لەیادى 65 ساڵەى دەستپێکردنى ڕێرەوە مێژووییەکەى بارزانیى نەمر و هەڤاڵانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت سەرکەوتنێکى دوێنێ و سەروەرى ئەمڕۆ

خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوکى
یەکێک لەو داستانە مێژووییانەى کە بووەتە ئەزمونێکى کەم هاوتاو هەمیشە میللەتى کورد شانازى پێوە دەکات داستانى پەڕینەوەى رابەرى کورد (بارزانیى نەمر) و هەڤاڵانێتى لە روبارى ئاراس.. ئەو داستانەى چەندین ماناو بەهاو رەهەندى نەتەوەیى و سەربازایى و سیاسى تیا بەرجەستەیەو، بە گشتى گوزارشتە بۆ ئازایەتى و ئیرادەى نەبەزیوى نەتەوەیەک کە لە پێناو مانەوەو سووربوون لەسەر مافى ئازاد ژیان هەرگیز کۆڵى نەداوە. لەو ڕێڕەو و داستانەدا کورد و پەیام هەڵگرانى ئازادیخوازى ئەم میللەتە سەلماندیان هیچ کاتێک دوژمن ناتوانێت بە سەریاندا زاڵ بێت و توانییان بەو رێگا سەخت و پڕ لە پیلان و پەلامارى دوژمناندا سەرکەوتنێکى مەزن بۆ کوردستان تۆماربکەن.. لێرەدا لەگەڵ دوو پێشمەرگە و شاهیدحاڵ و بەشدارى بووى شۆڕشەکانى بارزان و بەرگرى لە کۆمارى کوردستان لە مەهابادو ڕێَڕەوە مێژووییەکە بۆ سۆڤیەت و بەشدارى بووى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول و گوڵان، هەڵگرى مەداڵیاى بارزانیى نەمر لە لایەن سەرۆک بارزانى، یادێکى ئەو رووداوە دیرۆکى و داستانە گەورەیە دەکەینەوە..
• لە سەرەتا پێشمەرگەى قارەمان مام (تەیمەز ئارەب سێلکى) کە کوڕى شەهید (ئارەب سێلکى) یە تەمەنى 88 ساڵانەو باوکى یەکێک لە قارەمانانى ناو بارانییەکان بووەو لە کاتى بەرگرى کردن لە شۆڕشى دووەمى بارزان شەهید دەبێت، ئیدى دواى باوکى بەردەوام دەبێت لە خەبات بۆ کوردستان و لە بەرگرى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد رۆڵێکى خۆى هەبووە، لەم بارەوە گوتى:
لە دواى بەرگرى کردن لە شۆڕشى دوومى بارزان لە ساڵى1943 و دواى گەڕانەوەى سەربەرزانەى بارزانیى نەمر بۆ دەڤەرى بارزان کە بووە بنکەى شۆڕشگێران و بزوتنەوەى ئازادیخوازى پەرەیسەندو خەڵکى کوردستان باوەشیان بۆ ئەم شۆڕشە کردەوە، ئێمەش لەگەڵ رابەرمان بووینە پێشمەرگە و زۆر داستانى ناوبانگمان تۆمارکرد تاکو ساڵى 1945 شۆڕش بەردەوام بوو و زیانى گەورە لە دوژمن کەوت. پاشان دیسان دوژمن ماڵ و منداڵ و ژن و پەککەوتووى کردە ئامانجى تۆپ باران کردن و زۆر ماڵ و گوند وێران کران. ئەوە بوو کە خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدى بارزانى و بارزانیى نەمر بڕیاریان دا دەڤەرى بارزان بە جێبێڵین و بە ماڵ و خێزان و لەشکرى بارزانییەکان هەموان روومان کردە رۆژهەڵاتى کوردستان، کە دوژمن بەردەوام هێرشى دەکردە سەرمان و تاکو لە مەرگەوەڕ وتەرگەوەڕ هاتینە پێشوازى کردن، لە لایەن خەڵکى دڵسۆزو کوردپەروەرى ئەو بەشەى کوردستان و دوایى دابەش کراین و پاشان بەشداریمان لە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد کرد کە قازى محەمەد بووە پێشەواى کۆمارەکەو بارزانیى نەمریش بوە سەر لەشکرو پلەى ژەنەراڵى پێدرا، لە بەرگرى کردن لە کۆمارەکە گەوەرەترین سەرکەوتنمان بە دەستهێنا بە سەرۆکایەتى بارزانیى نەمرو مێژوو شاهیدى دەدات کە بارزانییەکان چەند خۆراگرو خەباتگێڕ بوونەو لە بەرەکانى شەرەکانى سەقزو بۆکان و میانداو و مل قەرەنى و تەرگەوەڕو مەرگەوەڕ هەریەک بە شێوازێکى سەرکەوتوو داستانەکانمان تۆمار کرد و سەروەریەکى گەورە مێژوییمان لەو رۆژگارەشدا تۆمار کرد.
سەر ئەنجام بە هۆى بارودۆخەکەوە جەنابى شیخ ئەحمەد و بارزانیى نەمربریاریان دا کە پاشەکەشە بکەین و لەو زستانەى کە لە پێشمان بوو بەرەو دەشتى شنۆ و مەرگەوەڕ، لاجان و سندى چوین، بارزانیی نەمر بۆ ئەوەى بتوانى ماوە لە دوژمن وەربگرێت بریاریدا بۆ گفتوگۆ بچیتە تاران و هەر لە تاران پیلانەکە لە ناو بردنى بارزانى داڕێژرابوو، بەڵام سەر نەوکەوت، بارزانى توانى بگەڕێتەوە ناومان، هێرشى دوژمن دەستیپێکرد ، دوایی هەرچۆنێک بوو، بە نەدارى سەرماى زستانمان وەلاناو خۆمان گەیاندە بەهار.
دوایى لەشکرى بارزانییەکان رێگاى سەختمان هەلبژاردوو بە برسیەتى و پەرێشانى لە چیایەکانى سەرکەش پشتى مەرگەوەڕ و شنۆمان بە ناو کەمینەکانى دوژمن لە ئاگرو ئاسن و لە ژێر بەفرو باراندا بڕى و گەیشتینە سنوورى ئێراق و لە 16/4/1947 گەیشتینە سەرچۆمى گادەر، کە لە نێوان ئێراق و ئێرانەو سوپاى ئێراق بە هێزیکى زۆر هاتبووە سەر سنور بۆ ئەوەى ئەگەر دژى ئەوان هەڵوێست بگرین، لێمان بدەن، یان وەک دیل دەستبەسەرمان بکەن.
• دواتر لە هەڤاڵى بارزانیى نەمر مام (کازم شانەدەری) تەمەن 82 ساڵان کە لەبنەماڵەیەکى کوردپەروەرە، لەبارەى ئەو رووداوانە گوتى؟
هەروەک لە سەرەوە پێشمەرگەى قارەمان تەیمەز سێلکى ئاماژە پێداو، دیسان بە ماڵ و خیزان و پیرو پەککەوتوو لەگەڵ خوالێخوشبوو شیخ ئەحمەدى بارزان و بارزانیى نەمر بریاردرا چووینە سەر گادەر. هەرچەندە فڕۆکەکانى دوژمنان ئێمەیان لە ئاسمان و سەر زەمینەوە بۆردومان کرد، بەڵام لە گەلى گادەر چارەسەرى نادیارمان هەلبژارد، کە حکوومەتى ئێراق عەفووى دا، بریار درا خوالێخوشبوو شیخ ئەحمەدى بارزانى بە ماڵ و خێزان و پیرو پەککەوتەوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستانى ئێراق و ئەوانەشى تواناى چوونیان هەبێت لەگەڵ بارزانیى نەمر بمێننەوە.
ئەوە بوو رابەرى ئازادیخواز بارزانیى نەمر ئێمەى کۆکردەوە و بە ئێمەى پێشمەرگەکان فەرمووى: چارەنووسى ئێمە نادیارە و زروفمان سەختە و نازانم لە برسان دەمرین و یا لە سەرمان رەق دەبێنەوە و لەوانەیە ئێمە لە رێگا توشى زۆر شت بین برسیەتى و سەرماو گەرماو کەمین.. ئێمەى رێگاى مان و نەمان هەڵبدەبژیرین ئەوەى دەچێتەوە بابچێتەوە ئێمە بەردەوام دەبین و ئەوەى لەگەڵ ئێمە دەمێنێتەوە دەبێ کوشتن و برسیەتى و چەرمەسەرى لە پیش خۆى دابنێ، وا بێر نەکاتەوە گوندەکانى ئەم دەڤەرە مەرو ماڵاتیان زۆرە، ئێمە لە پێناو پاراستنى کەڕامەت و سەرو ماڵى کوردستاندا پشت بە خواى گەورە ئەوە رێگاى ئێمەیە، دوایی ئێمە هەموومان بە یەک هەڵویست هاوارمان کرد کە لەگەلتدا دادەبین و مردنمان لە ژیانى ژێر دەستى پێ خۆشترە، رێگاى مان و نەمانمان هەڵبژاردو یەک کەس لە ریزەکان نەهاتە دەرەوەو هەموان لەگەڵ بارزانى نەمر بووین.
• دواتر لە مام (تەیمەز سێلکى) مان پرسى، باشە ئەو رێگایە چوون بوو چیتان دەکرد؟
ئێمە لە گادەر ماڵئاوایمان لە خزم و کەس و ماڵەکانمان کردو هەرکەس بە خۆى و چەکى فیشەک بێ هیچ کەل و پەلى دیکە ڕومان کردە چیاکانى کوردستان، بەرەو کوێستانەکانى هەرکیان وەڕێ کەوتین کە ئەو خیلە تەهاو زێڕۆى هەرکى سەرپەرشتییان دەکرد، کە ئەوانیش لە ترسى عەجەمى ئێران هاتبوونە کویستانەکان، کە ئێمە گەیشتین و خواردنیکى وامان پێنەبوو و ئەوانیش لە ئێمە باشتر نەبوون ئەو ڕۆژە کە لە نێوان سنورى ئێراق و ئێران بووین، نوستنمان نەبوو، دانیشتن و نوستن یەک بوو، زۆر زەحمەت بوو و بارزانیى نەمر هەر کە دیتباى کەسێک نووستووە هەڵى دەستاندو دەیزانى لە ڕۆژدا دەربازبونمان زۆر سەخت دەبێ و دەیویست لەو شوێنە مەترسیدار و ناخۆشە دورمان بخاتەوە چونکە تورکیا و ئێراق پێکەوە لە ئێمەیان دەدا ئەوە بوو سنورى تورکیامان بە جێهشت و لە 18/4/197 چووینەوە ناو سنورى کوردستان و ئێراق و گەیشتینە ناوچەى برادۆست لە سەرما و برسیەتى زۆر سەختیمان کێشا و هەر شتێکمان لە رێگا دەمانخوارد و لە 19/4/1947 گەیشتینە گوندى ئەرمۆش کە دەکەوێتە ناوچەى برادۆست، کە بەراستى ئەوەى هەبوو بۆ ئێمەیان کرد و باش لە یادمە خەڵک دەیگوت کە شێخ رەشیدى لۆڵانى بە ئێمەى راگەیاندوو کە دەبى خزمەتى بارزانییەکان بکەین و ئاگادار بووین کە دوژمن هێزى هێناوەتە گوندى کانێەرەش بۆیە بازانیى نەمر بریارى دا بە شەو دەرباز بین، دەنا ناتوانین خۆمان لە دەشتى بەرازگر بدەین، ئیتر شەو خۆمان دەرباز کرد لە دەشتى بەرازگر و لە 20/4/1947 گەشینە گوندى دەریا سۆر، دوایى لەویشدا بەردەوام کە هەر دوژمن لە پێش و پشتمان بوو بەرەبەیانى 21/4/1947 تاریکى شەو سنورى تورکیامان بەجیهێشت چوینەوە خاکى ناو ئێراق و چووینە گوندى زیتە جاش و سوپاى داگیرکەرى ئێراق رەبایەیان دانابو و سەرنەکەوتن و زەربەمان لێدا هەر ئەو شەو پێشمەرگەى قارەمان تێلى عەبدولکەریم شەهید بوو و دواتر کەوتینەوە رێگا کە سەخت بوو و بێ نان و خواردن بووین، بەڵام چونکە وەرزى بەهار بوو لە گوڵ و گیاو و ئەو رێگایە پڕ ببوو لە ریواس و ترشۆکە کە هەر ئەوەمان دەخوارد تاکو برسیەتیمان نەمینێ، بۆ ئێوارە گەیشینە گوندەکانى ئەرگۆش و بەنان و دەکەوتینە ناو مزورى باڵا و لە 22/4/1947 گەیشتینە ناوچەى مزوریان کە 28 ڕۆژ لەو ناوچەیە ماینەوە.
تیبنى: لە ژمارەى(4075) رۆژنامەى خەبات لە (22/5/2012) بڵاوبوویتەوە.
• دواتر مام(مام کازم شانەەرى) لەبارەى مانەوەتان لە ناوچەى مزوریان گوتى:
بەراستى ئەو رێگا کە ئیمە پێداچووین هەروەک چۆن بارزانیى نەمر لە پێش چوونمان بۆمانى باس کربوو، ئاو بوو، تووشى زۆر کارەسات و برسیەتى و تنیوویەتى و کەمینى دوژمن بووین، دوایى لە ناوچەى مزوریان بارزانیى نەمر کە شارەزاییەکى باشى هەبوو هێزەکانى رێکخستەوەو بە چەند بەرەیەک دابەشى کردین، بەم شێوەیە:
1- سەرکردایەتى گشتى بارزانیى نەمر خۆى بوو، کە بنکەى کەوتە گوندى ئەرگۆش، کە گوندیکى ئاوەدان بوو، تواناى ئەوە هەبوو کە سەد هەتا سەدو پەنجا کەس زیاتر جێ بکاتەوەو و خواردنیش بۆ دابین بکات.
2- دەستەیەک کەوتنە لەناو مزوریان و لە گوندەکانى میرۆز و دێزۆ دامەزران کە ئەسعەد خۆشەوى سەرپەرشتى کرد و بەهاوکارى ژمارەیەکى دى کە لە ژێر سەرپەرشتى مەلۆ لێرى بوون.
3- پاراستنى پردى بالیسان گرنگ بوو لە لاى بارزانیى نەمر ئەوەى خستە سەر شانى مامەند شێروانى کە لەگەڵ ژمارەیەک لە گوندى ماوەتان بوون سەرپەرشتى کرد.
4- حارس بێدارونى و میرزاغا رەشۆ مێرگەسۆرى سەرپەرشتى بەرەى زید بوون و هێزەکانیان لەچیاى خنگیل دامەزراند.
5- هێزیک بە سەرپەرشتى سەعید وەلى بەگ لە ئەرگۆش لەگەڵ بارزانیى نەمربوو وجگە لەوانیش دوو دەستەى تر کە ژمارەیەک چەکدار بوون محەمەدئەمین میرخان و ساڵح کانیەلینجى سەرپەرشتیان دەکرد کە ئەوان لە ژێر چاودیرى راستەوخۆى بارزانیى نەمر بوون .
• لە بەردەوامى باسکردن بەسەرهاتەکانى ڕێڕەوە مێژووییەکە مام (تەیمەزسێلکى) گوتى:
خەڵکى ئەو ناوچانە زۆر هاوکاریى ئێمەیان کرد و کە هیچ کاتى ئەو چاکەیان لە بیر ناکەین، ماوەیەک کە لەوێ بووین 19/5/1947 هێزى سوپاى دوژمن هێرشیان هێنا سەر چیاى سەرخنگێل، دواى زەربەیەکى گەورەمان لە دوژمن دا و هەموومان بەسەلامەتى دەرچووین، دواتر بارزانیى نەمر فەرمانى دا کە هەموو هێزەکان لە گوندى ئەرگۆش کۆبینەوە، لە 20/5/1947 بڕیاردرا کە هەموو هێزەکان بەرەو گوندى دڕێ بکەنەوەوە رێ کە فەرمانەکە جێبەجێ کرا و لە 21/5/1947 لەشکر لە گوندى دڕێ بووەوە، کە گەیشتین هێزێکى زۆر لە پردى باسان دەرباز بووین، کە 8 فڕۆکەى دوژمن هاتنە سەرمان و بۆمبارانى گوندەکەى کرد، پردەکە و دەوروبەرى هەموو بووە ئاگر، نەمانزانى چیمان بەسەر هاتووەو چاوەڕوانى ئەوە بووین کە زۆربەى ئێمە هەڤاڵان نەمابن، سوپاس بۆخوا هەموومان سلامەت بوون، تەنانەت پشکە خوێنێکش لە کەس نەهاتبوو، بە راستى ئەو رۆژەم لە یاد ناچێت کە خوا رەحمى کرد کە چۆن ئێمە رزگار بووین و پردەکەش ساخ بوو، هەر لەو رۆژەدا 4 فڕۆکەى دیکە چوونە سەر گوندى درێ، کە 7 پێشمەرگە بریندار و دووکەسیش لە هاوڵاتییانى خەڵکى گوندەکە شەهید بوون و زیانیش بە گوندەکە کەوت. شەو کە گەیشینە گوندى درێ بۆمباران کرا بوو گوندیان چول کردبوو، و بە سکى برسى لەو گوندە بووین، 21/5/1947 لە گوندى درێ دەرکەوتین بە زگى برسى و ماندووبون و دیسان لەڕێڕەوەکە بۆ چیا بەرزەکانى تورکیا کەوتینە ڕێ، لە 22/5/1947 لە ناو کوێستانەکانى گوندى بیداڤ و درێ ماینەوە و لە 23/5/1947 چووینە گوندى بیداڤ کە نێوان سنورى ئێراق و تورکیا رێگاى سەرسەخت بوو ئەو گوندەش بە جێهێشت، هەرچەندە لە رێگاى چەند کەس لە دڵسۆزانى کوردستانى تورکیا، کە بڕیاریاندا بوو ئەو بریندارنە بشارینەوە و دواى بگەڕێنەوە دەڤەرى بارزان کە چووین بەرەو کوێستانەکانى چیاى پێداڤ کە زۆر برسى بووین و هەموو وەک یەک بووین و جەنابى بارزانیى نەمر لە پێش کاروانەکە بوو.
• مام (کازم شاندەرى) زیاتر درێژەى بە ئاخەوتنى داو گوتى:
24/5/1947 گەیشتینە گوندى بایێ کە سەر بە عەشیرەتى دوسکى ژۆرى بوون و گوندەکى کوێستانى بوو چەند ماڵیک بوون و خەڵکە بە گەرمى پێشوازییان کردین و ئەوەى لە توانایان دا هەبوو بۆ ئێمەیان کرد، شەو ماینەوە و رۆژ بەرەو چیاى ئاسنگران وەڕێکەوتین و هەواڵ گەیشت کە ڕێگامان لێ گیراوە، زۆرناخۆش بوو جەنابى بارزانیى نەمر هەموومانى کۆکردەوە و لەگەڵ لێپرسراوان بارودۆخەکەى باس کرد و یەکێکى شارەزا خۆى گەیاندە بارزانیى نەمر و گووتى: من دەوتوانم ئێوە دەرباز بکەم بە مەرجێک کە ئەوەى من دەڵێم وا بکەن، بارزانیى نەمر گوتى: چ بکەین، ئەویش گوتى: دەبى لە دزا گەورەى دا بە بەردەمى سەربازگەى تورکیا بڕۆین کە رێگایەکى تەسک و باریکە ، بارزانیى نەمر بڕیاریدا بڕۆین هەموو چوین بێ ئەوەى کەسێک قسەبکات و دەنگێکى لێوەبێت چوینە ئەو رێگایە. 25/5/1947 لە رێگامان دا و لە رێگادا بارزانیى نەمر دەهاتەوە ناو لەشکر وقسەى خۆش و وەرى دەداینەوە و هێزو توانامان پەیدا دەکرد و ئامۆژگارى ئێمەى دەکرد کە ئەم رێگاى مان و نەمانەمان بۆ کوردستان هەڵبژاردوە، لە 26/5/1947 لە دزا گەورەى دەرباز بووین چووینە چیاى سپى ریز ، کە دەکەوێتە سنورى ئێران و تورکیا وەکو کوێستانەکانى کوردەوارى پڕ بوو لە رێواس و گیا و گوڵى بەهارى و کەنگر و لە گوندى بایى خەلک هیچ کەمتەرخەمیان نەکرد، چونکە لەشکر زءَر بوو کە خواردن بە هەموویان بگات و شەو و رۆژێکدا دیسان لە رێگا بووین بە برسیایەتى بە بى خەوتن و بۆ دووم جار چووینە ناو خاکى ئێران لە 27/5/1947 لە رێگا زۆر ماندووبوون و لە بیرمە چەند جەماعەتێک گەیشتبوونە گوندەکە هەڵسابوون بۆ ئەوەى لە برسان نەمرن فیشەکیان بە پەنیر گۆڕیبۆوە کە بارزانیى نەمر زانى زۆر ناڕەحەت بوو فەرمووى: چۆن فیشەک بە پەنیر دەگۆڕنەوە، لە کاتێکدا ئەو فیشەکە دەتانپارێزیت و شەرەفتانە، چونکە لەو رێگایە فیشەک زۆر گرنگ بوو کە لە برسان بمرین نەک بى فیشەک بین و پێش بگەینە ئەو گوندانە بارزانیى نەمر ئامۆژگارى کردین و فەرمووى: نابى بە هیچ شیوەیەک خواردن بە زۆر وەربگرین و نابێ بچنە ناو باغ و بێستانەکانى ئەوان، ئێمە بە رێگامان دەڕۆین ئەگەر نانێک هەبوو پێکەوە دەخوین و نابێ کەس ئەزیەت بکەین ئەو شەوە لە گوندى جێرمى ماینەوەو هەندێکشمان چووینە ناو رەشماڵەکانى هەرکیەکان.لە 28/5/1947 بە سکى برسى و ماندووبون داخلى تەرگەوەڕ بووین ناو عەشیرەتى بەگزادانى بەردە سوورى ئەو عەشیرەتە نزیک شەست گوند بوون لە ناوچەى تەرگەوەڕ و شەو رۆژێک لەوێ ماینەوە و خواردنمان باش بوو تاکو فڕۆکەکانى ئێران هاتنە سەرمان، ئێمە نەماندەزانى بۆ کۆى دەڕۆین باوەڕیمان بە بارزانیى نەمر هەبوو کە هەرچى ئامۆژگارى و فەرمانەکانى لە بەرژەوندى کوردستان بوو.
29/5/1947 لە چۆمى بێلچووک دەرباز بووین کە چووینە گوندەکە خەڵکە هەژار بوون و هاتنە پێشوازى ئێمە و هەتا پیرەژنەکان کەلە بن دیوار دانیشتبوون دەهاتن پێش بۆ ئێمە دەگریان وەدەیانگوت رەبى خوایا بتانپارێزى و مەلامستەفاى بارزانى سەرکەوێت بۆ کوردستان. هەمان رۆژ داخیلى گوندى سێروێ بووین، گوندى جەسەن تێلى، لەویش رێزیکى زۆریان لە ئێمە گرت و لە 30/5/1947 داخیلى ناو عەشیرەتى شکاکان بووین ئەوانیش ئەوەندە لە گەڵمان باش بوون و بارزانیى نەمر پەیوەندى بە ئەوان کرد و شەوى لەوێ بوو کە مەخفەرێکى تورک لێمان نزیک بووە و تەقەیان کرد. ئێمەش کەوتینە رێو بەرزاییەکانى دەشتمان کردو دواى کە هەواڵ هات کە بەسەرکردایەتى عومەر ئاغاى شکاک کە بە فەرمانى دەوڵەتى شاهى ئێران هاتووە بۆ ئەوەى رێگامان لێ بگرێت، کە دواتر زانیمان ئەو بە نهێنى پەیوەندى بە بارزانیى نەمر کردبوو و کە ئەو تەقەیە بە نییەتى کوشتن و شەڕ نییە و ئێوەش هەر هەواى بکەن تا لاى دەوڵەت بەرپرسیار نەبین. بە سەلامەت گەڕاێنەوە دواى بارزانیى نەمر هەواڵى بۆ هاتبوو کە هێزى ئێران هاتونە سەر رێگاو ئێمەش رێگامان گۆڕى رابەرمان بارزانیى نەمر گەڕایەوە کە چەند زێرەکانە بیرى لێ کردۆتەوە بەرەو کوێستانەکانى سنورى ئێران و تورکیا رۆیشتین لە 31/5/1947 گەیشتینە گوندى باڵەک، خەڵکى ئەو گوندە خزمەتى ئێمەیان کرد لە 1/6/1947 گەیشتینە گوندى دێڵزێى کە گوندێکى شکاکەکان بوو و لەوێشدا خزمەتى ئێمەیان کرد. 2/6/1947 بوو چووینە گوندى حاجە جەفان تا دەرنگ ماینەوە وئیوارە دەرنگ بەڕێ کەوتین.
تیبنى، بەشى دووەمى ئەم بابەتە لە ژمارەى(4076) رۆژنامەى خەبات لە 23/5/2012)بڵاوبوویتەوە.
• دیسان مام (تەیمەز سیڵکى) کە لە ئاخەوتنەکانیدا بەردەوام بوو لە باسکردنى ڕێڕەومێژووییەکەو گوتى:
بە راستى شکاکەکان زۆر خزمەتى ئێمەیان کرد، لە 3/6/1947 بوو چووینە گوندى هەولەران کە بەراستى زۆر بە ڕێز بوون و خزمەتى ئێمەیان کردو خەڵکى وەفادار بوون، هەموو هاوکاریەکیان کردین و لە 4/6/1947 بە شەو بەڕێکەوتین و گەیشتینە گوندى بڕوش نەخۆران و شارەزایەکى زۆر باشمان لەگەڵدا بوو کە ئەویش مام میرزا بوو و لە 5/6/1947 گەیشتینە دۆڵى کۆتۆل و دواى بەئەو رێگە سەختە لە 6/6/1947 چووینە گوندى کەڵتیى کە زۆر خزمەتى ئێمەیان کرد و دیسان دوایى بە شەو بەردەوام بووین لە رۆیشتن کە رۆژى 7/6/1947 گەیشتینە گوندى ئەلەندو بەلەسۆر کە خەلک بە هەموو شێوازێک بەرەو روومان هاتن بەڕاستى ئەو گوندەش زۆر گیانى کوردایەتیان تێدا بوو و خزمەتى ئێمەیان دەکرد. دیسان ئەو گوندەمان بەجێهێشت و لە 8/6/1947دا گەیشتینە کوێستانەکانى حاجى بەگ کە کوێستانەکى خۆش بوو کە دەکەوێتە نێوان سنوورى ئێران و تورکیا و لەوێشدا لە ناو خێڵى ئەو کوێستانە و لە 9/6/1947گەیشتینە کوێستانەکانى حاجى بەگ و بەبرسیەتى رێگامان دا بەر و لە 10/6/1947 لە جادەى ماکۆ دەرباز بووین چووینە دێى عەمبار و خەڵکە بەڕێز بوون و کوردیش بوون و دوایش بۆ دەشتى ماکۆ کە کەس لێ نەمابوو، جا نازانین ئەوان خەڵکە بۆ هەلاتبوون، چونکە تەنها ئێمە مەسیرمان رۆیشتن بوو، رێگاى سەخت بوو لە 11/6/1947 گەیشتینە ناو گوندە چۆل کراوەکانى تورکان و لەشکر زۆر برسى بوو و زۆر ماندى ببووین، و هەر ئەو شەو بارزانیى نەمر بانگى بەرپرسەکان کرد و لەشکر ئامادە بوو و دەمانزانى کە شەڕ دەبێت و خۆمان ئامادە کردبوو و دەوڵەتى ئێران بەسوپا بە هاوکارى عەشیرەتەکان بە تایبەتى تورک لە پردى ماکۆ بەرەو لامان هات، کە لەو پردە دەرباز بین و هێزى تریش لە خۆى و هەتا هێزى هەوایى و دەبابشیان لەپاڵ بوو، و هێزەکانیش بارزانیى نەمر بەخۆى سەرپەرشتى دەکرد و ئەو تاکتیکە کە بارزانیى نەمر دانابوو و هەتا خۆشى لە جێگایەک بەرز بوو و بەشێوەیەک ئاگاى لە چۆنییەتى هێرشى دوژمن هەبێت و فەرمانەکان و ئامۆژگاری پێویست دانە هەر سێ دەستە بەراستى شەڕێکى زۆر گەورە بوو لە نێوان ئێمە و دوژمن و سوپاس بۆ خودا لە ئەنجامدا زیاتر لە 150 سەربازى ئێرانى کوژران و 47 دیلمان کەوتە دەست و بریندارێکى زۆرشیان مابوویەوە و هەتا چەک و تەقەمەنى زۆر لە دوژمنمان بە دەستکەوت، لەو شەڕەدا تەنها 5 بریندارمان هەبوو، کە وەک موعجیزەیەک بوو، ئەویش بۆ رۆڵى رابەرمان بارزانیى نەمر دەگەڕاێەوە. شەو بەرێکەوتین و چووینە سەر پردى ماکۆ، تەنها ژمارەیەک دەرباز بووین و ئێمەش شەڕمان کرد و ئەوانى تریش دەرباز بوون، لەو شەڕەدا تەنها 11 کەسمان برینداربوون و بەردەوام رێگامان برى تا بەرەبەیانى لەسەر جادەى ماکۆ چۆمى ئاراس لەبەرى لاى عەشیرەتى جەلالى کوردى کەڕە لە ناو دۆڵێکى زۆر قایم کۆبووینەوە و هەتا شەو بریندارەکەمان حاجى عەزیز گۆزى لە بەر بێ دەرمانى شەهید بوو، جەنابى بارزانیى نەمر بڕیاریدا جەنازەکەى لەگەڵ خۆمان بەرین و لە 12/6/1947 دا گەیشتینە گوندى هاسۆنى کە دەکەوێتە نێوان بنارى چیاى ئاگرى داغ لە سنورى ئێران و تورکیا و روسیا بەیانى زوو بوو کە هەموو خەڵکى گوندى هاسۆنى تورک بوون و لە ترسى لەشکر رایان کرد و تەقەمان کردەو چووینە گوندەکە کە چۆَڵ بوو، بارزانیى نەمر بڕیاریدا ئەو شەوە لەوێ بمێنینەوە و شوێنە گرنگەکان بگرین. بەڵام بۆ پاش نێوەڕۆ دوو فڕۆکەى دوژمن هاتن و گوندیان بۆردومان کرد مەڵو محەمەدئەمین لێرى کە لە شەوى پێشوودا بریندار ببوو کەوتە بەر بۆمباران شەهید بوو و هەردووەک شەهیدمان تەسلیمى خاک کردو رێگامان بەردەوام بوو بەرەو عەشیرەتى جەلالییان کوردى کەڕە کەوتینە رێگا لە 13/6/1947 دا لەسەر کانیاوێک کە جێگایەکى چۆل بوو ئستراحتمان کرد. هەرچەندە برینداریکمان شەهید بوو و دواى نێوەڕو بەرەو عەشیرەتى جەلالى رۆیشتن کە عەشیرەتێکى باوەر پێکراوو بوون و 14/6/1947گەیشتینە ناو عەشیرەتى جەلالى و ئەو رۆژى لەوێ ماینەوە چونکە کەس لەوێ نەبوو و هەر هەمان شەو لە دواى ئاشکرا بوونى پلانى هاوبەشى بارزانیى نەمر و عومەرئاغا رئیسى عەشیرەتى جەلالیەکان فەرمانى بە لەشکر کرد بەرەو سنوورى روسیا بکەوێتەرێ کە هەر ئەو شەو بەرەو رووبارى ئاراس بەرێکەوتین کە دەکەوتە سنورى نێوان ئێران و روسیا.
• دواتر ئەوەمان پرسى دواى کە لە رووبارى ئاراس چیتان کرد مام کازم شانەدەرى گوتى:
لە رۆژى 15/6/1947 ئێمە گەیشتنە سەر رووبارى ئاراس و لەوێشدا کە بارزانیى نەمر میرحاج ئاکرەیی وەکو نوێنەرایەتى خۆى نارد بۆ روسیا بۆ وەرگرتنى ئەوەى کە ئێمە پەنابەر وەربگرن سێ رۆژ لە چاوەڕوانیدا ماینەوەى ئەوەى هیچ شتێکمان هەبى بیخوێن، لە برسان بى تاقەت ببووین و هێزەکانى دوژمنیش هەر لێمان نزیک دەبوونەوە دوایی سى رۆژى لە 18/6/1947 رەزامەندیمان بۆ هات و بڕیارى پەڕینەوەمان دا کەبارزانیى نەمر ئاخرین کەس لەگەڵ چەندین هەڤاڵى دیکە پەڕینەوە بۆ خاکى سۆڤیەت و بەر لە پەڕینەوە بارزانیى نەمر هەموو ئەو کەسانەى وەک شارەزا و رێبەر لەگەڵماندا هاتبوون خەڵات کردن و بەرێزەوە ناردینەوە، تەنها مام میرزا نەبێ کە روو لە بارزانیى نەمرگرد و گووتى: خاکى کوردستان بە بێ تۆ لە من حەرام بێ، ئەویش لەگەڵمان پەڕییەوە بۆ ناو روسیا.
• پرسیارى ئەوەمان لە مام (کازم شانەدەرى) کرد، باشە ئێوە چوون ئەو رێگا سەختە تان هەڵبژارد، لە وەڵامدا گوتى:
لە کاتى رۆێشتنمان بۆ سۆڤیەت من تەمەنم 17 ساڵ بوو، لەو رێگایە دا بارزانیى نەمر جێى ئومیدى هەموومان بوو، ئێمە ئەو رێگامان لە پێناو مافە ڕەواکانى کوردستان هەڵبژارد بوو، لەو رێگا سەخت و کەمینەى دوژمنان ئێمە هەموومان وەک یەک بووین و رابەرمان بارزانیى نەمر لە پێش لەشکر بوو و هەموو کاتێک ئاگادارى هەڤاڵانى بوو، ئەوەى زۆر سەرنجى منى رادەکیشا لەو رێگایەدا ئەو هەڵسوکەوت و رەفتارى دادەورى و هەستەى کوردایەتیەى بارزانیى نەمر بوو کە چەند ئاواتخواز بوو بۆ کوردستان و هەتا هەر ناخۆشیەک کە لەو رێگایەدا بەسەرمان دەهات بارزانیى نەمر وەک ئێمە بوو و لەچەندەها گوندى سەر رێَگا بارزانیى نەمر نەیدەهێشت یەک کەس بەبێ فەرمانى بچێتە ناو گوندەکە و تەنها دەیفەرموو: پشت بە خواى گەورە ئەو رێگا دوور و سەختە و دەبى تەحموولى هەموو ئەو شتانەى کە بەسەرمان دێت بکەین، بۆیە ئێمە ئامادەى قوربانیدان بووین لە پێناو بارزانیى نەمر کە بە رێگاى سەرفرازى دا دەچوو.
• مام (تەیمەز سێلکى) بەمشێوەیە باسى هەندێک لە سیفەتەکانى بەرزى بارزانیى نەمرى کرد:
بارزانیى نەمر لە گەڵمان بوو و هەتا لەو سەفەرە دوورو درێژە شەرى سەرما و برسیەتى و کەمینى دوژمن و تینیوویەتیمان دەکرد و هەتا بە خۆى لە پێشەوەى کاروانەکە دەڕۆیشت و دەمانزانى هەموو نەهامەتى و ناخۆشیمان بەسەردێت، چونکە بارزانیى نەمر لە پێش سەفەرەکە بۆمانى باس کرد ئێمە 500 هەڤاڵ ئەو رێگامان هەڵبژارد و لە رێگا چەندەها شەڕمان دەکرد و بارزانیى نەمر چەندین پلانى بۆ شەر لەگەڵ دوژمنان دادەنا و سەرکەوتنمان بە دەست دەهێنا، بارزانیى نەمر رابەریک بوو کە هەموو کاتێک خۆى بە پێشمەرگەیەک دەزانى و دەیگوت منیش وەک ئێوە پێشمەرگەمە من خۆم هەر بە پێشمەرگەى کوردستان دەزانم هەتا دەیفەرموو: لەو رێگایەک ئەگەر شتەک هەبێت پێکەوە دەخوێن، ئەگەر نانێک هەبوو هەمووى دابەش بەسەر یەکتر دەکرێت و لەو سەفەرەدا چەک لەلاى بارزانیى نەمر زۆر گرنگ بوو، چونکە ئەو چەکانە شەرف بوون و هەتا دەیگوت: دەبێ هەموو کاتێک ئەو چەکانە لە ملتان بێت، چونکە بەرگرى لە ئێوە دەکات. من ناتوانم لە هەموو سیفەتە بەرزەکانى بارزانیى نەمرى رابەرتان بۆتان باس بکەم، کە بەچەندەها و سەدان لاپەڕە تەواو نابێت، بۆیە رێگاى مان و نەمانمان هەڵبژارد بوو، چونکە بارزانیى نەمر ئەوەند سەرکردەیەکى نەتەوەیی بوو، باوەڕى بە دوا رۆژ هەبوو، ئێمەش ئامادە بووین لە پێناو خزمەت کردن بە کوردستان بە خۆ و هەڤاڵانى هەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەى کوردستان رزگار بێت.
ئێمە خۆشحالێن کە یادى ئەو رۆژە مێژووییە دەکەینەوە و یادى ئەو رێگا سەرسەختە دەکەینەوە دوایى 62 رۆژ بە پاى پیادە خۆمان گەیاندە خاکى سۆڤیەتى جاران. رابەرى کورد بارزانیى نەمردەنگى کوردى گەیاندە ئەو وڵاتە تا بزانن کورد ماف و چارەنووسى تایبەتى خۆى هەیەو پێویستە چارەیەی گونجاو بدۆزینەوە بۆ رزگارى کوردو کوردستان. خۆشحاڵین کە بە چاوى خۆمان دەبینین ئاڵاى کوردستان لە زۆربەى دام و دەزگەکانى کوردستان هەڵدراوە کە ئەو ئاڵایە پێشەوا قازى محەمەد لە کاتى تێک چوونى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد بە ئەمانەت دایە دەستى بارزانیى نەمرتاکو پارێزگارى لێ بکات، دەبێت خەباتى بارزانیى نەمرو هەڤاڵانى و پێشمەرگەکانى کوردستان و خۆینى هەزاران شەهیدى کوردستان لەبیر نکەین نابێ ئەم رۆژە مێژووییە و رۆژانى ترى خەبات لە بێر بکەین لە سایەى ئەوان خاوەن پەرلەمان و حکومەتین و خاوەن سەرۆکى خۆشەویستین بۆ کوردستانیین ئەویش جەنابى سەرۆک مسعود بارزانیى- یى کە وەکو باوکى لە سەر هەمان رێباز بۆ ئامانجەکانى کوردستان پەیرەو دەکات ئێمە داوامان ئەوەیە کە ئەو دەسکەوتانە بپارێزن و هەموومان بۆ کوردایەتى یەک دەست بین و بە تەبایى و ئاشتى خزمەت بە کوردستان بکەین. سوپاس بۆ ئێوەى هەردەم خۆشەویست و رۆژنامە خەباتان کە ئێمەتان بەسەرکردووە.
تیبنى: بەشى یەک و دو و سى بابەتە لە ژمارەى(4077و 4076 و 4075)ى رۆژنامەى خەبات لە ( و 22 و23 و24/5/2012)بڵاوبوویتەوە.




