هەڵگەڕاوەیەک لەسێدارە دەدرێت

غازی حەسەن
کەسێک لە سعودییە وەکو رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ دەبێژێت رووبەروی لەسێدارە دان دەبێتەوە، دیارە ئەو کەسە بەتۆمەتی وەرگەڕان لە دین لە سێدارە دەدرێت. کەسەکە لە سعودییە و پێگە ئەلەکەتۆرنییەکە تایبەتە بە سعودییە و ناوی " تۆڕی لیبرالی سعودییەی ئازادە". لەم پێگەیەدا باسی رۆلی دین لە سعودییە دەکرێت. ناوبراو لە حوەزیرانی ساڵی 2012 زیندانی کراوە و ئێستە لە بەرزتیرن دادگای ئەم وڵاتە لەبەردەم دادگایە و چاوەڕێی لە سێدارەدان دەکات.
رائف بەدەوی کە ئەم ماڵپەڕەی دامەزراندووە تۆمەتی سوکایەتی کردن بە ئیسلامی دراوەتە پاڵ، سزای هەر هەڵگەرانەوەیەک لە دین ، راستەوخۆ لە سێدارە دانە.
لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا شۆڕشێکی جەماوەری رقهەڵگرتوو لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری و دامودەزگا سەرکوتکارەکان دەستی پێکرد و گەرمەی ئەم شۆڕشە هەنووکە لە سوریایە، هەندێکجاریش لە سعوودیە رووبەروبونەوە لە نێوان پێکهاتەی شیعەی ناڕازیی و دەسەڵاتی پاشایەتی حکوومڕان لە سعودییە رودەدات.
هەفتەی رابردوو دەسەڵاتی سعودییە بڕیاری دا، ئافرەت دەتوانێت لە کۆگە و شوێنە گشتییەکان کە تایبەتە بە فرۆشتنی جلوبەرگی ژێرەوەی ئافرەتان کار بکات، هەر پێش ئەوەش کێشەی ئۆتۆمبێل لێخوڕینی ئافرەتان سەریهەڵدا، سەرباری رێگەدان و نەدان بە بەشداری ئافرەتان لە شارەوانییەکان. هەروەها لە چەند رۆژی رابردوو بڕیاری دا %30 ئافرەتان لە ئەنجوومەنی شورا بەشدار بن. ئەمە لە سعوودیە نوێیە، بەڵام هێشتا گەلێک شتی کلاسیک باویەتی.
سعودیە یەکێکە لە وڵاتە داخراوەکان و مافی ئافرەت و ئازادی رادەربڕین تێیدا سەختە، شەریعەت سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵات و بەرێوەبردنە. خەریکە ئۆپۆزسیۆن لەم وڵاتەشدا سەرهەڵدەدات. کە بەدرێژایی مێژوو سعودیە یەكێک بووە لەو وڵاتانەی کێشەی سیاسی و ئیداری تێدا نەبووە، یازۆر کەمو لاشەڕ بووە، هەرچەندە رۆلی سعودیە لە ئیدارەکردنی کێشەکانی ناوچەکە بە هاوکاری ئەمەریکا باڵاو کاریگەر بووە. ئەمڕۆش رۆلی ئەم وڵاتە بەهەمان کاریگەریی و ئاراستەیە، هەرچەندە رەنگە سعودییە نەتوانێت بەهەمان تانو تین لەگەڵ ئیخوانەکانی مسیر و بزاڤە ئیسلامییە سەلەفییەکان مامەلە بکات کە دەسەڵات لە دوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی وەردەگرن. بەڵام ناتوانێت هەر تەنیا وەکو سەیرکەرێک بمێنێتەوە. هەروەها دوور نییە ئێرانیش بۆ پاریزگاریکردنی برای مەزهەبیان (شیعە) لە قازانجی بێت سعودییە کێشەیەکی سیاسی تێدا بێت، چونکە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی سعودییە و رووبەروبوونەوەکان شیعەن.
بەڵام وەکو رێخراوی هیومێن رایتس وۆچ دەڵێت، کەسێک کە نووسەرە لە ماڵپەڕێکی ئەلەکترۆنی سعوودی کار دەکات، بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە هەڵگەڕانەوە لە دین، بڕیاری لەسێدارە دانی بۆ دەردەچێت. کەواتە دونیای ئازادی رادەربڕین و داکۆکی لە ئازادی بۆ مرۆڤەکان و گەلەکان، لە هەر کەش و پێگە و جوگرافیایەک تایبەتمەندی خۆی دەبێت و دەگۆڕێت.. بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن بەڵام رێسا گشتییەکانی ئازادی و مافی مرۆڤ وەکو خۆیان دەمێننەوە.. بۆیە لە لایەک سعودیە پێگەی ئەلەکترۆنی بۆ روخانی رژێمە دیکتاتۆرییە عەرەبییەکان دادەنێت و هاوکاریان دەکات و لە ناوەخۆشی لە سێدارەیان دەدات.




