٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەوڵەتی یاسا و تیۆری پیلان

سەرچاوە: KDP.info

فەیسەڵ دەباغ

هەر جارێ كە دەوڵەتی یاسا تووشی شكست دەبێت، یەكسەر ماشێنە ڕاگەیاندنەكەی دەست بە شاڵاوێك دەكات دژ بە لایەنەكانی دیكە، بە شیعە و سوننە و كوردەوە و وا نیشانی خەڵكی دەدات كە ئەم شكستەی لە ئەنجامی ئەو پیلانەیە كە ئەم لایەنانە دژ بە دەوڵەتی یاسا و خودی مالیكی ئەنجامی دەدەن.

پرسیار ئەوەیە: كێ پیلان دژ بە دەوڵەتی یاسا دەگێڕێ، هاوپەیمانیی نیشتمانی، هاوپەیمانیی كوردستانی، لیستی ئەلعێراقییە، یان ئەنجوومەنی نوێنەران؟

بە دیدی دەوڵەتی یاسا ئەمانە هەر هەموویان لەو پیلانە بەشدارن، چونكە هەر لە سەرۆكەكەیانەوە (سەرۆكوەزیران) تا دەگاتە ساكارترین ئەندام گومانیان لەوە هەیە كە هەر كەسێك لە دەوڵەتی یاسا نەبێت، پیلانگێڕە و پیلان دژ بە دەوڵەتی یاسا دەگێڕێ و نایەوێ مالیكی لەو ئەركەی خۆیدا سەركەوێ و بۆ ویلایەتی سێیەم هەڵبژێردرێتەوە.

ئەمە ڕاڤەی ئەوانە و تەنیا شتیش كە باوەڕیان پێیەتی، تیۆری پیلانە كە دەڵێ: هەر كەسێك لەگەڵم نەبێت دژمە. كە ئەمەیش بەداخەوە كولتوورێكی حزبە فاشیستەكانە كە دەیگوت ئەوەی فاشیست نەبێ دژی نیشتمانە و ئەوەی دژی نیشتمانیشە خائینە و ئەوەی خیانەتیش بكات دەبێت كۆتایی بە ژیانی بهێندرێ، برایانی دەوڵەتی یاسایش لە قۆناخی یەكەمی ئەو قۆناخانەن و تیۆری قۆناخەكانیش تا ئێستا لە عەقڵییەتی سەرانی ئەو لایەنەدا هەر ماوە.
كەواتە ئەندامانی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە غەیری دەوڵەتی یاسا (ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و ڕەوتی چاكساری و ڕەوتی سەدر و حزبی فەزیلە) بەپێی ئەو تیۆرەی دەوڵەتی یاسا پیلانگێڕن و نایانەوێ سەرۆكوەزیران لەو كارەی خۆیدا سەركەوێ.

لە ڕاستیدا لەناو شیعە دوو دیدی جیاواز هەیە كە یەكێكیان پێی وایە گۆڕینی مالیكی كارێكی خەتەرناكە و كار دەكاتە سەر ناوماڵی سیاسیی شیعی كە ئەمەیش بە هیچ شێوەیەك نایەتە قبووڵكردن، بە تایبەتی ئەوانەی سەر بە ئێرانن كە پێیان وایە لابردنی مالیكی لەو پۆستە، دۆخی سووریا تێك دەدات كە ئەمەیش هێڵی سوورە، چونكە بە درێژایی تەمەنی شۆڕشی سوورییەكان مالیكی توانیویەتی خاكی عێراق بكاتە قوڵایەكی ستراتیژی بۆ هێزەكانی ڕژێمی سووریا بە بێ ئەوەی ئەمەریكا دژ بەو هەڵسوكەوتە قسەیەك بكات. هەر ئەوانەیش پێیان وایە كە بە هۆی مالیكییەوە شیعە توانیویەتی دەست بەسەر دەستەڵاتدا بگرێ لە عێراقدا، بۆیە دەرچوونی ئەو كابرایە لە دەستەڵات لەوانەیە كۆتایی بە دەستەڵاتی شیعە لە عێراقدا بهێنێ و دۆخی سووریایش بكەوێتە ئاڕاستەیەكی دیكەوە كە ئەمەیشیان لە بەرژەوەندیی ئێراندا نییە.

دیدی دووەمیش پێی وایە مانەوەی مالیكی لە دەستەڵاتدا یەكپارچەیی خاكی عێراق دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە وەكو بەشێكی دیكەی شیعە نایانەوێ وەكو شیعە بەرگەی بەرپرسیارێتیی دابەشبوونی عێراق بگرنە ئەستۆ و ڕووداوەكانی ئەم دواییەی فەللوجەیش دەكەنە نموونە و پێیان وایە دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوانە عێراق بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەبەن.

ئەم دیدە سەماحەتی عەلی سیستانی نوێنەرایەتیی دەكات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم دیدەی خۆی سەربخات، وەلێ وەكو سەرەتایەك هانی لایەنەكانی دیكەی شیعەی داوە كە دوو شاند بنێرن، یەكێكیان بۆ لای مالیكی و دەوڵەتی یاسا بۆ دانانی میكانیزمێكی نوێ لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانیی نیشتمانی و وەرگرتنی بڕیار بە شێوەیەكی جەماعی نەك تاكڕۆیانە وەك ئەوەی مالیكی دەیكات و شاندی دووەمیش بۆ ئێران تا پێیان بڵێن ناكرێ دۆخی سووریا بە دۆخی عێراقەوە بەند بكرێ و بەرژەوەندیی شیعە لەوەدایە كە مالیكی بێتە گۆڕین و یەكێكی دیكەی شیعی جێی بگرێتەوە.

ئەم هەڵوێستەی لایەنەكانی دیكەی شیعە بە چاوێكی تەخوینەوە لە لایەن مالیكی و دەوڵەتی یاساوە سەیر دەكرێ و بە هەموو توانایەكەوە دژایەتی دەكرێن و لەسەر كار لا دەبرێن، بە تایبەتی لە پێگە هەستیارەكاندا.

باشە ئەگەر ئەندامانی دیكەی هەوپەیمانیی نیشتمانی كە هاوبەشی دەوڵەتی یاسان بەم شێوەیە ڕەفتاریان لەگەڵ دەكرێ، ئەی چی بەرانبەر بە هاوپەیمانی كوردستانی و لیستی ئەلعێراقییە بڵێین كە ڕۆژ نییە تۆمەتی جۆراوجۆریان نەخرێتە پاڵ كە دوایینیان ئەوە بوو كە هاوپەیمانیی كوردستانی و لیستی ئەلعێراقییە هاوبەشن لەو پیلانەی كە توركیا و قەتەر و سعوودیە دژ بە مالیكی دەیگێڕن، یان ئەندامانی ئەو دوو لیستە و هەروا هەندێ لایەنی شیعی كار بۆ كودەتایەكی عەسكەری دەكەن و خۆپێشاندانەكانی نەینەوا و سەڵاحەددین و ئەنبار و دیالە و بەشێكی بەغدا، پیلانێكی دەرەكییە و كوردیش دەستی لەو پیلانەدا هەیە. بەڵام ئایا ئەمە شتێكی ژیربێژەكییە كە مالیكی و دەوڵەتی یاسا دەیكەن؟ ئایا تیۆری دەوڵەتی یاسا ڕاستە یان عەلاگەیەكە فەشەل و نەزانینی خۆیان لە كاری حكوومی (سیاسی و پیشەیی) پێ هەڵدەواسن؟

بەڵێ عەلاگەیەكە، چونكە تێگەییشتن و زانینیان نییە، نەك هەر سەرۆكوەزیران، بەڵكوو ڕاوێژكارانیشی ئیستیعابی ئەوە ناكەن كە سیستەمی حوكم لە عێراقدا سیستەمێكی پەرلەمانییە، واتە تەنیا پەرلەمان سەرۆكوەزیران دادەمەزرێنێ و هەر ئەویش لایدەدات و هەر ئەو پەرلەمانەیش مافی بانگهێشتنی، بەڵێ بانگهێشتنی نەك میوانداریی سەرۆكوەزیران و وەزیرانی هەیە، بۆیە ئەگەر پەرلەمان دیتی سەرۆكوەزیران كەمتەرخەمە، دەستوور مافی متمانەلێسەندنەوەی دەداتێ، واتە دەتوانێ لایدات و كەسێكی دیكە لە جێگەی دابنێ، نەك پەنابردنەبەر ئەم یان ئەو دەوڵەت.

بەداخەوە ئەم ڕاستییە نایەتە قەبووڵكردن نەك هەر لەلایەن دەوڵەتی سەرۆكوەزیرانەوە، بەڵكوو لە لایەن ئەوانەی كە لە دەوروپشتییەوەن، چونكە پێیان وایە لەدەستدانی پلە و پایەكانیان یەكەم ئیهانەیەكی شەخسییە و دووەم ئیمتیازاتەكانیان لە دەست دەچێت.
كەواتە دوژمنی سەرەكیی سەرۆكوەزیران پەرلەمانە كە پێی وایە ئەو پەرلەمانە لە ڕێی ئەندامانی غەیری دەوڵەتی یاسا نایەوێ سەركەوێ، ئەمە لە كاتێكدایە لە بیری خۆی دەباتەوە كە ئەگەر پەرلەمان دژایەتیی بكات، خۆ یەكسەر دەتوانێ لایدات.

ئەگەر نیوەی هاوپەیمانیی نیشتمانی و هەموو هاوپەیمانیی كوردستانی و لیستی ئەلعێراقییە ڕێك بكەون، دەتوانن زۆر بە ئاسانی لایدەن، هەروەك ئەوەی لە دەنگدانەكەی سەر دیاریكردنی ماوەی سێ سەرۆكایەتییەكە ڕووی دا كە بە بێ دەوڵەتی یاسا لایەنەكانی دیكەی شیعە و كورد و عێراقییە توانییان یاساكە تێپەڕێنن.

سەیر لەوەدایە پاش ئەو دەنگدانە ئەندامێكی دەوڵەتی یاسا داوای كرد كە لەمەودوا دەبێ سیستەمی پەرلەمانییەكەی عێراق بگۆڕێ و ببێ بە سیستەمی سەرۆكایەتی، ئەمە لە كاتێكدا ئەوانەی خۆمان لە كوردستان داوای پێچەوانەیان دەكرد بە هەنجەتی ئەوەی كە ئەمەی كوردستان لەگەڵ سیستەمەكەی عێراقدا ناگونجێ!!

هەواڵی پەیوەندیدار