ئۆپۆزسیۆن گەڕانەوە بۆ کارەساتەکان، یا بیرکردنەوە لە دوارۆژێکی لەبارتر!!
چاودێرێک
مێژوو ئەوە نییە کە هەر یەک لە ئێمە ئارەزووی دەکات و دەینووسێتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە روویداوە و بەهەموو رەهەند و ئاراستەو ئازار و خۆشیەکییەوە. گەلێکجاران هەندێک لایەن لە پێناو وروژاندنی مەرامە حزبییەکانیان دەیانەوێت خەڵک بۆ لای مێژووێک بگێڕنەوە، کە هیچ لایەنێک بەرنامەرێژی بۆ نەکردووە و وابەستەی هەڵومەرجێک بوو کەس ئومێدی گەڕانەوە بۆ رۆژە ناخۆشەکان ناکات، چونکە ئەوەی روویدا درێژبووەوەی ئەو ناکۆکی و رکابەرییە سیاسی و کێشانە بوون کە لەئەنجامی دەیەها ساڵ کەلەکەبوونی کێشەکان سەریان هەڵدابوو، کە بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانییە. بەڵام ئەوەی لە گوتار و مەرامە سیاسی و حزبییەکانی هەندێک کەس و لایەن دەخوێنرێتەوە، فێربوون لە مێژوو نییە، بەڵکو دروستکردنەوەی رقلێبوونەوە و بەکارهێنانی رووداوە ناخۆشەکانە لە پێناو وروژاندنی هەست و نەستی خەڵک و دژایەتی هەموو ئەو پێشکەوتنانەیە کە کوردستان بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەو بەناو سیاسی و دەنگهەڵبڕانەی بۆ مێژوو خۆیان لە قوڕ ناوە، لە بیریان چووە لە سەرتاسەری مێژووی گەلانی دونیادا کارەساتی دڵتەزین و ناخۆش هەن، ئەوەی شارەزای مێژووی ئەمەریکا بێت، باش لە رووداوەکانی شەڕی ناوەخۆیی ئەو وڵاتە دەگات، ئیسپانیا و کارەستای شەڕی ناوەخۆیی بەلگەی ئەوەن کە رەوتی شارستانی و مرۆیی چەندە کێشەی ئازاربەخشی تێدابووە، لە زۆر شوێنی دیکەدا مرۆڤەکان بوونەتە قوربانی ژمارە رووداوێکی نەخوازراو، بەڵام ئەوەی گرینگە لەم رووداوانە فێربوون و بیناکردنی دوارۆژێکی باشترە بۆ مرۆڤەکان و بۆ ئاسایشی نەتەوەیی. تەنیا هاووڵاتیانی وڵاتێکی وەکو ئەمەریکا لە پێناو فێربوون لە مێژووی شەڕی ناوەخۆیی ئەمڕۆ وانەکانی ئەم رووداوە داهێزراوانە دەخوێنن، نەک بۆ دوبارەکردنەوە و کوڵاندنەوەی برینەکان، بەلکە لەپێناو پێکهێنانی کەسایەتییەکی نوێی نیشتمانی و بەمتمانە و لەخۆبردوو باسی رابردوو دەکەن.
هەروەها لە ئەوروپادا کارەساتەکانی جەنگ سەدان بەسەرهات و کردەوەی نامرۆڤانەی تێدا تۆمارکراوە، مەسەلەی هۆلیکۆست و شەڕی ئایدیۆلۆژی بەلشەڤییەکان و لایەنگرانی دەسەڵاتی قەیسەر، ئەلمانیا و ئیتالیا کە سەرینی سیاسەتی هیتلەر و مۆسۆلۆنی بە ملیۆنان کەس بوونە قوربانی. جگە لە ئەفریقیا و ئاسیا کە پڕیەتی لە کێشەی ناوەخۆیی، بەڵام هیچ کاتێک لایەنە سیاسییەکان ئەم رووداوانە لە پێناو شکاندنی وڵاتەکانیان بەکارناهێنن و مێژوو بە حزبی و سیاسی و مەرامخوزی ناکەن، بەڵکو لایەنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەکو پەندێکی مێژوویی پێداچوونەوە بە رووداوەکان دەکەن. لە مێژووە ناخۆشەکاندا ئایندەیەکی نوێ و دوارۆژێکی باشتر کە پڕیەتی لە بڕوابوون بە نیشتیمان و خۆشەویستی و هەڵسانەوە دروست دەکەن. بەڵام پێچەوانەی ئەوە لە کوردستاندا کەسانێک بۆ موزایەدە کردن بە مێژوو دەیانەوێت رووداوەکان وەکو ئاوکردنە ئاشتی کارەساتەکان و خۆشکردنی زەمینەی ناکۆکی و خوێکردن بە برینەکان بەکاربهێنن.
لەم رۆژانەدا سەرۆکی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپەرسی یەکەمی خاچی سوری نێودەوڵەتی باسی بارودۆخی سیاسی و نەبوونی زیندانی سیاسی لە کوردستان کردووەو ئەم راستییە یەکەمجار نییە بائاشکرا و لەبەردەم رای گشتی ناوەخۆیی و دەرەکی وەکو ماکێکی ئیجابی لە پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی کاری سیاسی و رێکخراوەیی ئاماژەی پێدەکرێت، کەچی هەندێک دەیانەوێت وەکو فیشەکە شێتە بتەقنەوە و هاواریانە کە کوردستان وەها نییە.. دەیانەوێت بێژن کوردستان لە سەردەمی شەڕی ناوەخۆدا خەڵکی تێدا فەوتاوە و زیندانی سیاسی تێدا هەبووە و وەکو ئەوەی هیچ جارێک لایەنە بەرپرسەکان راشکاوانە لەبەردەم راگەیاندنەکان باسی ئەم کێشەیان نەکردبێت. وەلێ ئەوەی جێگەی لێوردبوونەوەیە هەندێک بە مەنتقی خۆیان ئەم قسانە لەم کاتەدا بۆ شکاندنی یەکتر و هەندێکیشیان بۆ خۆ بە مرۆدۆست نیشاندەر و خۆدەرخستن لە پێشتی مەڕ دەوروژێنن، تەنیا دوور نییە هەندێک لەوانە خۆشیان ئەو کات بەشێک بووبن لە بڕیاردەری رووداوە دڵتەزێنەکان.
کوردستان وەکو زۆر جێگەی دونیا بە گەلە کارەساتێک تێپەڕیوە کە هیچ لایەنێکی بەرپرس و هیج دڵسۆزێکی کوردستان خوازیاری ئەوە نییە ئەم رۆژە ترسناکانە دوبارە ببنەوە، بە پێچەوانە کار بۆ یەکرێزی و پێشکەوتنی کوردستان دەکەن و لە رێگەی پەیوەندی متمانەدار و دۆستایەتی هاوبەش کار بۆ کوردستانێک دەکەن، کە شەڕە خۆکوژییەکان تەنیا وەکو پەند و دوبارە نەبوونەوە لە بیر و هۆشی خەڵکدا سودیان لێوەبگیرێت. نابێت لەبیری بکەین کوردستان ئەمڕۆکە لەسایەی رۆلی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی کوردستان و حکوومەتی هەرێم و هاپەیمانی ستراتیژی ( پارتی و یەکێتی) و حزب و لایەنە سیاسییەکان هەنگاوی خێرا بەرە و دوارۆژێک دەنێت، کە مێژووی شانازیان پێوەدەکات، وڵات و گەلانی دونیاش بە چاوی رێز و بایەخەوە سەیری قوربانی و هەلسانەوەی گەلی کوردستان و بیناکردنی دیموکراسیەت و ئارامی و پێکەوەژیان و فرەیی لە ئاین و ئایدیۆلۆژیا و نەتەوە دەکەن.
کەس ناتوانێت نکۆلی لە مێژووی خۆی بکات، بە خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە، بەڵام هێج لایەنێکی بەرپرس و دڵسۆز هیوای ئەوە ناخوازن لەرێگەی ورژاندنی رووداوە دڵتەزینەکانەوە رای گشتی دونیا بکاتە دژی خۆیی و برینەکان بکوڵینێتەوە و ئازاری هەموو کەس و لایێک بدات، تەنیا باسکردنی رووداوەکان لە کاتی هەنووکە بەقەد ئازارەکان ، ئازاری سیاسی و دەروونی هاووڵاتیانی کوردستان و قوربانییەکانی ئەم رووداوە ناخۆشە نەخوازراوانە دەدات.. بۆیە ئەگەر هەندێک کەس بیەوێت لەسەر موعاناتی خەڵکی بژیت لەرێگەی گەڕانەوە بۆ کارەساتەکان، باشتر وایە بایەخ بە یەکڕیزی و یەک گوتاری و پەرەپێدانی ئەم کەشوهەوایە لە بارە بدات کە هەنووکە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دروست بووە، هەروەها لەجیاتی کەمکردنەوەی ئیرادەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا، هانی خۆیان و خەڵک بدەن لە پلانەکانی ئەو لایەنانە بەئاگا بێنەوە کە بە ئاشکرا دەیانەوێت پێشکەوتنی کوردستان رابگرن!!




