەکرد لە رۆژانى ئاوارەى کەئەمە لە تەوریز و سەردەروو بووین کاک ئیدریس بارزانى سەردانى ئێمەى ئاوارەکانى کرد کەهەریەک لە شوێنک بوون لەوێدا دەیفەرموو: دەبى تەحمول بکەین و برایەتیمان پەتەو بکەین و ئێستاش یادى دەکەم کە ئاوارەکانى چاویان پێ کەوتن چەند گەرم و بە هێز بوون واتە پاڵپشتى ورەى مەعنەوى ئاوارەکان بووون لە هەبوون و نەبوون لە گەڵیان دا بووە، هەموو کاتێک لە گەڵ پەناهەندەکانى ئاوارەى کورد بووە و سەردانى ئەوانى دەکرد لە کێشە و گرفتەکانى ئەوان دەکوڵیەوە ئەگەر بە خۆى نەچووبایە نوێنەرانى خۆى دەنارد بۆیە شەهیدى هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانى  بووە پاڵپشتێکى بەهێز پەناهەندەکان  و هەروەها خەمخۆرى خانەوادەى شەهیدان و پێشمەرگە و هەژاران بوو، کەسێکى سیاسى و دیپلۆماتکار بوو هەمیشە هەر بووچونێک هەبووبێت لە سەرکوردایەتیى بوو، لە بیرەوەریەکانم لە یادمە کە  هەندێک کەس یان ئەوانەى کێشەیان هەبوو کە دەچووە لاى کاک ئیدریس بە شێوەیەک دڵى دەدایەوە،  کە لە مەجیلسى دەهاتەوە دەرەووە بە دڵێکى دڵخۆشکەر دەچوویەوە. بۆیە هەرکەسێک کە دەچوویە لاى لە کێشەو گرفتەکانى دەپرسى و نەرم و نیان کێشەکانى چارەسەر دەکرد، هەر لەیادمە کاتێک لە شۆڕشى گوڵان لە ئاوارەی کە ئێمە بەچەندەها مانگ و ساڵ نەدەچووینەوە ناوماڵى خۆمان کاک ئیدریس سەردانى ماڵى پێشمەرگەگانى دەکردلە هەرشاریک یان ناوچەیەک بووایە و ئەو دڵەنوایى دەکردنەوە و هەتا کاتێک دەچوو ناو ماڵى هەرپێشمەرگەیەک ئەحواڵى ئێمەى پێ دەگەیاند و یاخود چ لازمە بۆ ماڵى پێشمەرگە کردبووایە ئامادە خۆى رادەگەیاند. ئیدریس بارزانى هەمیشە خێزانى  پێشمەرگەکان  و منداڵى شەهیدان بەسەر دەکردەووە هەوڵیداوە گیروگرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکات و بە چاوى باوکێکى دڵسۆز سەیرى منداڵانى شەهیدان دەکردو هەموو کات لە بۆنەیەکدا بەسەریکردوونەتەوە، هەمیشە هانى قوتابیان و لاوانى دەدا کە دەبێ بخوێنن  و دواى تەواوکردنى خوێندن بڕۆنە دەرەوە بخوێنن و بگەڕێنەوە خزمەتى وڵاتەکەیان بکەن، زۆر لاوى کوردى رەوانەى دەرەوە کرد، بە حەقیقەت کاک ئیدریس بارزانى و سەرۆک مسعود بارزانى  پشت و پەنای هەموو ئاوارەکانى کورد لە ئێران بوونەو لە ناو دڵى جەماوەر و پێشمەرگەدا بوون.
• مام(خدر میرخان) دەتوانى لە بیرەورییەکانت هەندێک لە سەر پەیوەندى نێوان شەهیدى هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانى و سەرۆک مسعود بارزانى بۆمان باس بکەى، لەمباریەوە گوتى:
شەهیدى نەمر کاک ئیدریس  بارزانى و سەرۆک مسعود بارزانى هەردووکیان بەردەوام لەسەر رێبازى باوکى کە درێژەدەرى بزاڤى رزگاریخوازى کوردستان بوو خەباتیان کرد. هەردووکیان لە گەڵ باوکیان لە شۆڕشى ئەیلوولى مەزن رۆڵێکى بەرچاویان هەبوو بۆ ئاواتەکانى کوردستان.  هەردوگیان پێکەوە بوون بۆ برەودان بە رێبازى باوکیان و سەرسەختانە رۆژەگارەکانى کوردایەتیان هەڵبژارد بوو هەمیشە خەمخۆرى میللەتى کوردستان بوون، کاک ئیدریس بارزانى لە گەڵ سەرۆک مسعود بارزانى دا براو هەڤاڵێکى زۆر بەڕێز و خۆشەویستى یەکتر بوونە، لە تێکۆشاندا هاوکارى یەکتر و دوو هاوسەنگەرو دوو هێزى پڕ مەعنەوى کوردایەتى بوون، جگە لە برا وەک چیایەک بوون هەمیشە پاڵپشتى یەکتر بوون و کارەکانیان پێکەوە ئەنجام دەدا  هەردوکیان رۆژ بە رۆژ بە هێزتر دەبوون جەماوەر پاڵپشتیان بوون و هەردووکیان ئەوەیان سەلماند کە کورد نامرێت و شۆڕش بەردەوامە بۆیە مێژوو دەزانى کە چەند خەباتکارانە بوونە پێکەوە بۆ پارتى و سەرکەوتنى رێبازى باوکیان.

• لە کۆتاییدا مام (خدر میرخان) بۆ یادى 25 ساڵەى کۆچى دوایى شەهیدى هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانى، گوتى:
کە یادى کۆچى دوایی ئیدریس بارزانى دەکەین مێژووى خەباتێکى خوێناویمان دەێنێتەوە یاد، بیرى رۆژانى سەخت و خەباتى پێشمەرگایەتى، ئەو رۆژانەى کە لە گەڵ پێشمەرگە دا بووە و یادى ئەو سەرما و گەرماو رۆژە ناخۆشەکان و یادى ئەو روحیەت و گیانە بەرزو نەبەزیوەى کە خۆراگرانە کاروانى خەباتى گەیاندە راپەڕین و سەروەرییەکانى ئەمڕۆمان، ئەمڕۆ بەشێکى بەرچاو لە ئاواتى بارزانیى نەمر و شەهید ئیدریس کە کوردستانى سەربەخۆ بوو بە دەست هاتووە، ئەمرۆ خاوەن ئاڵاى کوردستان و حکومەت و پارلەمان و سەرۆکى کوردستانین کە سەرۆک مسعود بارزانیە و بە بەردەوامى لە سەر رێبازى باوکى و براى ئیدریس بارزانى دەروات  بۆ تەبایى و ئاشتى و زیاتر سەرکەوتنى کوردستان خەبات دەکات، بە داخەوە  شەهیدى هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانى  سەرکردەى رۆژە سەختەکانى خەبات رۆژى31/1/1987 ماڵئاوایى لێمان کرد، سەرکردەى ئاشتى خواز و سیاسەتوانى کوردستان  و سەرکردەى بزاڤى رزگاریخوازى کوردستان هەموو گیانى خۆى بەخت کرد بۆ ئەمڕۆى کوردستان و وەفاتى ئەم سەرکردەیە بووە رۆژێکى تاڵ و کارەساتێکى دڵتەزێن. بۆیە لەو رۆژەدا دا لەم یادە دا دەبێ هەموو خەڵکى کوردستان پاڵپشتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەرۆک مسعود بارزانى بن، نەهێڵین ناحەزانى کورد وەزعى کورد و ژیانى کورد تێکبدەن دەبێ یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بین ئەم دەسکەوتانە  دەبێ بە هەموومان بیپارێزن. لە کۆتاییدا هەزاران سڵاو لە گیانى پاکى شەهیدانى کوردستان و سەروەریان بارزانیى نەمر و کاک ئیدریسى هەمیشە زیندوو.
تیبنى: ئەم بابەتە لە ژمارەى (4249) لە رۆژنامەى خەبات لە(31/1/2013) بڵاو بویتەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار