عێراق یاریكەرە، یان یاریپێكراو؟

غازی حەسەن
عێراق لەدوای بڕیارەكانی ترەمپ لەبارەی ئێران و بڕیاری ئەمەریكا سەبارەت بە تیرۆریست ناسینی هێزی پاسداران دۆخی ئاڵۆزتر و هەنگاوەكانی پڕ كێشەتر دەبێت، چونكە بێلایەن بوون لە ناكۆكی و ململانێكاندا بۆ لایەن و حكوومەتێك ئاسانە، كە دوور بێت لەكێشەكان، بەپێچەوانە عێراق بەشێكە لەو كێشانە. بۆیە هیچ لۆژیكێك بۆ بێلایەن بوون لە ناكۆكییەكان و نەبوونە بەشێك لە ڕەوت و سەنگەر بەندییەكانی ناوچەكە هەر تەنیا لە خەیاڵ دەچێت.
لە تەك بەئاشكرا پەرەسەندنی ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریكا لەنێو عێراق، سعودیەش لەم دواییەدا بەگوڕ و تینێكی سیاسی و دیبلۆماسی و بازرگانی زۆرەوە هەنگاو بەرەو دابڕاندن و ڕاكیشانی عێراق دەنێت، كە من پێم وایە بەشداری و ئامادەبوونی سعودییە دەمێكە كاری لەبارەوە دەكرێت و لەم ڕۆژانەشدا بەكردەوە ریاز لە ڕێگەی وەفدێكی گەورەی هاوبەشی وڵاتەكەی بۆ بەغدا، پرسیارێكی نوێی لەبارەی كێشە و ناكۆكییە هەرێمایەتییەكانی لە ناوچەكە و بەتایبەت لەنێوان ئێران و وڵاتە عەرەبییەكانی كەنداو هێناوەتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە ئایا سعودییە بەشداری لە چارەسەری كێشەكانی عێراق دەكات، یان ئەویش دەیەوێت لە عێراقەوە ڕووبەڕووی سیاسەت و بەرنامەی تاران دژی سعودییە و هاوپەیمانەكانی و نیازەكانی توركیا لە ناوچەكە ببێتەوە.
دوای سەردانی شاندی هەمەكارەی سعودی بۆ بەغدا، عادل عەبدولمەهدی یەكسەر سەردانی ئێرانی كرد و شێوازی پێشوازییەكەی لەلێپێچانەوە و پێدانی زانیاری دەچوو، نەك مامەڵەی دوو دەوڵەت. لە كۆتایی هەفتەی ڕابردووش سەرۆك وەزیرانی بەغدا سەردانی ریازی كرد و لەسێزدە بواردا ڕێككەوتنیان مۆر كردووە. لای زۆر گەل و نەتەوەش 13 ژمارەیەكی خراپە، دوور نییە سەرەخۆرەش بێت.
بڕوا ناكرێت عەبدولمەهدی توانای چارەسەری پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی نێوان تاران و ڕیازی هەبێت، ئێمە دەزانین عەبدولەمهدی بانگەشەی چارەسەری دیبلۆماسی كێشەكان دەكات، بەڵام هاوسەنگی لە ناوچەكدا كارێكی نیمچە نەكردەیە، چونكە زەمینەی ئەم جۆرە هاوسەنگی و هاوكاریانە لەئارادا نییە، هەروەها بەپێی مەزەندەی زۆربەی شرۆڤەكاران لە سەردەمی شڵەژان و قووڵبوونەوەی كێشەكانی نێوان ئێران و سعودییە و ئەمەریكا بەغدا ناتوانێت بێلایەن بێت، چونكە حكوومەتی عێراقی لەسەر بنەمای شیعەبوون دامەزراوە. سەرۆك كۆمار بەڕەزامەندی ئێرانییەكان دانراوە، لەهەمان كاتدا بڕیارە بە رەزامەندی بەغدا، ئێران هێڵی ئاسنین لەنێوان تاران و بەغدا و دیمەشق دروست بكات و دەشیەوێت عێراق وەكو سەرچاوە و بازاڕێكی دارایی و ئابوری بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەربازی و سیاسی و كەمكردنەوەی هەژموونی سزا داراییەكانی ئەمەریكا بەكاربهێنێت. لە هەمووشی گرنگتر سعودییە دڵی بۆ سوننەی سەركوتكراو لە سایەی حەشد و هێزە شیعییەكان لێ دەدات و هەروەها كار بۆ ڕاكیشانی شیعە نەتەوەییە عەرەبییەكان دژی شیعەی مەزهەبی سەر بەئێران دەكات.
عادل عەبدولمەهدی لەچاو بەرپرسەكانی پێشەخۆی میانڕەوتر دیارە، بەڵام ئێمە دەزانین لە بەغدا دەسەڵات بەدەست كەسی حاكمەوە نییە، دەسەڵات بەدەست هێزە مەزهەبی و ئاینی و سەرچاوەكانی بڕیاری شیعە و تا سنورێكی زۆریش ئێران بڕیاری كۆتایی دەدات، بۆیە بۆچوون و توانای كەسی و هێزی فكری واقیعی و میانڕەویی و مرۆڤانە هەڵسوكەوتی تەنیا حاكمێك ناتوانێت چارەسەری قەیرانەكان بكات.
لەهەمان كاتدا ئەگەر عێراق لە خەیاڵی ئەوەدا بێت، كە یاریكەرە، هەڵەیەكی مێژوویی دەكات، چونكە عێراق یاریپێكراوە مەبەستم ئەوە نییە ڕۆڵی بەشداری لە یارییەكانی پێ دەدەن، بەڵكو گاڵتەی پێ دەكەن و هەڵی دەسوڕێنن. كەسانی ئاسایی و نەشارەزاش لە سیاسەت دەزانن، كە سعودییە دەیەوێت عێراق لەژێر دەسەڵاتی ئێران دەربهێنێت و بەرەو بڕیاری عەرەبی ڕابكێشێت، ئەمەریكا ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لە عێراقێكی دیموكراتی دوور لە هەژموونی ئێران دەبینێت، ئێرانیش عێراق وەكو سەنگەرێكی دەرەكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەكانی دادەنێت و بەكردەوەش باڵادەستە تێیدا. ئەم وێناكردنە، هەر تەنیا تێڕوانین و بۆچوونێكی فكری و شرۆڤەیەكی دابڕاو لە واقیع نییە، نەخێر ئەم وێنەیە وێنەیەكی كردەكی هەقیقیە.
ئێران كە دوور یان نزیك ناتوانێت سوریا هەتا كۆتایی بەكاربهێنێت، بۆیە نایەوێت سوریا و عێراق بەیەكەوە لەدەست بدات، لەبەر ئەوە بەرپرسانی بەغدا دۆنكیشۆتانە بیر دەكەنەوە، ئەگەر بیانەوێت وێناكردنێكی بێلایانانە بەهەنگاوە دیبلۆماسی و پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانیان بدەن. لەناوەخۆدا هەرێمی بەسرە و موسڵ باسی ڕۆژە، گەندەڵی و خراپبوونی خزمەتگوزاری لەخراپ بوونە. میلیشیا چەكدارەكانی سەر بەئێران دەسەڵات و پێگەیان وەكو خۆیەتی. سعودییە كار بۆ بوژانەوەی سوننە مەزهەبەكانی برای دینی و ئەوانەی سەر بە ڕەوتی نەتەوەیی عەرەبن دەكات، ئێران عێراق وەكو كارت و هۆكار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناحەزەكانی بەكاردەهێنێت.
ناكۆكی لەسەر پێویستی مانەوەی هێزە ئەمەریكییەكان لەنێوان لایەنەكانی نێو عێراق و دەسەڵاتەكان توندە. بۆیە دەڵێین عێراق یاریكەر نییە، بەڵكو یاریپێكراوە. وەكو چۆن زۆر لە وڵاتە سەقامگیر و بێ كێشەكان ناتوانن ڕۆڵی سەربەخۆیانەیان لە كێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان هەبێت، عێراقێك كە بەشێكە لە كێشەكان و بەشدارە لە ناكۆكییەكان و نیازی دژ بەیەكی نێوەخۆیشی لە وێناكردنی گرفتەكان تێدایە، ناتوانێت بێلایەن بێت، یاریپێكراویش ئازاد نییە كامە سەنگەر و هاوپەیمانی و ڕەوت هەڵدەبژێرێت. یاریپێكراو پێویستە داواكاریی و شتە فەرزكراوەكان جێبەجێ بكات، نەك مەزەندەی ئەوە بكات، دەتوانێت مەزەندەی ڕووداوەكان بەپێوەری بەرژەوەندییە باڵا و نیشتیمانییەكانی خۆی بكات.
سعودیە دەیەوێت هاوكاری عێراق بكات، ئێرانیش دەیەوێت عێراق هاوكاری بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سزا ئابووریەكان. یارییەكە یارییەكی ئاڵۆز و قورسە، بۆیە پێناچێت گەمەیەكی دڵخۆشكەر بێت، بەتایبەتی كە عێراق یاریپێكراوە.




