ده‌قی وتاری نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له رێوره‌سمی به‌خاكسپاردنی روفاتی "730" قوربانی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی مه‌هاری له شاری سلێمانی

به ناوى خودا
که‌سوکارى شه‌هیدانى ئه‌نفال..
به‌ڕێزان..
حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به ڕێزه‌وه پێشوازى له ڕوفاتى ئه‌م شه‌هیدانه ده‌کات و وه‌ک ئه‌رکێکی خۆی ئاماده‌ى ڕیۆرهسمى ناشتنه‌وه‌یان ده‌بێ و سه‌ری ڕێز له به‌رده‌میاندا داده‌نه‌وێنێ.
به‌ڕێزان، ئه‌م 730 شه‌هیده ته‌نیا له سه‌ر یه‌ک شت ئه‌نفال و شه‌هید کران، ئه‌ویش کوردبوونه. که‌واته ئه‌نفال بۆ له‌ناوبردنی کورد بوو، که‌وابێ ئه‌نفالچییه‌کان دژی تهقسیماتهکانی خوای گه‌وره‌ش بوون.
تابووتی ئه‌م چه‌ند شه‌هیده‌ی من له به‌رده‌میاندا وه‌ستاوم، سیمبۆلی شه‌هیدانی نه‌ته‌وه‌که‌مانن. ئه‌مڕۆ به ناوی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه پێیان ده‌ڵێین: ئازادی و ده‌ستکه‌وته‌کان و پێشکه‌وتنه‌کانی ئێستای کوردستان به‌رهه‌می خوێنی ئێوه‌یه. به‌رهه‌مى ڕه‌نج و خه‌باتى گه‌لى کوردستان و پێشمه‌رگه قارهمانهکانیهتى. سوێند به گیان و خه‌ونه‌کانی ئێوه، که هه‌میشه بۆ ئازادی و ئاوه‌دانی و پێشکه‌وتنی کوردستان تێ‌بکۆشین. سڵاو و ڕه‌حمه‌تی خودا له ئێوه و له گشت شه‌هیدانی کوردستان.
سڵاو له‌و شه‌هیدانه‌ى که ئه‌و ئازادى و پێشکه‌وتنه‌ى ئه‌مڕۆ ئێمه هه‌مانه؛ له سایه‌ى خه‌بات و ماندووبوون و فیداکاریى ئه‌وان بووه. یادیان ده‌که‌ینه‌وه و سڵاو و ڕێز و خۆشه‌ویستییان بۆ ده‌نێرین.
به داخه‌وه حکوومه‌ته‌کانى عیراق، هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عیراقییه‌وه له ماته‌مینى و ناخۆشى و کاره‌سات به‌ولاوه، هیچى دیکه‌یان به گه‌لى کوردستان ڕه‌وا نه‌بینیوه.
ئه‌مڕۆ، جارێکى دیکه دڵ و جه‌رگ و به‌شێکى مێژووى مه‌رگه‌ساتی نه‌ته‌وه‌که‌مان، له خاکی پیرۆزی خۆماندا ده‌نێژینه‌وه، که هیوادارین نه‌وه‌ی ئێستا و نه‌وه‌کانی داهاتوو، چاویان به‌م جۆره مه‌رگه‌ساته نه‌که‌وێته‌وه.
هه‌موومان له ناخی دڵه‌وه، هه‌ست به ئازار و خه‌م و په‌ژاره‌ى که‌سوکارى ئه‌م شه‌هیدانه‌ی ناوچه‌ی قادر که‌ره‌م و گشت قوربانیانى ئه‌نفال و کیمیاباران ده‌که‌ین. ئێمه له نه‌ته‌وه‌که‌مان به گشتی، له بنهماڵهکانیشماندا به تایبه‌تی هه‌ریه‌که‌مان به‌شی خۆمان له ئه‌نفال و وێرانکاری و کۆمه‌ڵکوژیی ڕژێمه‌کانی پێشووی عیراقی بینیوه.
ئازارێکی زۆر گه‌وره‌یه که ته‌رمى پیرۆزى ئه‌م خۆشه‌ویستانه ده‌نێژینه‌وه. هه‌شت شاڵاوه‌که‌ی ئه‌نفال، له 6 ناوچه‌ی کوردستاندا، 182 هه‌زار که‌سی لێ ون کردین، که ئێستا ناوه ناوه له بیابانه‌کاندا ده‌یاندۆزینه‌وه.
به داخه‌وه حکوومه‌ته‌کانى عیراق، به تایبه‌تى ڕژیمه‌که‌ى سه‌دام، هه‌ر ئه‌وه‌یان به گه‌له‌که‌مان ڕه‌وا بینیوه، ده‌یانویست هه‌ر ئه‌وه به‌شی کورد بێ، به‌ڵام کورد و هه‌موو گه‌لانی ئازادیخواز ڕۆژانه ده‌یسه‌لمێنن، سه‌رئه‌نجام ڕژێمه دیکتاتۆره‌کان ده‌ڕوخێن و ئیراده‌ی ئازادیخوازی گه‌لان سه‌رده‌که‌وێ.
هیوادارین بازنه‌ى ئه‌م مه‌ینه‌تیانه بشکێ و نه‌ته‌وه‌که‌مان به ته‌واوی و یه‌کجارى ڕزگار ببێ و په‌یامى مرۆڤانه و ئازادیخوازانه‌ى گشت شۆڕشه‌کانى کوردستان، بێته دى.
ئه‌مڕۆ هه‌لومه‌رجێکى له‌بار بۆ گه‌له‌که‌مان هه‌ڵکه‌وتووه، مه‌رجى سه‌رکه‌وتنمان یه‌کڕیزیى لایه‌نه سیاسییه‌کان کوردستان و گه‌لى کورده.
بۆ ئه‌وه‌ی مێژووی خۆمان بزانین و به زاناییه‌وه ته‌ماشای ئایندهی خۆمان بکه‌ین، ده‌بێ نه‌وه‌ى ئێستا و ئایینده هه‌میشه یادى ئه‌م شه‌هیدانه له دڵ و فکریاندا زیندوو ڕابگرن.
ده‌بێ نه‌وه‌کانمان هه‌میشه ئه‌وه به بیرى خۆیان بهێننه‌وه که ئه‌م قوربانیانه چ ڕۆژگارێکى ناخۆشیان به سه‌ر بردووه، له کاتى ده‌سگیرکردنیان له لایه‌ن ڕژێمه‌وه، تاوه‌کو گواستنه‌وه‌یان، زیندانیکردنیان له نوگره سه‌لمان و عه‌رعه‌ر و زیندانه‌کانی دیکه‌ی بیابان، ئینجاش زینده‌به‌چاڵکردن و بهکۆمهڵکوشتنیان. ته‌نانه‌ت شاردنه‌وه‌ی ناونیشانی گۆڕه به کۆمهڵهکانیشیان. نه‌وه‌ى ئێستامان و ئاینده ده‌بێ ئه‌م ڕاستییه بزانێت و هه‌میشه له دڵ و ده‌روونیدا، ئه‌وه‌ى که به سه‌ر گه‌له‌که‌ماندا هاتووه، به زیندوویى بهێڵێته‌وه.
دواى ڕووخانی ڕژێم، په‌یتا په‌یتا گۆڕستانه به کۆمه‌ڵه‌کان ده‌دۆزرێنه‌وه. که ئه‌و گۆڕستانانه به‌ڵگه و شایه‌دیى ئهبهدیى تاوانه‌کانی عه‌قلیه‌تی تاوانکاری و شۆڤێنین ده‌رهه‌ق به نه‌ژادى کورد. به‌ڵام وانه‌کانی ئه‌و تاوانانه پێمان ده‌ڵێن، نابێ ده‌ستبه‌رداری هیچ مافێکی میلله‌ته‌که‌مان بین.
ده‌بێ به هه‌موو لایه‌کمانه‌وه هه‌وڵ بده‌ین تاوانى ئه‌نفال له جیهاندا بناسێنین، له ڕووی یاساییشه‌وه له سه‌ر ئاستی جیهان به جینۆساید بیناسێنین. له‌و بواره‌دا حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که وه‌ک ئه‌رکێکی خۆی به گرنگییه‌وه له‌و کاره ده‌ڕوانێ، بۆیه‌ش زۆر پێداگیری له سه‌ر گرنگیی پرۆسه‌ی ناساندنه‌وه‌ی قوربانییه‌کان و مامه‌ڵه‌کردنی زانستیانه له‌گه‌ڵ گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کان ده‌که‌ین.
هه‌ر لێره‌دا پێداگیری له سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ین، که ده‌بێ حکوومه‌تی عیراق ئه‌رکی خۆی به جێ بگه‌یه‌نی له جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کانی دادگای باڵای تاوانه‌کان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌باره‌ی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی که‌سوکاری قوربانیانی ئه‌نفال و جینۆساید و کیمیاباران له هه‌رێمى کوردستان.
ماته‌مگێڕانی به‌ڕێز ..
ئه‌وانه‌ى تا ئێستا له سه‌ر شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال به سزا گه‌یشتوون، نموونه‌یه‌کى تاوانبارانن. به‌ڵام تاوانبارى ئه‌ساسى که هێشتا ماوه، عه‌قڵیه‌تى فاشستى و کۆمه‌ڵکوژییه، عه‌قڵیه‌تى دوژمنایه‌تیکردنى گه‌لى کوردستان و مافه ڕهواکانیهتى، عه‌قڵیه‌تى پاراستنى میراتى سیاسه‌تى ته‌عریب و پاکتاوى نه‌ژادییه. ئه‌و عه‌قڵیه‌ته که ناوه به ناوه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، مه‌ترسییه‌کى سه‌ره‌کییه له سه‌ر ئێستا و له داهاتووى عیراقدا.
گرنگ نییه ئه‌م حوکمڕانه له ئه‌وى دیکه ده‌سه‌ڵاتى که‌متره، یان چه‌کى که‌مترى هه‌یه. به‌ڵام گرنگ ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌یه که حوکم به‌ڕێوه ده‌بات. چونکه تاوان هه‌ر تاوانه. که‌واته، تا ئه‌و ڕۆژه‌ى که‌سانێک په‌یدا ببن مافى کورد و خه‌ڵکى دیکه ئینکار بکه‌ن و شوێنه‌وارى ڕ‌ژێمى پێشوو بپارێزن، ئه‌وا دوور نه‌بینن که سیاسه‌تى کۆمه‌ڵکوژى و ئه‌نفال تازه ببێته‌وه.
هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى ئه‌مڕۆ له عیراقدا، به هه‌موو توانایه‌کیانه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن شوێنه‌وارى ته‌عریب و ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژى نه‌سڕێته‌وه، به‌ڵکوو ده‌یانه‌وێ وه‌ک خۆى بمێنێته‌وه. ئه‌ویش له‌وه‌دا دیاره که ناهێڵن و نایانه‌وێ ماده‌ى 140 جێبه‌جێ بکرێ. واته ناهێڵن ده‌ست له میراتى ڕه‌شى ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژى بدرێت. به مانایه‌کى دیکه، به داخه‌وه تا ئێستا پشتگیریى ئه‌و سیاسه‌ته نه‌فره‌تییه ده‌که‌ن که پێشتر هه‌بووه.
ئێمه ده‌پرسین: ئه‌نفال بۆچى کرا؟ ئایا هه‌ر بۆ ئه‌وه نه‌بوو شوێنه‌وارى ته‌عریب بپارێزن و که‌رکووک و ناوچه‌کانى دیکه هه‌تا هه‌تایه له‌و مه‌ینه‌تییه‌دا بمێننه‌وه و له کورد و جوگرافیای کوردی داببڕن؟ به‌داخه‌وه، ئه‌وه تا ئێستا به‌رده‌وامه و کێشه‌ی ئه‌و ناوچانه چاره‌سه‌ر نه‌بووه. که‌واته ده‌توانین بڵێین هه‌تا ئێستا کێشه‌ی کورد له عیراق چاره‌سه‌ر نه‌بووه. ئه‌وه بوو ئامانجى ئه‌سڵیى ئه‌نفال، چۆڵکردنى شار و دێهاته‌کانى کوردستان و نیشته‌جێکردنى خه‌ڵکى دیکه له شوێنیان.
ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له سه‌عدییه و جه‌له‌ولا و که‌رکووک و هه‌ندێ جێگه‌ى دیکه ڕوو ده‌دات، درێژه‌دانه به هه‌مان سیاسه‌ت، هه‌رچه‌نده ڕه‌نگ و شێوه‌ى سیاسه‌ته‌که گۆڕاوه، به‌ڵام جهوههرهکهى هه‌ر یه‌که.
که‌واته ده‌بێ زۆر هۆشیار بین بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵکوژى و ئه‌نفال به شێوه‌ى دیکه له کوردستاندا دووباره نه‌بنه‌وه. ده‌بێ بزانین که جیا له تانک و زریپۆش و فڕۆکه‌ى جه‌نگى و هێرشى زه‌مینى، سیاسه‌ت و چه‌کى تریش هه‌یه بۆ ئه‌نفالکردن. ئه‌و مه‌ترسییه نه‌ک ته‌نیا له سه‌ر گه‌لى کوردستانه، به‌ڵکوو پێکهاته‌کانى دیکه‌ى عیراقیش له ئاینده‌دا ده‌که‌ونه به‌ر هه‌ڕه‌شه، ئه‌گه‌ر عه‌قڵیه‌تی کۆنی تاوانکاریکردن وه‌لا نه‌نرێت.
ئێمه که ده‌ڵێین ده‌بێ ده‌ستوور جێبه‌جێ بکرێت، بۆ ئه‌وه‌مانه گه‌لی کوردستان و هه‌موو گه‌لی عیراق تووشی مه‌ینه‌تی و ئازار نه‌بێته‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش ئێمه وه‌ک حکوومه‌ت و گه‌لى کوردستان هه‌وڵ ده‌ده‌ین سنوورێکى ده‌ستوورى و یاسایى به‌هێز دابنرێ تاوه‌کو جارێکى دیکه دیکتاتۆری و تاکڕه‌وى و عه‌قڵیه‌تى فاشیستانه‌ى ده‌سه‌ڵات، جارێکى تر بۆ ئه‌م وڵاته نه‌گه‌ڕێته‌وه.
سیاسه‌تى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی کوردستان و گشت پارت و ڕێکخراوه کوردستانى و دیموکراتییه‌کانى عیراق زۆر ڕوون و ئاشکرایه. که هه‌ر ئه‌وه‌مان ده‌وێ ده‌ستوور به ڕاستى حاکم بێ و ڕێزى لێ بگیرێت و زه‌مانه‌تى وه‌ها دابنرێن که ڕێگه نه‌درێ هیچ که‌س و هیچ حیزب و لایه‌ن و تاقمێک؛ سیسته‌مى دیموکراتى و فیدرالی پێشێل بکات.
ده‌مانه‌وێ سیسته‌مى دیموکراتیى عیراق، به دروستى، له سه‌ر عه‌داله‌ت و ته‌وافوق و ڕێزگرتن له گشت پێکهاته‌کان دابمه‌زرێت.
مێژوو به گشتی و مێژووی عیراقیش به تایبه‌تی پێمان ده‌ڵێ، زوڵمکردن له به‌شێکی گه‌لی عیراق؛ سه‌رئه‌نجام هه‌موو پێکهاته‌کانی گه‌لی عیراق ده‌گرێته‌وه. که‌واته، خه‌ڵکى کوردستان و عیراق به دیموکراتخواز و مافپهروهرهکانییهوه، ده‌بێ یه‌ک بگرن له پێناو:
1- ڕێگرتن له هه‌ر عه‌قڵیه‌تێکى دیکتاتورى و تاکڕه‌وى.
2- ڕێزنان له گیانى ته‌وافوق که بناغه‌ى ده‌ستووری عیراقه.
3- چه‌سپاندنى فیدرالی و به‌دیهێنانى داوای ئه‌و پارێزگایانه‌ی که فیدرالیان ده‌وێ.
4- پاراستنى گشت مافه ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و جێبه‌جێکردنى ماده‌ى 140 له سه‌ر ئه‌ساسى سڕینه‌وه‌ى گشت شۆینهوارهکانى سیاسه‌تى ته‌عریب و ئه‌نفال و کیمیاباران.
5- هه‌وڵدان بۆ ناساندنى ئه‌نفال به جینۆساید ده‌رهه‌ق به کورد له گشت جیهاندا.
6- تاوانه‌کانى ئه‌نفال و کیمیاباران بخرێنه ناو وانه‌کانی پرۆگرامه‌کانی خوێندن له گشت قوتابخانه‌کانى عیراقدا.
7- قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى زیانه‌کانى گه‌لى کورد و قوربانیانى ئه‌نفال و کیمیاباران له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه.
8- بایه‌خى جددى به چاره‌سه‌ریى کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى خه‌ڵکى عیراق له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه، له مه‌سه‌له‌ى نیشته‌جێبوون و کاره‌با و ئاوى پاکى خواردنه‌وه و ڕێگه و شته‌کانى تر.
ده‌مانه‌وێ خه‌ڵکى عیراق، به هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه، به ئاسووده‌یى و ئارامى بژی و هه‌لومه‌رجى ژیانێکى دیموکراسیانه‌ی کامه‌ران و مرۆڤانه‌ی شایسته‌یان بۆ دابین بکرێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال و دیکتاتۆری نه‌بینینه‌وه و مه‌رگی هه‌زاران ئازیزی به ناحه‌ق شه‌هیدکراوی وه‌ک ئه‌م ئازیزانه که ئه‌مڕۆ ئێمه له‌به‌ر ده‌میاندا ڕاوه‌ستاوین؛ نه‌بینینه‌وه.
ئێمه بۆ ئه‌وه تێده‌کۆشین، تێکۆشانى ئێمه له‌پێناو عیراقێکى سه‌قامگیره، له‌پێناو ژیانێکى به‌خته‌وه‌ره بۆ گه‌لى کوردستان و هه‌موو گه‌لانى عیراق.
زۆر سوپاس.




