ساریا ڕەشید سەعید : شانازى بە میژوو و خۆم و سەروەرییەکانى (فەیزو زێبارى)ى هاوسەرم دەکەم

قەزاى ئاکرى-- سەفەر یوسف میرخان ژاژوکى
لە کاروانى بەرخودان و خەباتى ئازادیخوازانەى کوردستاندا زۆر رۆڵەى ئازاو تێکۆشەرى بە توانا هەڵکەوتووە کە لە مێژووى پرشنگدارى رێبازى کوردایەتیدا بونەتە نمونەیەکى دیارى ناو شۆرش و پێشمەرگایەتى و لە پێناو خزمەتکردنى نەتەوەو نیشتمانەکەیان تۆمارێکى پڕ لە رێزو شانازیان بۆ خۆیان و گەلەکەیان لە بەرپەڕە زێڕینەکانى مێژوودا نوسیوەتەوە. یەکێک لەو تێکۆشەرە ئازاو نەبەردانە شەهیدى فەرماندە (فەیزو زێبارى)، (فەیزو سەلیم خان سەعدوڵڵا)ە، کە ناسراوە بە (فەیزو زێبارى ) لە ساڵى 1939 لە گوندى پیرەکەپرا لە بنەماڵەیەکى کوردپەروەرو خەباتکار لە دایکبووە، لە تەمەنى 6 ساڵیدا بووە کە ئاوارەى کوردستانى رۆژهەڵاتى ئێران بووەو لەوێ لەگەڵ هەڤاڵانى بارزانى نەمردا بەشدارى پاراستنى کۆمارى کوردستان لە مەهابادیان کردووە، دواى تێکچونى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد دەگەڕێنەوە کوردستان. بەردەوام خولیاى باوەرى کوردایەتى لە هەست و گیانیدا جۆشدەسەنێ بۆیە لە دەڤەرى باینان چالاکانە لە ناورێکخراوەکانى حزبى و رێکخستنەکان کارەکانى پارتایەتى دەکات و دواتر لە شۆڕشى مەزنى ئەیلولدا دەبێتەوە پێشمەرگە، لە بەر لێهاتوویى لە ساڵى 1970 دەبێتە فەرماندەى بەتالیونى هێزى 2ى ئاکرێ و وەکو پێشمەرگەو فەرماندە بەشدارى چەندەها داستانى بەناوبانگ دەکات وەک شەرى هەزار جوت، شەرى سماقوک، شەرى کەرەتوبا، و هتد... شەهیدى نەمر فەیزو زێبارى کەسێک بووە هەردەم جێى متمانەى بارزانیى نەمر بووە. دواى نسکۆى شۆڕش ئاوارەى ئێران دەبێـت، بەڵام بەردەوام دەبێت لە خەبات و بەشدارى شۆڕشى گوڵان دەکات. وەکو فەرماندەیەکى قارەمان جێگاى متمانەى شەهید ئیدریس بارزانى و سەرۆک مسعود بارزانى بووە، لە ناو پێشمەرگە و هەڤاڵەکانى خۆشەویست بووەو هەموو کاتێک خۆى بە خزمەتکارى خەڵک دەزانى. لە شۆڕشى گولان دەبێتە فەرماندەى هێز و هەروەها دواى کونگرەى 9 ى پارتى بە بریارى سەرکردایەتى پارتى دەبێتە فەرماندەى بارەگاى مەکتەبى سیاسى پارتى لە راژان. پاشان لە سەر بڕیارى سەرکردایەتى پارتى و مەکتەبى سیاسى پارتى شەهیدى فەرماندە فەیزو زیبارى دەگوازرێتەوە بۆ سنورى لقى 3 و 4 لە پشت چیاى ئەزکەل و لەو دەڤەرەش بەشدارى چەندین داستانى بەناوبانگ دەکات و زەربەى گەورە لە دوژمن دەدات. لە رۆژى 17و18 /11/1980 کە دەگوازرینەوى بۆحاجى عومران لە گەڵ 6 قارەمانى ترى شەهید سلێمان چاربوتى، شەهید تیلى خەسرو زیبارى ، شەهید شاکر عەزیز زیبارى، و شەهید هید عەلى محەمەد سورچى ، شەهید مەلا رسول بەرکارەیى و شەهید عەبدولقادر بەرەکایى لە سەر مینى دوژمن دەکەون و گیانى خۆیان فیداى کوردستان دەکەن.
بۆ یادکردنەوەى ئەم فەرماندە قارەمانە رێگاى قەزاى ئاکرى مان گرتە بەرو چوینە خزمەتى دایکە ( ساریا ڕەشید سەعید ) کە هاوسەرى شەهیدى فەرماندە (فەیزو زیبارى) یە. دایکە ساریا تەمەنى 66 ساڵە و، لەبنەماڵەیەکى کوردپەروەر و شەهیدپەروەر لە دایکبووە، ئەو ئافرەت و دایکە شۆڕشگێڕە جودا لەوەى هاوسەرى شەهیدە هاوکات لە شۆڕشى مەزنى ئەیلوول و گوڵان خزمەتى بەرچاوى کردووە، لەم دیمانەیەدا دەربارەى هاوسەرى قارەمانى و چۆنییەتى ژیانى خۆى و هەروەها رۆڵى ئافرتانى کوردستان و ژیانى پێشمەرگایەتى، هەست و بیرەوەرییەکانى خۆیمان بۆ دەردەبڕێ. دایکە ساریا لە ئاکرى لە گەڵ منداڵەکانى ژیانێکى سادەیان هەیە و زۆر سەرنجى راکێشام کە ماندوبوونیەکى زۆر پێوە دیار بووەو بارى تەندروستیشى باش نەبوو.. سەرەتا بە خێرهێنانى رۆژنامەى خەباتى کرد، دواتر وڵامى پرسیارەکانمامى دایەوە:
• ئافرەتى تێکۆشەر (ساریا ) لەبارەى سەرەتایى ژیانى خۆى و شەهیدى فەرماندە (فەیزو زیبارى) گوتى:
بنەماڵەى شەهید (فەیزو زیبارى) ئەوان بەشێکن لە خەباتى کوردایەتى، هاوسەرم هەر لە تەمەنى منداڵى ئاوارەیەتى چیشتوە و خانەوادەکەیان بەشدارى شۆڕشەکانیان کردووە، من کچى پورى شەهید فەیزو زیبارى بووم، مرۆڤێک بووە کە کورد دۆست و خاوەن گیانى خەباتگێڕیى بوو هەرلە تەمەنى لاویەتى رێبازى بارزانیى نەمر هەڵبژارد بووە بۆ خەبات کردن، لە شۆڕشى مەزنى ئەیلوول لە بەرخۆشەویستم بۆ ئەم مرۆڤە خەباتکارە لەو ژیانە سەختەى ئەوکاتدا ژیانى هاوسەریمان پێکهێناو بووینە خاوەن منداڵ.
• دەتوانى رۆڵى فەرماندە شەهید (فەیزو زیبارى) لە دەڤەرى بادینان لە شۆڕشى مەزنى ئەیلوول بۆمان باس بکەى؟ کە بیرى لە رابردووى پڕسەروەرى دەکردەوە دایکە (ساریا) بە هەستێکى غەمبار گوتى:
بە حەقیەت هاوسەرى شەهیدم ئەویش وەک یەکێک لە فەرماندەکان کە بەرپرسى بە تالیونى 2ى هێزى ئاکرى بووە لە ساڵى 1970 و توانى رۆڵى خۆى وەک ئەو ئەرکەى کە لە سەرکردایەتى شۆڕش پێ راسپرادبوو جێبەجێ بکات و ئەرکى پارتایەتى و پێشمەرگایەتى لە سەر شان بووە بە حەقیقەت لە دەڤەرى بادینان و بە تایبەتى لە مەنتقەکانى ئاکرى کە ئەو توانى دڵسۆزى و ماندوونەبونى خۆى بیسەلمینت و خۆى و پێشمەرگەکان بەشدارى چەندەها شەڕى گەورەیان کرد لە چیایەکانى دەڤەرى بادینان وەک شەرى کەرەبوتا و شەرى هیلینا قەلى و شەرى شەرمن و شەرى سەر باکرمان و شەڕى سەرگەلى و هتد... کە دەتوانن بە خۆتان بچنە ناو هاوسەنگەرانى لەو دەڤەرەدا وپرسیار بکەن کە چەند سەرسەختانە خەباتیان دەکرد. شەهید (فەیزو زیبارى) کەسێک بووە خۆشەویستى ئەو خەڵکە بووە و هەموو جار هانى خەڵک و جەماوەرى دەدا کە بچنە ناو شۆڕش، هەمیشە ئامۆژگارییەکانى بۆ خەڵک ئەوە بوو کە من خۆم بە خزمەتکارى ئێوە دەزانم چونکە ئەوە شەرفە بۆ ئێمە مادام بارزانی خۆى بەخزمەتکارى میللەت دەزانى ئێمە دەبى زیاتر خزمەتى ئێوەو گشت جەماوەر بکەین. هەموو کاتێک ئەگەر کێشەیەک روویدەدا ئەو دەچوو سەردانى ئەو کەسانەى دەکرد و لە کێشەکانى دەکۆڵیەوە. کەسێک بوو زۆر خەمخۆرى هەژران و مالى شەهیدان بوو، هەمیشە وەک کەسایەتى و فەرماندەیەکى تێکۆشەر لەناو هاوسەنگەرانى دیار بوو بۆیە تا ئێستاش ناوى شەهید (فەیزو زیبارى ) هەر بە زیندوویى مایتەوە و هەموو کاتێک خەڵکى ئەو دەڤەرە سەردانى ئێمە دەکەن وەک خۆشەویستیان و وەفادارییان بۆ ئەم پێشمەرگەو فەرماندەیە.
• لەبارەى رۆڵى ئافرەتانى کوردستان لە شۆڕشى ئەیلوولدا بەڕێزیان گوتى:
ئافرەتیش وەک بە شێک لە داینەمۆى سەرکەوتنەکانى شۆڕش. ئێمەى ئافرەتان لە نەبوونى هاوسەرەکانمان ئەرکى بە خێو کردن و پەروەردەکردنى منداڵەکان لە ئە ستۆى ئێمە بووە، هاوسەرم لە شۆڕشى مەزنى ئەیلوول هەر نەدهاتەوە ماڵ بە خۆى و هاوسەنگەرانى لە بەڕەکانى شەڕ بوون و ئێمە زۆر جار رووبەرى نەهامەتى دەبووینەوە بە ئەو وەزعە ناخۆشەش کە هەمان بوو هاندەرى پێشمەرگەکان بووین تا زیاتر خزمەت بکەن. لە دەڤەرى بادینانیش ئافرەتە شۆڕشگێرەکان ئەوەى لە توانایان بۆ کردیان لە پێناو رێبازى بارزانیى نەمر.
من خاوەن چەند منداڵ بووم کە هاوسەرم دەهاتەوە ناو ماڵ بە خۆى و چەندین پێشمەرگە دەهاتن و بە دڵیکى خۆش خزمەتى ئەوانمان دەکرد، بارزانیى نەمریش دەیزانى کە ئافرەتى کورد پاڵپشى شۆڕش دەکەن دەیفەرموو: دەبێت پیاوان رێز لە دایک و خێزان و خوشکیان بگرن، چونکە دایک یەکەمین مامۆستاى مرۆڤایەتیە. بۆیە ئێمەى ئافرەتیش شان بە شانى پێشمەرگەکان خەباتمان دەکردبۆ بە دێهێنانى کوردستانێکى ئازاد.
• دواتر هاتە سەر ژیانى ئاوارەیى لە ئێران... دایکە (ساریە) بە هەستێکى ناڕەحەتەوە گوتى:
دواى نسکۆى شۆڕش ئێمە لەگەڵ هاوسەرى قارەمانم فەیزو زیبارى وەکو هەزاران کورد ئاوارەى ئێران بووین و ئێمەیان دابەش کرد سەرەتا لە سەردەشت نیشتەجێ بووین دواى ماوەیەکى تر ئێمە گوازراینەوە بۆ کۆمەڵگاى رەبەت پاشان دیسان بۆ شارى قوم لە ناوەندى ئێران کە زۆر ناخۆش بوو و رژێمى ساواک چاودیرى ئێمەى دەکرد، پاشان گەڕاینەوە بۆ نەغەدە دوایى هاوسەرم بەشدارى شۆڕشى گوڵانى کردو دەورێکى باشى هەبوو لە کۆکردنەوەى پێِشمەرگەکان بۆ شۆڕش. رۆژێک پیاوانى رژێم هاتنە ماڵى ئێمە و هەموو ماڵى ئێمەیان تێک دا بەو بیانوەى گوایە چەکمان شاردوتەوە، هاوسەرم رەختى هبوو کە یادگارى بارزانیى نەمر بوو لە خۆم بەستاو نەیانزانى. دیسان هاوسەرم بە هەمان روحیەوە چوو رێزەکانى شۆرشەوە بۆ خەبات و بەشدارى شۆڕشى گوڵانى کرد بە سەرۆکایەتى شەهید هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانى و سەرۆک مسعود بارزانى و پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان، ئێمە زۆر رەزالەتیمان بینى، کە پێشمەرگە دەچوونە ئەرکى پێشمەرگایەتى بە چەند مانگ و ساڵ نەدەهاتنەوە و هاوسەرم هەندێک جار بە چەندەها مانگ یا 2 ساڵ یان زیاتر نەماندەبینى.
• لە درێژە قسەکانى لە بارەى رۆڵى شەهید فەرماندە (فەیزو زیبارى) لە شۆڕِشى گوڵاندا دایکە (ساریا) گوتى:
فەرماندەیک بوو کە هەموو کاتێک خۆى بە پێشمەرگە دەزانى کەسێک بوو کە رەخت و فیشەک لە مەل بوو. کەسێک بوو جێ متمانەو باوەر پێکراوى شەهید هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانى و جەنابى سەرۆک مسعود بارزانى بوو و هەرچى فەرمان لە لاى ئەوان بووایا جێبەجێ دەکرد. هەرگیز وشەى ترس لاى هاوسەرم شەهید فەیزو زیبارى وجودى نەبوو لە هەر بارودۆخێک و لە ناو مەیدانى شەڕ بوو، هەمیشە دڵى هەڤاڵان و پێشمەرگەکانى دەدایەوە و هەمیشە هانى گەنج و لاوەکانى دەدا کە بینە ریزەکانى خەبات و بە گەنجانى دەگوت دەبى بخوێنن. کەسێکى ناسراو بوو و لە مەیدانى شەر نەیدەویست خوێنى کەسێک بە فێرۆ بچێت هەروها کەسێکى رۆشنبیر و کۆمەڵایەتى بوو هەتا لە ئاوارەیش پاڵپشتیکى گەورە بوو بۆ ئاوارەکان وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا دواى چەندین بەرپرسیارەتى فەرماندەیی عەسکەرى وەرگرت و پلەى ئامیر هێزى وەرگرت بەرپرسى فەرماندەى بارەگاى مەکتەبى سیاسى پارتى لە راژان و دواتر بە بڕیارى سەرکردایەتى پارتى گوازرایەوە بۆ سنورى لقى 3و4 لە پشت چیاى ئەزکەل بەشدارى چەندین شەڕى مەزن وەک شەڕى بانەدارە کە گەورەترین شەر بوو لە گەڵ هەڤاڵانى فەریدون جوانرویى و ئازاد بەروارى و قادر قادرو و نادر هەورامى و ئازاد قەرەداغى لەو سنورە بە خۆى پێشمەرگەکانى پارتى دەسکەوتى مەزنى بە دەست هێنا و دوایى لەوێ گوازرایەوە بۆ سنورى حاجى ئومەران کە چەندین سەرکەوتن بە دەست هینا بوون و لەو شەرەدا شەهید سەعید تۆمارى و شەهید فەتاح ئاغا کە لە گەڵ چەندى تر شەهید و بریندار بون دواى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ بنکەکانى خۆیان شەهید فەیزو زیبارى لەگەڵ پێشمەرگەکان سەردانى بنکەکانى کرد کە دواى قارەمانایەتى دواى سەرکەوتنى مەزن لە چەندین داستان شەهید فەرماندە کە چووبوویە ل ۆژى 17و18 /11/1980 کە دەگوازرینەوى بۆحاجى عومران لە گەڵ پێشمەرگە قارەمانى تر شەهید سلێمان چاربوتى، شەهید تیلى خەسرو زیبارى ، شەهید شاگر عەزیز زیبارى، و شەهید هید عەلى محەمەد سورچى ، شەهید مەلا رسول بەرکارەیى و شەهید عەبدولقادر بەرەکایى لە سەر مینى دوژمن دەکەون و گیانى خۆیان فیداى کوردستان دەکەن . هەرچەندە ئەوکات من لە گەڵ ئازادى کوڕم کە بریندار بوو لە نەخۆشخانەکانى تاران بووم و هەواڵى شەهید بوونى هاوسەرم و هەڤاڵانى پێم راگەیاندرا.
• چەند یادگارییەک لە لاى بون (دایکە ساریا) گوتى :
لە دواى شەهید بوونى هاوسەرم ئێمە ماوەیەک لە نەغەدە بووین پاشان گوازراینەوە رەزایە و ژیان زۆر سەخت بوو لە دواى ئەو زۆر نەهامەتى و غەریبى و دەردەسەریمان کیشا، بەڵام خۆراگر بووم و لە نەبوونى هاوسەرى شەهیدم منداڵەکام گەورە کرد و بە ئەوانم گوت باوکیان بۆچى و لە سەر چى و لە پێناو چى شەهید بووە، بیرم دەهێنانەوە کە هەموو کاتێک هاوسەرم ئامۆژگارى دەکردن کە دەبى منداڵەکانم بۆ خزمەتى رێبازى کوردایەتى بن. ئەمرۆش هەموویان لە سەر ریبازى باوکیان خزمەتى پارتى و بارزانى دەکەن. من شانازى بە مێژوو و خەباتى خۆم و سەروەریەکانى هاوسەرم دەکەم. وێنەکانى پێشمەرگایەتى ئەوە لە بیرم دەهێنیتەوە ئەو رۆژانەى کە هەمووجار هاوسەرم شەهید فەیزو زیبارى چ لە شۆڕشى ئەیلوول یان گوڵان کە بۆمنى باس دەکرت کە رۆژێک هەردێت کوردستان رزگار دەبێت بەڵام لەوانەیە ئێمە ئەو رۆژانە نەبینن. ئەو یادگاریانە کە رۆژانى سەختى گەرما و سەرما و برسیەتى و تینییویەتى و قوربانیدان و ئاوارەبوون و غەریبى بە یادمان دەهێنێتەوە کە چەند خۆراگر بووین لەپێناو ئازادیى کوردستاندا.
• لە کۆتایى دا گوتى:
سوپاس بۆ خواو خۆڕاگریى میللەتەکەمان کە خەبات و خوێنى پێشمەرگەو شەهیدان بە فیڕۆ نەڕۆیشتوەو دەسکەوتەکانى ئەمڕۆى گەلەکەمانى لێ بەرهەم هاتووە، ئەمڕۆ خاوەن ئاڵاى کوردستان و حکومەت و پەرڵەمان خۆمانین و لە لایەن سەرۆکى کوردستان سەرۆک مسعود بارزانی – یەوە سەرۆکایەتى دەکرێت هیوادارم هەموومان بە تەبایى و دەست لەناو دەست خزمەتى کوردستان بکەین و ئاڵاى وڵاتەکەمان بەرز رابگرین و پاڵپشتێکى گەورە بین بۆ جەنابى سەرۆک بارزانى و، خەبات و ماندوو بونى شەهیدان و پێشمەرگەکان لە یاد نەکەین و بەردەوام لە سەر ریبازى کوردایەتى بارزانى نەمر خزمەت بکەین. سوپاس بۆتۆى گەنج و کوڕە شەهید کە ئەو رێگا دوورەت بڕیوەو ئێمەى خانەوادەى شەهیدان بەسەر دەکەیتەوە.
تیبینى: ئەم بابەتە لە ژمارەى (4238) ى رۆژنامەى خەبات لە (16/1/2013) بڵاو بوویتەوە.




