بودجە لە ڕوانگەی بەرنامەی لیستی كوردستانییەوە

سالار مەحمود/ ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
بودجەی هەرێمی كوردستان ساڵانە چەندین جەدەلی جۆراوجۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لەناوەوە و دەرەوی پەرلەمان و لەڕێگەی كەناڵەكانی راگەیاندن و ناوەندەكانی دیكەوە تێڕوانینی جۆراوجۆری خۆیانی لەسەر دەردەبڕن.
ئەمەش بەشێوەیەكی گشتی یەكێكە لەدیوە ئیجابییەكەی پرۆسەی سیاسیی هەرێمەكەمان. بێگومان هەموو ئەو مشتومڕەش راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بووەتە مایەی دەوڵەمەندكردنی وتاری رەخنەیی و لەخزمەت بەرەوپێشەوەبردنی پرۆسەكەدایە. لەسەر ئەو بنەمایەی دواجار بوونی ململانێی سیاسی و دیدگای جیاواز لە بەرژەوەندیی هەموولایەكدا تەواو دەبێت. بێشك ئەو جەدەلانە چەند پەیوەندیی بە شەڕی بەرژەوەندییەكانی خەڵك و هاووڵاتیانەوە هەیە، چەند پەیوەندیی بە ئیشكال لەسەر جۆری مامەڵەكردن لەگەڵ داهاتو و خەرجییەوە هەیە، هێندەش پەیوەستدارە ململانێی سیاسیی رووت و كێشمەكێش لەسەر دەسەڵاتو پەیوەندیداریشە بەدیدگای سیاسیی جیاوازەوە لەسەر ئیدارەدانی هەرێم.
بەڕاگوزەرێكی خێرا لەماوەی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا بە ئەمساڵەوە چوارەمین ساڵە لە كوردستاندا گفتوگۆی بودجە بۆتە بابەتی گەرمی ناو پرۆسەی سیاسی. فراكسیۆنی كوردستانی و هاوپەیمانەكانی وەك لایەنی متمانەپێدەر بە حكومەت، لە دیدگای بەرنامەكەی خۆیانەوە سیاسەتی ئابووری بە مانا فراوانەكەی و سیاسەتی دارایی لە دوو توێی پڕۆژە بودجەی ساڵانە دادەڕێژن.
واتە دەستكەوت و بەدیهێنانی خواستەكانی خەڵكی كوردستان و ئاڕاستەكردنی ئەو گوژمە و مەبلەغانە لە ڕوانگەی ستراتیژیەتی لایەنی حوكمڕانەوە ئاڕاستە دەكرێت. بەڵام دواجار نابێت ئەوەش لەیادبكرێت ئەو پشكەی چ لە حكومەتی ئیتحادییەوە بەر هەێمی كوردستان دەكەوێت و دێت، لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێمەكە.
تێكڕای قووتی خەڵكی كوردستانە و مافیانی تێدایە. هەر لەو دیدەشەوە ئەو بۆچوونە راستە كە هەقی هەموو لایەكە هەم قسەی خۆی هەبێت لەسەر چۆنێتی دابەشكردنی بەسەر سێكتەرە جیاجیاكانی ژیانی خەڵك و دامەزراوەكانداو خەرجكردنی. هەم بزانێت چۆنچۆنی ئەو بابەتانە ئاڕاستە دەكرێت.
واتە هەقیانە بزانن بە چ مەبەست و لەسەر چ بنەمایەك ئەو داڕشتنانە روو دەدەن. بەڵام دواجار حكوومەت و لایەنەكانی متمانەپێدەری حكوومەت بەرپرسیارێتی هەرە سەرەكییان دەكەوێتە ئەستۆ لەچۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەیسە گشتییە هەستیارەدا.
لەماوەی ئەم چوارساڵەدا هەر لەئامادەكردنی پڕۆژە بودجەی پێشنیازكراو كە لەحكومەتەوە ئاڕاستەی پەرلەمان دەكرێت تا گفتوگۆكانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان و پەسەندكردنیشی كەرەستە و بابەتێكە هەق وایە شارەزایانی بواری دارایی و ئابووریی توێژینەوەی لەبارەوە بكەن و تەنانەت وەك بابەتی توێژینەوەی زانكۆییش گرنگی خۆیان هەیە، بەتێڕوانینی گشتی خۆم ساڵ بە ساڵ لەو نێوانەدا توانراوە هەنگا و بەهەنگا و تا ئاستێك هەر لەشێوازی ئامادەكارییەوە تاگفتوگۆ و پەسەندكردنی پرۆژەی بودجە بەرچا و روونی بە هەموو بار و بوارەكاندا زیاتر دروست ببێ و پەند لەهەڵە و كەموكوڕییەكان تا ئەو ئاستەی ئیمكان بووە وەربگیرێت.
هەرچەندە هێشتا ناتوانرێت بووترێت هەموو كەلێنەكان پڕكراونەتەوە یان لەئایندەشدا تەواوی كەلێنەكان پڕدەكرێتەوە، هۆكارەكان زۆرن و لەشوێنی تردا باسم كردوون و لەكاتی خۆیدا بەدوور و درێژی روونی دەكەینەوە، بەڵام لەساڵی یەكەمەوە ئەم جەدەلە لەبابەتی نەهێشتنی (پڕۆژەی وەهمی و پڕۆژەی دووبارە و پڕۆژەی حزبی و پڕۆژەی نادیار و ونەوە) كە هەبوون هات، دوو ئیدارەیی و هۆكارەكانی تر كە كەمتەرخەمی سەرچاوەیان بوو كاریگەریان هەبوو، ئێستاش دوای رزگاربوون لەو چەشنە كەموكوڕیانە، وا دەبینین گفتوگۆی بودجە هاتووەتە سەر پشكنین لە وردەكاریی تەرخانكردنی گوژمە بۆ یەك پرۆژە لەناو ئەو هەزاران پرۆژەیە لە پێشنیازكراو و بەردەوامەكان.
بەدڵنییایەوە لەو ساوە بۆ ئێستا هەموو ئەو مەسەلانە مشتومڕی زۆری ویستوە ئەتوانم بۆ مێژوو ئەو راستییە روون بكەمەوە لەناو هۆڵی پەرلەمان گەرمتر، كۆبوونەوەی ناو هۆڵی خودی فراكسیۆنی كوردستانی بووە بۆ دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان و هەوڵەكان بۆ نەهێشتنیان لەپێناو دەربازبوون لەو پرۆژەیە بەزۆرترین دەستكەوتی گشتی و كەمترین رەخنەوە.
ئەگەر پڕۆژە بودجەی ئەمساڵ بەنمونە وەربگرین و تەنیا بەدیوە نەرێنی و ناجۆریەكەیدا تەماشای بكەین و بەپێی پێوەریی نێودەوڵەتی ئەوا چەندەها كەموكوڕیی و كەلێنی تێدایە. خۆ ئەگەر بەپێچەوانەوە بەدیوە ئیجابی و باشەكانیدا تەماشای بكەین ئەوا پڕە لەدەستكەوت و پرۆژەی خزمەتگوزاریی و ئاوڕدانەوە لەدابینكردنی پێداویستییەكانی خەڵك، بە تایبەتیش بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر ئەمساڵ حكومەت بە بایەخێكی زیاترەوە ئەم پرۆسەیەی تەماشاكردووە كە ئەركەو پێویستە خۆی بۆ ئامادە بكات، بەجۆرێك بەرچاو روونی بداتە رای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان.
كەواتە مامەڵەكردن لەگەڵ سامانی گشتیی بەرپرسیارێتییەكی قورسە، بۆیە بەر لەهەر ویستێك لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەكانی خەڵك و كۆمەڵگا پێویستە ئەولەویەتی ستراتیژ و ئامانجەكە بێت، لەچوارچێوەی پرۆسەی پەرەپێدان و بەدیهێنانی خواستی گشتی. ئەمەش وەك بەشێك لەبەرنامە راگەیەندراوەكەی لیستی كوردستانی سەردەمی هەڵبژاردن كە وەك بەڵێن و كردار لەپێشەكی و ناوەڕۆكیدا جەختی لەسەر كراوەتەوە و ئاراستەی رای گشتی و دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان كراوە.
لەم ساتەوەختەدا مەبەست لەم جەختكردنەوەیە بۆ ئەوەیە كە بیڵێمەوە بەرپرسیارێتی لایەنی متمانە پێدەری حكومەت لەدیاریكردنی كەموكوڕییەكان زیاترە لەهەر لایەنێكی تر و پیشاندانی لایەنە ئەرێنی و ئیجابیەكانیشی كە ڕەنگدانەوەی خۆی لەپرۆسەی گەشەپێدان و نوێبوونەوە و ئاوەدانیدا دەبینێتەوە نەنگی نییە تیشكیان بخرێتە سەر.
ئەگەر بودجەی هەرێم بەئاستی ئەو وێرانكاریی و ژێرخانە داڕوخاوەی كوردستان تەماشا بكرێت ئەوا دەتوانین بە سانایی بڵێین بەڵێ پشكێكی كەم و سنوردارە، بەڵام پلانی تۆكمە و داڕشتنی زانستیانە وا دەكات ساڵ بە ساڵ وەبەرهێنانی باشی تێدا بكرێت و بكرێتە بزاوتێك، سەرمایەی مادی و مەعنەوی باشتر بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ئەم وتەیەشم لەبەر ئەوەیە كە داتاكان پێمان ئەڵێن ساڵانە بودجەكە زیاد دەكات و پرۆسەی دەرهێنان و دۆزینەوەی نەوت و بەستنی گرێبەستی بەردەوام لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت و سامانی سروشتیش لەزیادبووندایە، وەك بەشێك لە داهاتی ناوخۆ كە ئەمەشیان پێویستی بەبەدیهێنانی ئامانجێكەوە هەیە، ئەویش شەفافیەتی زیاترە لەپێنا و دڵنیایی تەواو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە دژوارەی ساڵانی پێشوو هەروەها ئەو وێرانكاریی و ئاسەواریی كاولكاریانەی پێشووترەوە، بە چاوپۆشین لە مادەی 110ی دەستوری هەمیشەیی عیراق كە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژیی دارایی بە دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵی بەستۆتەوە، دەبێت پلانی دارایی و ئابووری هەرێم لەلایەن پەرلەمان و حكومەتی هەرێمەوە بەجۆرێك دابڕێژرێتەوە ئیمكانیەتی پشت بەخۆ بەستنی زێدەتر بهێنێتەدی، لەهەموو حاڵەتێكدا هەرێمەكەمان لەبەردەم چەندین بژاردەی كراوەدایە بۆ بنیادنانی ژێرخان و سەرخانی كۆمەڵگا، بێشك ئەوەش بە بەرنامە و ستراتیژیی نزیك و دوور مەودا بەدیدێت، بەگەڕانەوە بۆ ئەزموونی هەرێم و وڵاتانی ئێستا پێشكەوتووی دنیا، دەبینین بە هەمان قۆناغ و سەردەمی لای خۆماندا گوزەریان كردووە، پەندوەرگرتنیش بەشێكە لەو خواست و سوودە گشتییەی كە ئاكام دەڕژێتە بۆتەی خێراكردنی رەوڕەوەی گەشەپێدان و پەرەپێدانی تواناكانەوە.
لەم وتارەدا تەنیا مەبەستم بوو وەك هێڵێكی گشتی لەسەر بودجە ئەم تێڕوانینانە بخەمە ڕوو، ئەگینا ئاماژەی ژمارەیی و داتای زۆر هەن راستییەكان دەسەلمێننەوە، بەڵام تەنیا وەك ئاماژەیەك و گەیاندنی ئەو پەیامەی ئەم قۆناغەی لە گفتوگۆ و تاوتوێكردنی ناوەڕۆكی بودجە پێشكەوتنی بابەتی بەخۆوە دیوە و تا ئاستێك شەفافیەتی تێداكراوە لە یەكەم ساڵمانەوە بۆ ئێستا و هێشتاش ماومانە و ئەم پرۆسەیە پێویستە زیاتر و روونتر بەردەوامی هەبێت.
دواجار بە ئاوڕدانەوەیەكی خێرا لەپڕۆژە بودجەی ئەمساڵی 2013و شێوازی ئامادەكارییەكان مەیلێكی زیاتر بەدیدەكەین بۆ بەدیهێنانی ئەو خواستانە، بەڵام ئایا دەتوانین خۆ نەبان بكەین لە كەموكوڕییەكان؟ بێگومان بەدەستەواژەیەكی سادە دەڵێین نەخێر، كەواتە گرنگ ئەوەیە هەموو كۆششێك بكەین لەپێداچونەوەی ئەو پڕۆژە خەمڵێنراوە بە قازانجی گشتی و بە هەندوەرگرتنی ئەولەویەتەكانی هاووڵاتیان، چونكە دواجار هەر خودی بەرنامەكەی لیستی كوردستانییە بەچەشنێك لە چەشنەكان پێمان دەڵێت حكومەت و پەرلەمان و هەموو دەزگا دەستوورییەكانی هەرێم، هۆكارن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان كە ئەوانیش خۆیان لە خۆشگوزەرانی و ئارامی و ژیانێكی شایستەتردا دەبیننەوە.




