٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كۆڕەوی میلیۆنی وەک ریفراندۆم

سەرچاوە: KDP.info
 
ڕێبوار حه‌مه‌لاو شوانی
 
لە 31/3/1991، گەلی كورد لە شار و شارۆچكە و گوند و ئاواییەكانیان بەجێهێشت، هەموویان پێكەوە مێژووییەكی پرشنگداریان بۆ خۆیان تۆمار كرد و بەیەك دەنگ وتیان نا بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی زۆڵم و زۆرداری و ستەمكاریی. لەو رۆژەدا، هاووڵاتیانی كورد پێكەوە، پیر و گەنج، ژن و پیاو و منداڵ و پەككەوتە بەشدارییان لەهەڵوێستێكی نەتەوەیی یەكگرتوودا كرد و روویان لەناوچە سنوورییەكان كرد. سەرەڕای دیوە سیاسییە گرنگەكەی، كۆڕەو دیوێكی مرۆیی كاریگەریی هەبوو. نەهامەتی و ئێش و مەینەتی هاووڵاتیانی كورد هەموو سنوورەكانی بڕی و دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو، لەسەر ڕای گشتیی جیهانی و پشتیوانییەكی جەماوەری و رەسمیی گەورە بۆ ماف و داخوازییەكانی كورد دروست بوو. كۆڕەو، رووداوێكی ئاسایی ناو مێژووی نزیكی كۆمەڵانی خەڵك نییە، بەڵكو كۆڕەو یادێكی لەیادنەچووی هەموومانە، رووداوێكی مێژوویی پڕ لەپەند و وانەی مێژووییە كەهەروا لەیادەوەریماندا ناسڕێتەوە. كۆڕەوی میلیۆن كورد كە كۆتاییەكی ناخۆشی راپەڕینی ئاداری 1991 بوو، بووە ریفراندۆمێكی جەماوەریی فراوان بۆ رەتكردنەوەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی رەشی بەعسییەكان بۆ شارەكانی كوردستان. لەكۆڕەودا، یەكڕیزی و یەكدەنگیی كورد لەهەمبەر زۆردای داگیركەر و ستەمكار روونتر لەجاران دەركەوت و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی هەرێمایەتی ناچار بەوەرگرتنی هەڵوێست كرد و هەر كۆڕەویش بوو كە ڕای گشتیی جیهانی لەبەرژەوەندیی كورد خەمڵاند و بووە سەرەتای گەڵاڵەبوونی بیرۆكەی بڕیاری 688ی نەتەوە یەكگرتووەكان. هەرچەندە كۆڕەو كارەساتێكی مرۆیی بوو، بەڵام پەیامێكی سیاسی گرنگیش بوو بۆ هەموو ئەو لایەنانەی لەو سەردەمەی دۆخی كوردستان و عیراق و ناوچەكەدا بوونیان هەبوو، لە ڕژێمی رەشی بەعسییەكانەوە، بۆ وڵاتانی هاوپەیمان، كەدواجار بووە هۆی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامی دژە فڕین و دەستپێكردنی پڕۆسەی پرۆڤاید كۆمفۆرت.
كۆڕەوى میلیۆنی گەلی كورد لە ساڵی 1991 لەگەڵ ئەوەی ریفراندۆمێكی سروشتی بوو لە هەمانكاتیشدا هێندەی دژایەتی هاتنەوەی داگیركەران و بكوژانی كوردەواری بوو، چەند هێندەش ترس بوو لەو داگیركارو بكوژانەی كە كوردەواری ئەزموونی تاڵ و ناخۆشی مەرگەساتی ئەنفال و سێدارە و راگواستن و چەكی كیمیایی لەگەڵدا هەبوو، ئەگەر لایەنی سەرەكی یان دیمەنی گشتی كۆڕەو لەترس لەدڕەندەیی و دڵڕەقی بەعس و سەدامدا دەردەكەوت، بەڵام ئەم ترسە گشتییە، یان ترسی سەراپای نەتەوەیەك كە دەبێتە كردار یان بەكۆمەڵ رەو دەكات، سەیر بكەن چ ئایاتێك لەخەبات و تێكۆشانیان هێنایەدی و چ كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەرانسەری جیهاندا نەخشاند، مەترسی و كۆڕەوی كوردان بۆ هەڵاتن لەچنگی خوێناوی داگیركار و دیكتاتۆر ئەو دەیە مەزنەی بۆ هەموو جیهان سەلماند. تەنانەت ترس و مەترسی بەكۆمەڵیش ئەگەر بكرێنە ئامرازی خەبات دەتوانن ژینگەیەكی گرنگ و شێوازێكی كاریگەر بۆ خەبات و تێكۆشان ئاوا بكەن، كۆڕەوی كوردان ئەوەی سەلماند كە مەرج نییە بۆ دژایەتی داگیركاری و دڵڕەقی زاڵمان چەكمان پێبێت، یان بیرمەند و فەیلەسوف بین، یان پێشڕەو و جەنگاوەر بین یان سیاسی و سەركردە بین، بەڵكو بەپێچەوانەوە كۆڕەو سەلماندی ترسی بە كۆمەڵی مرۆڤە لاواز و هەڵاتووەكانیش دەتوانێت بەرامبەر بەزاڵمان و بكوژان بووەستێتەوە یان بەهەڵاتنی بەكۆمەڵ دەتوانێت ئەو بكوژ و دڕندانە ریسوا بكات، سەرەنجام كۆڕەو شێواز و ژینگەیەكی نوێی بۆ خەبات رەخساند، كە لاوازەكان، هەڵاتووەكان، ترسنۆكەكان و كەسە لاواز و پەراوێزەكان بوونە بكەر و قارەمان و پاڵەوانی ئەم خەباتە كە كۆڕەو بوو. كۆڕەو تەنها ترس و هەڵاتن نەبوو لەداگیركاری و دیكتاتۆری، یان تەنها پیشاندانی مەترسی نەبوو بەرامبەر دڕندەیی و دڵڕەقی بكوژانی كورد، بەڵكو ئەوپەڕی ئازایەتیش بوو كە هەمووان دەستیان لەماڵ و سامان بەرداو روویان كردە نادیار و ناوچە شاخاوی و سنوورییەكان كە هەمووان دەیانزانی ژیان و مانیان دەكەوێتە ژێر مەترسیەوە، یان هیچ نەبێت بەرەو نادیاری ملیان نا. ئەم ئازایەتییە بە كۆمەڵە لە هەردوو ئاڕاستەی وازهێنان لە ماڵ و سامان، كۆچكردن بەرەو نادیاری هێندە گرنگ و كاریگەر بوو كە هەمووان بوونە یەك چین و یەك ئاستی ژیان و گوزەران و هەمووان ماڵ و ژینگە و شوێنی حەسانەوەیان بووە شاخ و كێو و بن دارەكان، ئەمە ئەو ساتە گرنگەیە لە مرۆڤایەتی كە لە نەهامەتی و لە ئەوپەڕی قوربانیدان و لە خۆبووردندا یەكسان بوون و ئەمجارە كوردستان سەلماندی كە یەكسانی چینایەتى و یەكسانی لەژیان و لە ماڵ و سامان و شوێنی حەسانەوەدا ئەگەری بوونیان هەیەو كورد لەم كۆڕەوەدا بەپلەی باڵا یەكسانی كردە شێوازێك بۆ ژیان و بۆ خەبات، ئیتر بە هەموو جیهان گووترا كە گەلی كورد ئامادە نییە ژیانی داگیركاری و ژێر دەستی قبوڵ بكاتەوە. بەر لە كۆڕەو، كورد دژی ستەمكارترین دەسەلات راپەڕی كە ئەویش رژێمی بەعس بوو. راپەرین، لە بەرواری 5ی3ی 1991 ئەنجامدرا و كۆی ناوچەكانی باشوری كوردستان بە كەركوك و خانەقینەوەش رزگاكرا، بەڵام راپەرینە مەزنەكەی 1991، ئەو دەستەواژەیەی بەزووترین كات لە ناو جەماوەر و میدیای كوردی بلاوكرایەوە زوو دامركایەوە. كە تەمەنی مانگێكی تێنەپەراند. ئەوەبوو لە رۆژی 31ی مانگی 3ی سالی 1991 نەتەوەی كورد تووشی نسكۆ و كارەساتیكی مرۆیی گەورە بوویەوە كە ئەویش كۆڕەو بوو. كۆڕەو بەرنامەریژی نەبوو، بەلام بوو بە مەزنترین خەباتی مەدەنی سەردەم، كە لەزۆر كارەساتەكانی تر كە بەسەر نەتەوەی كورددا هاتووە دەنگیدایەوە. سەدام حوسین دوای شكستە یەك لە دوایەكەكانیی و كۆتا شكستی لەشەری داگیركاری كوێت و كەنداوی دوو. دەیویست جاریكی تر لەرێگای هێزەوە شكستەكانی قەرەبوو بكاتەوە، چونكە سەركەوتن بەشێكی دانەبراوی ئایدۆلۆژیای بەعس بوو.
پرۆژەی بەعس وەك پرۆژەی نازی و فاشیی و دەسەلاتە تۆتالیتارەكان لەسەر لۆژیكی گۆرینی نوشوست بە سەركەوتن بنیاتنراوە، چونكە سەركەوتن لەفیكری بەعسدا لەمانا رەمزییەكەی دەچێتە دەرەوە و دەبێتە خواستێكی شەڕانگێزانە. ئەگەرچی كارەساتەكانی هەڵەبجە و ئەنفال نەیانتوانی جووڵە بە ویژدانی وڵاتە زلهێزەكان و نەتەوەیەكگرتوەكان و زۆر لەریكخراوە خیرخۆازییەكان بكەن، بەڵام كۆرەو ئەو رووداوە ناوازەیەی مێژووی مرۆڤایەتی بوو كە بۆ یەكەمین جار زۆرینەی نەتەوەیەك لەترسی كۆكوژی كۆڕەو بكەن. ئەم كارەساتە جەرگبڕانه‌ هەرزوو كەوتنە بەر زوومی بەشێك لە میدیا جیهانییەكان. جگە لەوەی بەشێك لە ئەكتەر و هونەرمەندە ناودارەكانی جیهان و ریكخراوە مرۆڤدۆستی و وڵاتانی سەردەست هاتنەدەنگ دژ بەقڕكردن و چۆڵكردنی نیشتیمانی ئەو هاونیشتیمانیانەی بەرەو پیری سنوورەكان ئێران_عیراق، توركیا_عێراق، دەچوون. كۆڕەو هاوار و ناڵەی نەتەوەیەك بوو بۆ هەموو دونیا، لە بەرامبەر ترس و تۆقاندن و كۆكوژیییە بەردەوامەكانی رژێمی بەعس كە چیتر بەژێردەستەیی رازیی نییە، وێنە و دیمەنە تراژیدییەكانی كۆڕەو، ویژدانی مرۆڤایەتیان دەهەژاند، ئەوەبوو بە پشتیوانی و هاوكاری وڵاتانی زلهێز ناوچەیەكی ئارام لە باكوری عێراق بۆ پاراستنی كورد لە دەستدریژی هێزەكانی عیراق و ناوچەی دژەفڕین لەباكوری هێڵی پانی 36 داندرا. و بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق دەركرا، بەمەش قۆناغیكی نوێ لەژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتی هاتەكایەوە. كۆڕەو رۆیشتن و سەرهەڵگرتن بوو بەرەو چارەنووسێكی نادیار. خەڵكی كورد چارەنووسی نادیاری پێ باشتر بوو، وەك مانەوە لەژیر دەستی سوپا سەركوتكارەكەی رژێمی بەعس. لەو دەمەش كەشی دونیا باراناوی بوو، ئەو خەڵكە لەژیر رەحمەتی توندوتیژی سروشتدا دەژیان. بەپێی هەندێك سەرژمێژری ئەو دەمە، بەهەزاران هاولاتی بەهۆی سەرماو سۆڵە گیانیان دەرچوو. جگە لەوەی لە رۆژەكانی یەكەم و دووەم، بەعس دەستی كرد بە گولەبارانكردنی خەڵك و تۆپبارانكردنی ماڵان و دەستدرێژی كردنە سەر بەشێك لەو خێزانانەی كە مابوونەوە. كۆڕەو تەنها وشە و چەمكێك نەبوو بۆ ڕەوی زیاتر لە ملیۆنێك مرۆڤ. بەڵكو ترس و كۆكوژی رەهەندێكی سەرەكی ئەو ڕەوە گەلەكۆییە بوو. كۆڕەو سیمیبوڵی چەوساندنەوەی نەتەوەیەك بوو، بەلام تا ئیستا ئەم كارەساتە و هەموو كارەساتەكانی تر نەیانتوانی ببنە ناسنامە و سەروەری بۆ باشتركردنی ژیانی نەتەوەیەكی بێ دەولەت. كۆڕەو تەنها رووداوێك نەبوو و نییە لەرابردوو، بەڵكو ئەگەرێكە بەردەوام لە پێشمانەوەدایە. بۆیە، پێوستە گەلی كورد لە پێناو پاراستنی شوناس و مێژوو و دەستكەوتەكانی و هەروەها داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی كوردایەتیی بكات و یەكریز بێ، چونكە یەكهەڵوێستی كلیلی سەركەوتن و بەدەسهێنانی مافەرەواكانە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار