٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئێستاش هەر وەك ئەوكاتە

سەرچاوە: KDP.info

ئاریان فەرەج 
سلێمان عەبدوللا كە یەك لە نوسەرەكانی بەرهەم ساڵحە و لەسەر داوای ئەو جاران دژی یەكێتی و ئێستاش دژی پارتی دەنوسێ، لە نوسینێكدا كە لە سایتەكەی خۆیان ( خەندان) بڵاویكردۆتەوە، بە ئیدیعایەكی بێ ئەسڵ و ئەساس و پێچەوانەی راستییەكی مێژوویی حاشاهەڵنەگر، دەڵێ گوایە لە یەكەمین هەڵبژاردنی كوردستاندا بارزانی لە تاڵەبانی دەنگی زیاتر نەهێناوە و بۆیەش هیچكامیان نەبوونە رابەر و هەر بۆیەش سیستمی فیفتی فیفتی پەیڕەو كرا. 


كاك سلێمان و تەواوی نوسەرەكانی بەرهەم ساڵح ئازادن چ دەنوسن و بۆ كێ دەنوسن و بە چ مەرامێك دەنوسن و دەیانەوێ خزمەت بەكێ بكەن، بەڵام ئازاد نیین حەقیقەتە حاشاهەڵنەگرە مێژووییەكان چەواشە بكەن و هەڵیانگێڕنەوە. ئەوەیان غەدرە دەرهەق بە مێژوو و سپی كردنەوە دەخوازێ. 


لە هەڵبژاردنی یەكەمی كوردستاندا بە پێی ئەنجامە راگەیاندراوەكانی لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكە ( كە وینەكەی هاوپێچی ئەم وەڵامەیە) مەسعود بارزانی زۆرترین دەنگی هێناوە كە ( 466819) دەنگە لە كاتێكدا تاڵەبانی ( 441057) دەنگی بەدەستهێناوە، واتا بارزانی نزیكەی ( 26000) دەنگی زیاتری بەدەستهێناوە. ژمارەی كورسیە بەدەستهاتووەكانی پارتیش بۆ هەموو لایەك مەعلومە كە لەوەی یەكێتی زیاتر بوون. 


ئەوەی سیستمی فیفتی فیفتی بەسەر كوردستاندا سەپاند، ئەوە نییە كە گوایە هیچ كام لە بەربژێرەكان و لە حزبەكان دەنگی پێویستیان نەهێنا، بەڵكو هۆكارەكە قبوڵنەكردنی ئەنجامەكان و هەڕەشەی شەڕی نێوخۆ و تێكدانی دەرفەتەكە بوو، ناچار بوونی پارتی و بارزانی بوو كە لە پێناو ئاشتی و بەرژەوەندی كوردستاندا لە حەقی خۆیان خۆش بن و بە (پەنجا بەپەنجا) رازی بن تا گەلەكەمان توشی نەهامەتی نەبێتەوە. 


ئێستاشی لەگەڵ بێت هەر ئەو عەقڵیەتە نادیموكراتییە لە نێو یەكێتیدا زاڵە، ئێستاش هەر لە غایەلەی پەنجابەپەنجادان و نادیموكراتیانە و سووك سەرنج دەدەنە دەنگ و ئیرادەی خەڵك، ئێستاش هەر بە عەقڵیەتی ( یەك كورسیش بێنم، هەر نیوەم دەوێ) بونەتە ئاستەنگی بەردەم پرۆسەی دیموكراسی و پێكهێنانی حكومەت و رێزگرتن لە دەنگ و وویستی خەڵكی كوردستان، ئیستاش هەر وەك ئەوكاتەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار