ڕوفاتەکان هەمیشە لە عەرەبستانی عێراقییەوە دێنەوە!

د. ئاراس عهبدلکهریم
دوێنێ ڕوفاتی حهوسهدوسی ئەنفالکراوی دیكەمان لە بیابانەوە هێنایهوه بۆ کوردستان و لە ئامێزی نیشتمانی دایکدا بە خاک سپارد.
لە ژێر لمی بیابانەکانی عەرەبستانی عێراقیدا مێژوویەک ڕاکشاوە کە مایەی سەدەیەک شەرمەزارییە بۆ ئەم وڵاتە.
ساڵانێکە بەردەوام ڕوفاتی منداڵ و ئافرەت و پیر و گەنجی نەتەوەیەک لەنێو دۆزەخی (عەرعەر)ـەکاندا دەدۆزرێنەوە و دەهێنرێنەوە بۆ کوردستان و بۆ تەنیا جارێکیش لە (بەغدا)ـمان نەبیست، گەر لە ژێر لێویشەوە بووبێ، داوای لێبووردن لەم نەتەوە بریندارە بکات، یان بڵێم داوای لێبووردن لە یادەوەریی برینداری ئەم نەتەوەیە؛
لەبەر ئەوە نا کە حکوومەتی ئێستای بەغدا دەستی لەو پڕۆسە وەحشیگەرییە نامرۆییەدا هەبووبێ، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لایەنی کەم بە کردەوە بیسەلمێنێ کە سەردەمی ئێستای بەغدا سەردەمێکی دابڕاوە لە مێژووی بەغدای (بەعسیزم) و لەنێو سەری ئەم پایتەختەدا چیی دیكە زەمەنێک نییە بۆ ئەنفالێکی دیكە و شوێنێک نییە بۆ گۆڕێکی بەکۆمەڵی تر، تا بشێت ئێمەیش بە خۆمان و ئەو یادەوەرییەوە کە فرمێسک و خوێنی لێ دەچۆڕێت گومان لەوە نەکەین کە جارێکی دی بەغدا شمشێرێکی تری عرووبە هەڵبێنێ و هەر کات بۆی لوا بەربێتەوە جەستە و گیانی نەتەوەکەمان.
بەڵام بەداخەوە نەک هەر ئەو عەقڵییەتەی لە بەغدا حوکم دەکات، تەنانەت زۆربەی زۆری هێز و لایەنی پانعەرەبیزمی عێراقی تا ئێستایش بەدمەستیی سەردەستەیی و گرێ دەروونییەکانی براگەورەیی بەری نەداون و هێشتا هیچ شتێک لەوە ئەستەمتر نییە لایان کە نەتەوەی کورد بە هاوشان و شەریکی خۆیان بزانن لە عێراقی دوای (سەددام)ـدا! گرێیەک کە مێژوویەکی دوورودرێژی کولتووری و سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتیی لە پشتییەوە ڕاوەستاوە.
لە دۆخێکی ئەوهادا چۆن دەکرێ کورد چ وەک نەتەوە و چ وەکوو تاکێک لەم وڵاتەدا هەست بە نامۆیی نەکات؟! چۆن دەکرێ (من)ـێکی کورد بەم هەموو یادەوەرییە تاڵەوە شانازی بە (عێراقیبوون)ـمەوە بکەم؟! عێراقێک کە عەقڵییەتی دەستەڵاتەکەی بەغدای بستێک نەچووبێتە ئەودیوی (زعیم الاوحد) و (سیف العرب)ـەوە.
من هەمیشە گوتوومە کە (ئەنفال) بەسە بۆ ئەوەی بۆ هەتاهەتایە ڕێگە لە دەوڵەتی عێراق بگیرێت لە دامەزراندنەوەی سوپای ملیۆنی و ماکینەی جەنگی، ئاخر ئەنفال وەک پڕۆسەی پاکتاوکردنی نەژادی چی کەمترە لە هۆلۆکۆستی نازییەکانی ئەڵمانیا کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ڕێگەی دامەزراندنەوەی ماکینەی جەنگیی لێ گیرا؟!
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە زیاد لە بۆنە و لێدوانێکیدا ئەوەی دەربڕیوە کە هەمیشە پەرۆشی ئەوەیە چۆن (شمشێر و قەڵغان)ـێکی پتەو بۆ عێراق دەستەبەر بکات، زۆر ساناییش ئەمە بە مافی ڕەوای عێراق دەزانێت.
بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە کاتێک مافی ئەم دەوڵەتەیە کە عەقڵییەتێک بە ڕێوەی ببات بۆ خۆی بڕوای وەشاندنی شمشێر نەبێت بە ڕاست و چەپیدا، عەقڵییەتێک کە بشێ گومانی ئەوەی لێ نەکرێت فۆڕمێکی دیكەمان لە (سیف العرب) پێشکەش بکات.
سەیفولعەرەب لە سادەترین پێناسەدا ئەو بوونەوەرە دەسەڵاتخوازە تاکڕۆیەیە کە لە وڵاتەکەیدا هەموو نەتەوەکان بە برابچووکی نەتەوە سەردەستەکەی خۆی دەزانێ و لای ئەو هەمیشە شمشێر حەکەمە.
مەسەلەی نەوەشاندنی ئەو شمشێرەیشی هەرگیز لەبەر ئەوە نییە کە نەیەوێ بیوەشێنێ، بەڵکوو تەنیا لەبەر ئەوەیە کە (جارێ ناتوانێ!). ئەو (جارێ)ـیە تا کەیە؟ ئەمەیان مەگەر چاڵە دۆزەخییەکانی (عەرعەر) بیزانێت..




