٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەڤەرى بارزان.. لە یادى 67 ساڵەى دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد

سەرچاوە: KDP.info

 سەفەر یوسف میرخان ژاژوکى

پێشمەرگەى دێرین )قادر ئیسقەلى( بەشداربووێکى  کۆمارى کودستان لە مەهاباد: بارزانیى نەمر دەیفەرموو: من دەمەوێ ئاڵاى کوردستان هەڵبکەم و نەهێڵم چیتر کوردستان ئەسیرو داگیر کراو بێت، مێژوو بە خۆى شاهیدى دەدات کە لەشکرى بارزانییەکان چەند سەربەرزانە خەباتیان کرد
لە یادى 67 ساڵەى دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد کە بە سەرۆکایەتى پێشەواى کوردان قازى محەمەد و بەهاوکارى بارزانیى نەمر دامەزراوە، لەوقۆناغە مێژووییە کە لەشکرى بارزانییەکان توانیان بەرگرى لە خاکى کوردستان بکەن بۆیە بۆ ئەم یادە مێژووییە بە پێویستمان زانى سەردانى پێشمەرگەیەکى قارەمان و بەشداربووى رووداوەکە بکەین بۆ ئەم ریگاى دەڤەرى بارزان مان هەڵبژارد کە پڕ بوو لە بێرەورى و یادەورییەکانى بارزانیى نەمر و پێشمەرگە قارەمانەکان  و چووینە لاى پێشمەرگەى شۆڕشگێر مام )قادر ئیسقەلى( کە رۆژانێک پێشمەرگایەتى کردووە وهەرچەندە لەبەر خەبات و ماندووبونیەتى کە ماوەى چەند ساڵ دەبێت هەردووک چاوەکانى لە دەست داوە کە چوین بە دیواریکەوە پاڵى دابووە و لە ماڵى یەکێک لە کوڕەکانى  بە خزمەتى گەیشتین و زۆر بە خێرهاتنى ئێمەى کرد. پێشمەرگەى دڵسۆز(قادر ) لە ساڵى 1920 لە گوندى (ئیسقەلى) سەربە دەڤەرى بارزان لە بنەماڵەیەکى کوردپەروەر لە دایکبووە و یەکێکە لەو پێشمەرگەکانە کە بە بنەمالە  بەشدارى شۆرشى بارزانیان کردووە و یەکێک لەو پێشمەرگانە بووە بەشدارى  کۆمارى کوردستان لە مەهاباد کردووە و  دواى تێکچوونى کۆمارى کوردستان  ماوەى 6 ساڵ  لە گەڵ هەندێک لە هەڤاڵانى بوویتە عەشقى  لە ناوچیایەکان  تادواى گەڕانەوە ناو خێزانى  و بەشدارى شۆڕشى مەزنى ئەیلوولى کردووە و لە ساڵى 1961 لە   لە گەڵ باوک و برا  و خزم و کەسى  لە لایەن دوژمن بەند دەکریت بۆ ماوەیەکى زۆرو دواتر بە خواستى بارزانیى نەمر دواى 3 ساڵ ئازاد دەگریت یەکێک لەو پێشمەرگانە بووە کە بەشدارى شۆڕشى گوڵان کردوە لە ناوچەکانى ئازاد بە تایبەتى لە دەڤەرى بارزان . زۆر بە خۆشحاڵیەوە باسى رۆژانى سەختى خەباتى دەکرد و بۆ ئەم یادە بەمجۆرە هاتە ئاخەوتن.

• پێشمەرگەى دڵسۆزى کوردستان  مام (قادرساڵح دۆڵەمەرى) ناسراوە بە (قادر ئیسقەلى) بەم شێوەیە باسى ژیانى منداڵێتى و بوونى بە پێشمەرگەى کوردستان کرد:
بە حەقیقەت ئەگەر باسى مێژووى پڕسەروەرى خەبات بکەین بە چەندها لاپەڕە تەواو نابێت.. بارزانیى نەمر کەسایەتى قارەمان و رابەرى بزوتنەوى کوردستان بووە کە هەردەم خەباتکارانە خەباتى دەکرد کە دوژمن نەیاندەهێشت بە سەربەرزى بژین کە بارزانیى نەمر وەڵامى ئەو ناحەزانەى بە شۆڕش و بەرخودان دایەوە و ئێمەش گەیشتینە قەناعەت بۆ بەرخودان چونکە دوژمنان زۆرزوڵمیان لە ئێمە دەکردو ئەو سەردەمە هیچ نەبوو حکومەتى ئەوساى داگیرکەر هیچى بۆ دەڤەرى بارزان و ناوچەکانى ترى کوردستان نەدەکرد  وەکو  بڵێن  نە قوتابخانەیەک  کە بتوانین فێرە زانست بین و بخوێنن کە ئارەزوى ئێمە بوو نە نەخۆشخانەیەک و نە رێگایە و نەبوونى پێداویستەکانى خزمەتگوزارى و.... لە کوردستان دابین نەکرابوون  هەتا باجیان لە ئێمە دەستاند و گەنجەکانى ئێمەیان بە تایبەتى دەڤەرى بارزان دەناردە عەسکەرى زۆرەملێ، زۆر بێرەحم و بى وێژدان بوون کونترۆلیان لە سەر ئێمە دانابوو هەتا هاتووچۆیان لە ئێمە گرتبووە هەتا لە ساڵى 1943 کاتێک رابەرى کورد بارزانیى نەمر و هاوڕێیانى لە سلێمانى گەڕانەوە دەڤەرى بارزان و ئێمە کۆمەلێک گەنج و لاو  کە لە عەسکەرى لە رەواندز بووین، عەسکەریمان بە جێهشت گەڕاێنەوە دەڤەرى خۆمان  و پەیمانمان دا کە لەگەڵ  رابەرمان خەبات بکەین بۆ کوردستان،  دواى بارزانیى نەمر هەر جار دەچوویە جێگایەک سەردانى خەڵک دەکرد و باسى کوردایەتى دەکرد من و برایەکانم و لەگەڵ هاورێیانم کە هاتە ناو گوندەکانى ئێمە پەیمانمان دا کە خەبات بکەین لە پێناو کوردستان چەکمان لە شان کرد پەیوەندیمان بە جەنابى بارزانیى نەمر کۆدو پێمان راگەیاند ئێمە نامانەویت خزمەتى رژێمى داگیرکەر بکەین، لە شۆڕشى دووەمى بارزان هەرچەندە دەتوانم بڵێم هێزى ئێمەلە بەرامبەر دوژمن زۆر کەم بوو بەڵام  هەر سەردەکەوتین و زەربەمان لە دوژمن دەدا، لە چەندین داستان بەشداریم کرد، وەک شەڕەکانى مەیدان موریک و مێرگەسۆر و هتد  بە رۆحیەتى کوردایەتى شۆڕشمان لە پێناو رزگاریى کوردستان هەڵبژارد کە ئەو شۆڕشى رۆژ بە رۆژ دەچوو ناو روحى خەلکى کوردستان و پەیوەندیان پێ دەکرد.
• لە بارەى چوونى لەشکرى بارزانییەکان بۆ کوردستانى رۆژهەلات مام  (قادر ئیسقەلى) کە یادى دەکرد بە هەستێکى غەمبار گوتى:
- دواى شۆڕشى دووەمى بارزان خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمدى بارزان و بارزانیى نەمر لەگەڵ  لەشکرى بارزانییەکان بە ماڵ و خێزان چووینە ناو خاکى رۆژهەڵاتى کوردستان و هەرچەندە ئەو رێگایە زۆر سەخت و ناخۆش بوو کە دوژمن لە پێش و پشتمان بوو و رۆژانە کەسۆکارمان لە لەشکرى بارزانییەکان شەهید دەبوون یان بریندار دەبوو  و 3 برام یەکێک لەو کەسانە بوون کە بە هۆى ئەو نەخۆشیە گیانیان لە دەست دا یان دەمردن بۆیە سەخت بوو  و پاشان لە مەرگەوەر و تەڕگەوەڕ هاتینە پێشوازى کردن لەلایەن خەڵکى هەموو ناوچەکانى سنورى رۆژهەڵاتى کوردستان و پێشوازیەکى زۆریان لە ئێمەیان کرد و لە روى دابین کردنى و جل و بەرگ و خوراک و هەموو روویەکەوە و هەتا دکتورە روسیەکان بە هاناى نەخۆشەکان و بریندارەکان هاتن و یارمەتیان دا. نەخۆشیەکى کۆشندە لە ناو بارزانییەکان پەیدا بوو کە رۆژانە گیانیان لە دەست دا و برایەک و خزمێکم گیانیان لە دەست دا، پاشان ئێمەیان دابەشکرد بە سەر گوندەکان و ناوچەکان هەر چەند ماڵى بارزانییەکان پێکەوە بۆ شوێنێک بۆیە دەبى لێرەدا بڵێم نابێ قەد چاکى خەڵکى نیشتمانپەروەرى کوردەکانى کوردستانى رۆژهەڵات لە یاد بکەین کە خزمەتى لەشکرى بارزانییەکان کردووە کە جێگاى ستایشن هەردەم. دواى گەیشتنمان  بۆ ماوەیەک ئێمە بەگەنج و لاو و پیر لەشکرى بارزانییەکان  ناونوسمان کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد من لەگەڵ برایەکانم سەعید و مەحمود و ئیسمائیل و سلێمان یەکێک لەوان بووین چووینە ریزى بەرگریکارانى کۆمارى کوردستانەوە.

• لە یادى هاتنى رۆژى شکوهدارى دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لەمەهاباد مام (قادر ئیسقەلى) چاوەکانى پڕببون لە فرمیسک وگوتى:
دوای ئەوەى ناونوس کراین و ئێمە چووینە سابلاغ و دەبوایە لە کاتى وەرگرتنى سیلاح سوێندمان خواردبووایە، من یەکێک لەوانە بووم چەکم وەردەگرت لەگەڵ هاوسەنگەرانم سوێندمان دەخوارد کە نابى خیانەت لەم کۆمارە بکەین و دەبى بەرگرى بکەین، دواى چەند مانگێک چووینە مەشقى عەسکەرى، دواتر پێشەوا قازى محەمەدو بەپرسانى کۆمار داوایان لە بارزانیى نەمر کرد کە بەشدارى بکات لە دامەزراندنى ئەم کۆمارە و کوردستانیکى ئازاد. رۆژى 22/1/1946 کۆمارى  کوردستان لە  مەهاباد لە ژێر سەرکردایەتى پێشەواى کوردستان قازى محەمەد راگەیەندرا، کە بە ئامادەبوونى چین و توێژەکان لە مەیدانى چوارچراى مەهاباد ئامادە بوون  و یادى بە خێر ئەو رۆژە کە ئێستا یادى دەکەمەوە لە بەرچاومە بەر لە 67 ساڵ لە رۆژەکى وەک ئەمڕۆ مێژوویی بوو کە بۆ یەکەم جار ئاڵاى پیرۆزى کوردستان لە مەیدانى چوارچرا لە شارى مەهاباد بە سەرۆکایەتى پێشەوا قازى محەمەد و بارزانیى نەمر هەڵکرا و ئەو رۆژە بوو کە کۆمارى  کوردستان لە مەهاباد راگەیاند کە ئەو کات بە سەرکردایەتى پێشەوا قازى محەمەد بوو سەرکردایەتى عەسکەرى تەسلیم کرا بە بارزانیى نەمر بە پلەى ژەنراڵى، کە چەندها خەڵک لەم رۆژە مێژووییان پێشوازییان کرد رۆژێکى پرشنگەدارە بوو هەموو خەڵکى کورد دوست دەستیان بە خۆشى و ئاهەنگ و شاهیگێڕان کرد و هەروەها چەندەها وتار لەو رۆژە خوێندرایەوە کە هەریەک باسى ئەو هەڵویستە و دەڕبرین دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد کە بە پێویستیان دەزانى کە کوردیش خاوەن سەربەخۆى و ئاڵاى کوردستان و هەتا پێشوازییەکى زۆر گەرمیان  لە سەرکردەى کورد بازانیى نەمر و هاورێیانیان کرد و شیعر و سرودیان دەخوێندەوە و دواتر کابینەى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد دامەزرا هاوکارى تەواوى خەڵکیان دەکرد لە گشت روویەکەوە . بەراستى یادى دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد هەمیشە لە لاپەڕەکانى خەباتى بزوتنەوەى رزگارى کوردستان بە زیندوووى دەمینتەوە.
•  لە بارەى رۆڵى رابەرى کوردستان  بارزانیى نەمر لە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد دا مام (قادر ئیسقەلى)  گوتى:
لە گەڵ رابەرمان بەرگریمان لە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد کرد و هەروەها من بەشدار بووى چەندین داستان وەکو مەل قەرەنى، شەڕى گەورەى سەقز و میانداوب و تەرگەوەر  و  هتد.. ، بارزانیى نەمر رابەرایەتى عەسکەرى ئەم کۆمارەى دەکرد و لە گەڵ لەشکر بووە و بە هەبوون و نەبوون دیسان هەڵویستەکانى هەر دەم بۆکوردستان بوو و رابەریک بوو کە باوەر و متمانەى بە ئێمە دەبەخشى  و هەروەها هەمیشە لەویش دەیگوت: من هەردەم کوردیکم بۆ بۆ خزمەتکردن و ئازادکردنى کوردستان خەبات دەکەم و هەتا بتوانم چەکى شەرف لە مەل دەکەم لە پێناو رزگارى کوردستان شەڕ دەکەم  و هەتا  دەستم تفەنگ بگرێ بۆ ئازادى کورد تێ دەکۆشم، من دەمەوێ ئاڵاى کوردستان هەڵبکەم و نەهێڵم چیتر کوردستان ئەسیرو داگیر کراو بێت. بارزانیى نەمر دەیفەرموو: ئیرەش هەر کوردستانە هیچ جیاوازى نیە دەبى بە هەموو ئیرادەیەک بەرامبەر دوژمنانى کوردستان شەڕ بکەین بۆیە سەرکەوتن بە دەستمان دەهینا و مێژوو بە خۆى شاهیدى دەدات کە لەشکرى بارزانییەکان چەند سەربەرزانە خەباتیان کردو بارزانیى نەمرى رابەر خاوەن هەڵویست بوو و نەتەوەى خۆى خۆش دەویست و بە بى جیاوازى بۆ خاکى کوردستان خەباتى دەکرد.
• لە بارەى پەیوەندى نیوان پێشەوا قازى محەمەد و بارزانیى نەمر لە کۆمارى کوردستان لە مەهاباد دا مام (قادر ئیسقەلى)گوتى :
ئەوان هەمیشە پەیوەندییەکى یەکجار برایانەو کوردانەیان هەبوو، هەمیشە بارزانیى نەمر پێشەوا قازى محەمەدى  بە پێشواى کوردان و سەرۆک کۆمارى کوردستان لە  مەهاباد لە کوردستان  تەماشاى دەکرد، بە هەمان شێوە پێشەواى کوردان قازى محەمەد زۆر رێزى و ئیحترامى لە  بارزانیى نەمر دەگرت کە فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بوو و  هەمیشە هاوکارى خەڵکانى کورد دوستیان دەکرد و رۆلێکى یەکجار باشیان هەبوو  و هەمیشە سەردانى ئێمەیان دەکرد و رۆحیەى لەشکرى بەرگرى کوردستان لە مەهاباد یان بەرز دەنرخاند کە نابى نائومید بین بەڵکو پشت بە خواى گەورە هەر کوردستان سەردەکەویت و دەهاتنە بەڕەکانى شەڕیان دەکرد و خۆڕاگر بین بۆ ئەوەى بتوانین خزمەت بە میللەتى کورد بکەین.
• لە درێژەى ئاخەوتنەکانى  (قادر ئیسقەلى) گوتى:
هەتا ئەو ماوەیە بە هەموو ئیرادەیەک بەرگریمان لە کۆمارى کوردستان  لە مەهابادکرد دواى تێکچوونى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد کە رابەرى رۆحى کورد بارزانیى نەمر چەندین جار بە پێشەوا قازى محەمەدى فەرموو: پێشەوا  تۆ خۆت بە دەستى ئەم دوژمنانە مەدە، چونکە من بە خۆم دەزانم کە هەر کاتێک ئەو دوژمنانە دەستیان بگاتە تۆ دەتکوژن وەرە لە گەڵمان بڕوێن  و پەیمان و بەڵێن  دەدەم  هەتا ماوم بە خۆم و هەڤاڵانم بەرگرێت لێ دەکەم و ئەگەر نانێک هەبێت پێکەوە دەیخۆین، بەڵام  پێشەوا قازى محەمەد ژیانى خۆى فیداى هاونیشتمانەکانى کرد و ئاڵایەکى کوردستان لە گیرفانى دەرهێنا و بە بارزانیى نەمرى گوت: ئەمە ڕەمزى کوردستانە دەتدەمێ وەکو سپاردەیەک لات بێ، چونکە پێموایە تۆ لە هەموو کەس باشتر پارێزگاریى لێدەکەى، بارزانیى نەمرپەیمانى دا  کە بە دڵ و گیان ئاڵای کوردستان بپاریزێت دواتر پێشەوا قازى محەمەد داواى لە بارزانیى نەمرکرد هەرچى زووتر مەهاباد بەجێبهێلێت، دوایى هەردوو پێشەوا قازى محمەد و بارزانیى نەمر بە غەمبارى ماڵاوایی یەکتر کرد، بارزانیى نەمر رووى کردە نەغەدە و لە ماڵى حاجى ئیلخانى بە رادیۆ بیستى لەشکرى ئێران گەیشتنە مەهابادو پێشەواى کوردان قازى محەمەد ژیانى خۆى و هاورێیانى  فیداى هاونیشتمانى کرد .
• ژیانى پێشمەرگایەتى تۆى فێرە چى کردووە بە راى جەنابتان چ رۆژێک دیارى بکەین بۆ رۆژى پێشمەرگە؟مام (قادر ئیسقەلى) گوتى:
ژیانى پێشمەرگایەتى منى فێرە سەبر و تەحمول کردووە و هەمیشە ئێمەى فێرکردووە کە راستگۆ بین چونکە لە گەڵ بارزانیى نەمر بووین کە هەردەم وەک پێشمەرگە بوو و بارزانیى نەمر کە هەردەم خۆى بە پێشمەرگەیەکى کوردستان دەزانى. ژیانى پێشمەرگەیاتى ئێمەى فێرە تەبایى و ئاشتى کردووە کە هەر پێشمەرگەیەک لە شوێن و جێگاى خۆى بەرپرسە لە ئەرکەکانى. بۆ دیارى کردنى رۆژى پێشمەرگە دەبى 11 ى ئەیلوول بێت چونکە لە شۆڕشى مەزنى ئەیلوول ناوى پێشمەرگە بڵاو بوویتەوە و ئەیلوول شۆرشى هەموو کوردستان بووە و هەموو چین و توێژەکان بەشداریان کردەووە بۆیە ئەو رۆژە باشترین رۆژە بۆ پێشمەرگە.
• لە کۆتاییدا بۆ یادى (67) ساڵەى دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە چوارچراى مهاباد مام (قادر ئیسقەلى) گوتى:
دواى تێکچوونى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد لەشکرى بارزانییەکان لەگادەر لێکبووینەوە بەشێک لە گەڵ خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدى بارزان بە ماڵ و منداڵەوە گەڕاینەوە کوردستان و زۆر ئازارو دەردەبەریمان کێشا ماوەى چەندەها ساڵ لەگەڵ هاوڕێیانم  لەناو چیایەکانى کوردستان عەشقى بووین  و دواى گەڕانەوەى بارزانیى نەمرو هەڤاڵانى لە سۆڤیەت وەزع گورا دەمەوێت لە کۆتایى ئەوە بڵێم کە ئەو ئاڵایەى کە پێشەوا قازى محەمەد دایە دەستى بارزانیى نەمر بە شانازى و فەخر لە کوردستان شەکایەوە و هەروەها ئەو خەبات و ماندووبوونەى پێشەوا قازى محەمەدو بارزانیى نەمرو هەڤاڵانى و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو سەرکردەکانى ترى کورد بە فیڕۆ نەچووە و ئەوەى ئەمرۆ ئێمە تێداین بەرهەمى خەباتى ماندوو بوونى ئەم قارەمانانەن و لە سایەى ئەوان دەسکەوتانە خاوەن پەرلمان و حکوومەتى کوردستانین و سەرۆکى هەریمى کوردستان مسعود بارزانى کە لە سەر رێبازى باوکى کە هەمان هەڵویستى و خۆراگیرى هەیە بۆ ئەم ئەزموونەى کە لە کوردستان بەرقەرارە و هەتا ماوم خۆم بە پێشمەرگەى بارزانیى نەمرو کوردستان دەزانم چەند کوڕم هەنە ئەوانیش هەر خۆیان بە پێشمەرگە کوردستان دەزانن و خزمەت دەکەن. نابى هیچ کاتێک ئەو رۆژانەى سەخت و دوژوار لە یاد بکەین داوا لە نەوەکانى ئەمڕ و داهاتوو دەکەم کە مێژووى بارزانیى نەمر بکەنە وانەى ژیان و ئیلهامى کوردایەتى. سوپاس بو ئێوەى بەڕێز و رۆژنامەى خەبات کە ئەو رێگا دوورەتان بڕیوە ئێمە بە سەر دەکەنەوە سڵاو و درود بۆ هەموو شەهیدەکانى کوردستان و سەر قافلەیان بارزانیى نەمر و کاک ئیدریس دەنێرم  ، هەر بژى کورد،  هەر بژى بارزانى.
تیبنى: ئەم بابەتە لە ژمارەى(4244) رۆژنامەى خەبات لە(24/1/2013) بڵاو بوویتەوە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار