٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پارتییەكان و پۆست

سەرچاوە: KDP.info
 
ئاریان فەرەج
 
دەیانگووت پارتی بەدەسەڵات و پارەدارە، هەرچی دوای كەوتووە پۆست و پارەخوازە، ئەحزابی دیكە ئەهلی بیروباوەڕن، هەوادارانیان چاویان لە پلە و پۆست نییە و كیسەیان بۆ هەڵنەدوریوە. 
 
ئێستا كە لەسەروبەندی دابەشكردنی پلە و پۆستەكانی حكومەتداین، لای حزبەكانی دیكە بەخەستی كێبەركێ و كێشمەكێشی بەركەوت و دابەشكاریی پۆستە، تەنیا پارتییەكانن تەقەی سەریان دێ. لای ئەوان باس باسی كاندیدانی پۆستەكانە و هەموو سەرقاڵی ئەو قسە و باسانەن جگە لە پارتی و پارتییەكان. لای ئەوان ئەنواع هەوڵ و تەقەللا دەدرێ بۆ بەدەستهێنانی پۆست، تەنیا پارتییەكانن نە گوێ قوڵاغن و نە بە خەمەوەن كێیان لێ دەبێتە وەزیر و بەرپرس و كێ نابێت. ئەو بگرە و بەردەیە تەنیا لە نێو كادرانی پارتیدا بە كزی دەبیسترێ و نەبۆتە هەڵڵا.
 
خەسڵەتی پارتییەكان وایە، لەسەروبەندی هەڵبژاردندا، بەوپەڕی حەماسەوە كەمپین و بانگەشە دەكەن و دەنگ كۆدەكەنەوە و حزبەكەیان سەردەخەن، بەڵام دواتر هەموو ئارام دەبنەوە و كەمترینیان سۆراغی ئەوە دەكەن داخوا پلە و پۆستەكانی بەركەوتی پارتی بەر كامیان دەكەوێ.
 
پارتییەكان پۆست و پلەیان هەبێت هەر پارتین و نەشیانبێت هەر پارتین، لە نەبونیدا پارتین و لە تێروپڕی و خۆشگوزەرانیشدا هەر پارتین، لە نێو كاردا پارتین و كە خانەشین و كاركەناریش دەكرێن، هەر پارتین. پارتییەكان زۆرترین ململانێی سەخت و بەگژداچونەوە و پركێشیی گرانیان لەچەند ساڵی رابردوودا لە نێو قەیران و بە گیرفانی بەتاڵ بەڕێوەبرد، لەو كاتە بەحەماستر بوون كە خۆشگوزەران و گیرفانپڕ بوون. پارتییەكان تا توانا و تاقەت لە جەستەیاندا بێت، لە مەیدانی خەباتدان و كە تێرتەمەن و ماندووش دەبن، بە دڵ هەر پارتین و بەو تەمەنەشەوە هەر دانامركێن.
 
مەعدەنی پارتییەكان، باوەڕی دەروێشانەی پارتییەكان، خۆنەویستی و پابەندیی و دیسپلینی پارتییەكان، قوربانیدانی پارتییەكان، بەرجەستەبوونی پرنسیپ و مۆڕاڵی ئەو مەدرەسەیەن كە خزمەتكاریی میللەت بە بەرزترین پۆست و پلە دەزانێ، سەركەوتنی قەزیەكە لەسەروو هەموو خواستێكی تاكەكەسیەوە دەبینن. 
 
بێ گشتگیربوونی ئەو نەفەسە پارتییانەیە، گەیشتنی ئەم میللەتە بە ئامانج، مەحاڵە.

هەواڵی پەیوەندیدار