شەڕی دۆڕاو

هاودەنگ فاروق
دەبێ ئەوە بۆ مێژوو لێگەڕێین، چەند ساڵێک لەمەو بەر، کەسانێکی سیاسی ناسراو لە ناو حزبە کوردییەکان، چ بەدفەڕی و بێ ئینسافییەکیان لە دژی خەڵکی کوردستان کرد، پێشنیازی بڕینی موچە و بودجەی کوردستانیان دایە حکومەتی بەغدا، لە خزمەت عببادیدا بوون، داوای ڕووخاندنی حکومەتی نێچیرڤان بارزانی و دروستکردنی حکومەتی ئینقازیان دەکرد، چوار ساڵ خەڵکی کوردستانیان دووچاری برسیێتی و بێکارى و نەهامەتی کرد.
چەندە مایەی شەرمەزارییە، بەرپرسی کورد بیت، لای بێگانە، داوای بڕینی تیکە نانی میللەتەکەت بکەیت، بە سوپاسنامەی دوژمنەکەت شاگەشکە بیت، دەبێ چ شانازی و سەركەوتنێك بێت، بۆ کەسانێک لە کوردستان ئیفلاسی سیاسیان کردبێت، متمانەی هاوحیزب وگەلی خۆیان لە دەست دابێت، بیانەوێت لە بەغدا بە دەست تێکەلاوکردن لە گەڵ عبادییەکی لە خۆیان دۆڕاوتر، قەرەبوی بكەنەوە، مەگەر دکتۆرێکی دەروونزان شیکاری بۆ ڕەهەندەکانی ئەو جۆرە کەسایەتیانە بکات!
ئەم نەریتە سیاسییە دژە کوردە، لە سەر دەستی چەند کەسێکی سیاسی شکستخواردوو، لە دژی حکومەتی کوردستان درێژەی پێ دەدرێ، کە بریتییە لە: شەڕکردن لە گەڵ هەولێر، دروستکردنی زۆرترین کۆت وبەند بۆ مەلەفی موچە وبودجە و دۆسیێی نەوتی کوردستان، لە ڕێی تەشریعی یاساکان، بە هۆی پارلەمانتارە عەرەبە شۆڤێنییەکانەوە.
لە راستیدا ئەمە نههجێکی زۆر خەراپە، درێژپێدانی فەرهەنگی خۆخۆری کوردە، زەمینەخۆشکردنە بۆ دوژمنانی کورد، کە بە ئاسانی سوود لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کوردستان وەرگرن وزیانی گەورەی پێبگەینن، ئەمەش وادەکات فاکتەری دەرەکی هەردەم سەنگی مەحەک بێت، بۆ زاخاودانی ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆو یەکلاکەرەوەی ناکۆکییەکان، لە وەختێکدا، هێزی کورد تەنیا لە یەکڕیزیی ناوخۆدایە، نەک هۆکاری دەرەکی.
ئێستا وەختی سەقامگیریی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییە، کاتی گێڕانەوەی متمانەی سیاسی و کاری پێکەوەیە، لەم وەرزە سیاسیی وحکومڕانێتییەی داهاتوشدا، هەقە بە دەستوور، چوارچێوەیەکی نەتەوەیی، یاسایی بۆ بەدڕەفتاری هەر حزب و کەسێک دابنرێت، کە بیەوێت لە مینبەری دوژمنانەوە یاری بە مقەدەراتی میللەت بکات.
ئێستا هاوکێشەی سیاسی کوردستان و عێراق گۆڕاوە، پارتی بەهێزترین سەنگ و پێگەی هەیە، لە هەولێر وبەغدا، تاکە مەرجەعی کوردە بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیارە سیاسییە کوردستانییەکان، ئەوانەی گرەوی ئەسپی دۆڕاویان لە سەر لاوازکردنی پارتی و ڕووخاندنی حکومەتی کوردستان کردبوو، لە گەڵ عببادی و هاودەنگەکانی ڕێککەوتبوون، خەونیان بە دوو ئیدارەیی دەبینی، شکستیان هێنا، لە هەڵبژاردن دۆران و گەل سزای دان، لە خوێندنەوەی ( سیاسەت – ستراتیژ) ی ناوخۆو، هاوکێشەی ئیقڵیم و ناودەوڵەتان کورتییان هێنا، زۆربەی لوغمە سیاسی و پیلانگێرییەکانیان بە جەستەی خۆیاندا تەقینەوە، ئەمەش یەکێکە لە یاساکانی ژیان، هەر جارێ یەکێک لە دژی تۆ بجوولێتەوە، جوولانەوەکە، بە قازانجی تۆدا دەشکێتەوە! بۆ پارتی و نەیارانیشی ئەمە ڕاست دەرچوو.




