كارەسات رووینەدا

ئاریان فەرەج
شازدەی ئۆكتۆبەر، قەوارەی كوردستانی خستەبەر هەڕەشەی لەنێوچوون، مقاوەمەتی پێشمەرگە و حیكمەتی سیاسی رێی لەو هەڕەشەیە گرت. پاشان هەوڵی زۆردرا هەڵبژاردن نەكرێ، ووتیان: (گەر هەڵبژاردن بكرێ تووشی كارەسات دەبین)، وویستیان شەرعیەتی دامەزراوەكان نوێنەبێتەوە و هەرێم توشی فەراغی سیاسی و یاسایی ببێت و لەو پاشاگەردانییەدا، وەك جوگرافیایەكی بێ ساحێب، لەبەین بچین، بەڵام پارتی پێداگیریی كرد و هەڵبژاردن كرا.
پاشان ئاستەنگەكێكی زۆر خرایەبەر پێكهێنانی حكومەت، جۆرەها هەنجەت و دەستی دەستی و ئەوراق تێكەڵكردن و پۆستخوازیی لەسەر حسابی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و نەخوێندنەوەی ئیرادەی خەڵك، خرانەبەر پرۆسەكە، پارتی بە سەبری ئەیووب و پشودرێژیەكی لە راددەبەدەر بەرخوردی كرد و نەیهێشت ئەو گێچەڵانە پرۆسەكە بگەیەنن بە بنبەست و شكست، هاوكات نەشیهێشت سیستمی ناڕەوای فیفتی فیفتی بەسەر گەلی كوردستاندا فەرز بكرێتەوە. دوایین جار هەوڵەكانی پارتی و دانوستاندن گەیشتن بە سەركەوتن و هەموو لایەك بە پۆست و بەش و بەركەوتی دڵخوازی خۆیان رازی كران.
پارتی لەو پێناوەدا لەبەشی خۆی زۆری داشكاند و زۆری لێ بەخشی، بەڵام لە كۆتاییدا ئەو ئامانجەی پێكا كە لە پێناویدا پێداگیریی كرد لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەویش بەهێزكردنەوەی كوردستان بوو لە رێی نوێكردنەوەی شەرعیەتی دامەزراوەكانی و پێكهێنانی حكومەتێكی سەرتاسەری و راماڵینی تارمایی هەڕەشەی دووئیدارەیی و لەبەریەكترازانی هەرێم.
بە دید و پیوەری پارتی سەركەوتن ئەمەیە نەك بەدەستهێنانی زۆرترین پۆست و بەركەوت. سەركەوتن بەهێزبوونی پێگەی كوردستان و هاتنەئارای حكومەتێكی تۆكمەیە كە بتوانێ بە ئەركەكانی قۆناغەكە هەستێ و ئەمنیەت و ژیان و گوزەرانی خەڵك باشتر بكات، ئیدی گرنگ نییە كێ چی بەردەكەوێت.
كاتێ نیچیرڤان بارزانی دەڵێت: هەموومان سەركەوتین، لەو پێودانگەوە دەڕوانێ كە سەركەوتنی كوردستان دواجار بۆ هەمووان سەركەوتنە نەك تەنیا بۆ ئەم یان ئەو لایەن.
هەڵبژاردن كرا و دانوستانی پێكهێنانی حكومەت گەر بە درەنگیشەوە بێت، بە ئەنجام گەیشت و كارەساتیش رووی نەدا!.




