٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کڕاندنی برینەکان

سەرچاوە: KDP.info

زکری مووسا
پەلکێشکردن و ناچارکردنی خەڵک بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی شەڕی نێوخۆیی بەشێکە لە یارییەکی کەمبەها و نابەرپرسانە کە هەندێ سیاسی و میدیاکاری پارلەمانتار دەیکەن لە پێناو شێواندنی باری دەروونی خەڵک و ماندووکردنی سیستەمی سیاسی بۆ ئەوەی دواجار چەند پۆینتێکی سیاسی ئیزافەی دەستکەوتی حزبیان بکەن.
پاش ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی دانیشتنەکانی (داڤۆس)ـدا پەنجەی بۆ دەستکەوتێکی خەڵکی کوردستان درێژ کرد و ڕایگەیاند لە هەرێم زیندانیی سیاسی بوونی نییە ژمارەیەک سیاسی کەوتنەخۆ و لەبری پاڵپشتیکردنی ئەو دەستکەوتە و پشتڕاستکردنەوەی واقعحاڵی کوردستان دەستیان بۆ بیرهێنانەوەی بابەتێک برد کە هیچ مانایەک ناگەیێنێ جگە لە زیندنەوکردنەوەی کەشوهەوای شەڕی نێوخۆ و درێژکردنەوەی بۆ سەردەمی ئێستا.
جموجۆڵی ژمارەیەک سیاسی و نووسەر بۆ دروستکردنی کەشوهەوای شەڕی نێوخۆیی و بیرهێنانەوەی برینەکانی شەڕی شوومی نێوخۆیی لە کاتێکدا کوردستان بە سەربەرزییەوە ڕووی لە داهاتوویە لە ڕاستیدا جێگەی نیگەرانییە. شەڕی نێوخۆیی ناشرینترین ئەزموون بوو گەلەکەمان پێیدا تێپەڕ بوو و تێکڕای لایەنە سیاسییەکان لێی بەرپرس بوون و دەستیان لە بەردەوامیی ئەو شەڕە هەبووە. زۆر ڕاستە شەڕی نێوخۆیی قوربانی و بێسەروشوێنی هەبوو. بریندار و ئاوارە و کاولکاری هەبوو. بوو بە هۆی لێکترازان و دوو ئیدارەیی و بێمتمانەی و دواکەوتوویی. بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی داگیرکارانی کوردستان بتوانن دەست بخزێننە نێو ململانێی هێزە کوردییەکان و ترس و نائومێدی و هەژاریی خەڵک و کۆچ بەرەو هەندەرانی لێ کەوتەوە. گەلێک ئەنفال و کیمیاباران و کۆڕەو و سەد ساڵ نەهامەتیی بینیوە شاییستە نەبوو لە شەڕێکی خۆکوژیدا تێوەبگڵێت. خۆشبەختانە ئەو قۆناغە بە خێرایی تێپەڕی و کوردستانیان زوو توانیان پشت لەو قۆناغە شوومە بکەن  و خێراتر لە گەلانی دی بەرەو ئاشتەوایی هەنگاو بنێن. کوردستان نابێ بەرەو دواوە بگەڕێتەوە ئەوە ویستی تێکڕای دانیشتوانی هەرێمی کوردستانە. ئەگەر هێنانەوەی هەورە تاریکەکانی شەڕی نێوخۆ حەزی بەشێک لە سیاسییەکان بێت خەڵک بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بیرهێنانەوەی نین. ئەگەر نوخبەی سیاسی بۆ مەکاسبی سیاسی بەردەوام بیانەوێت خۆی پێهەڵواسن و بە چڕنووککێشان بەسەر برینی گەلەیان شەرعییەتێک بدەنە زبریی خۆیانەوە ئەوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە سەردەمێکی دیدا دەژین و خەونی کیانی نەتەوەیی و سەربەخۆییان هەیە. سەردەمێک کە ڕق و هەڵەی مێژوویی خەڵک ئاڕاستە ناکات بەڵکو بووژانەوە و ئومێد و کرانەوەیە بەرەو ئاییندەیان تاو دەدات.

نەبوونی زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا دەستکەوتێکی مەزنە هەم بۆ خەڵکی کوردستان و هەمیش بۆ تێکڕای لایەنە سیاسییەکانی کوردستان. لە کاتێکدا دەوراوپشتی هەرێم لێوانلێوە لە سەرکوتکاری و زیندان و خەفەکردنی دەنگی جیاواز، بوونی ئازادیی سیاسی لە کوردستاندا پێگە و ئیعتباری گەلی کورد لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و سیاسەتی جیهانی  چەند هەنگاوێک دەباتە پێشەوە. ئەوەیان بابەتێکە پێویستە هەموومان بیپارێزین و گەشەی پێ بدەین و پێشی بخەین.
نەبوونی بەندیی سیاسی لە وڵاتێکدا بەو مانایە دێت کە ئەو وڵاتە توانیویەتی لە بوارەکانی دیکەی ژیانی مەدەنی و دیموکراسیدا پێشڤەچوونی ئیجابیی بەخۆیەوە ببینێت. ئەو کرانەوە و گۆڕانکارییانەی لە هەرێمی کوردستاندا و لە ماوەیەکی کەم هاتوونەتە کایەوە جێگەی سەرنجە. بوونی ئۆپۆزیسیۆن و فرەلایەنی و ژمارەیەکی زۆری میدیا و حکوومەتی ئیئتیلافی و هەڵبژاردنەکان و گەشەی هۆشیاریی سیاسیی هاووڵاتیان و نەبوونی سانسۆڕی چاپەمەنی و دەیان بابەتی گەواهیدەرن لەوەی کوردستان کەوتووەتە سەر ڕێگەیەکی دروستەوە و بەرە و پێشەوە هەنگاو دەنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار