د. ڤیان بۆ KDP: قۆناغی پیاوسالاری بۆ مرۆڤسالاری تێدەپەڕێنین

هەولێر-KDP.info- یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، بەرنامەی هەشتی مارس، كە رۆژی جیهانیی ئافرەتانە، رادەگەیەنێت. سكرتێری رێكخراوەكەش دەڵێ، ئامانجیان هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەیە و تێپەڕاندنی قۆناغی پیاوسالاری بۆ مرۆڤسالارییە.
هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەتانە و یەكێتیی ئافرەتانی كوردستانیش هەموو ساڵێك لەو رۆژەدا بەرنامەی تایبەتی خۆی دەبێت، هەرچەندە سكرتێری رێكخراوەكە دەڵێ، هەموو رۆژێ لای ئەوان هەشتی مارسە. دكتۆر ڤیان سلێمان، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هیوای خواست كە هەشتی مارس هەڵوەستەیەك و هەنگاوێكی دیكەی یەكێتیی ئافرەتان بێت، لە پێناو دەستەبەركردنی یەكسانیی نێوان هەردوو رەگەزی نێر و مێ.
ناوبراو دووپاتی دەكاتەوە، كە پەیامی یەكێتیی ئافرەتان، مرۆڤسالارییە، هەموو هەوڵەكانیشیان بۆ ئەوە بووە، كە كۆمەڵگە لە قۆناغی پیاوسالارییەوە بۆ قۆناغی مرۆڤسالاری بگوازنەوە، ئەویش لە رێگەی گۆڕینی هزری تاكەكانی كۆمەڵگە، كە یەك شوناس و یەك پێگە بۆ هەردوو رەگەز بە یەكسانی دیاری بكرێت، وەك ئەرك و بەرپرسیارێتی لە دەسكەوتەكانی كۆمەڵگەدا هەردوو لا تێیدا بەشدار بن، بەو پێیەی كە دەبێتە هۆی دروستبوونی خێزانێكی پێشكەوتوو، لەوێشەوە كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو دروست دەبێت.
دكتۆر ڤیان، سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی هەیانە، جەخت لە ئامرازی كاریگەر دەكاتەوە، كە وەك خۆی ئاماژەی پێدا، لە رێگەی تواناسازیی ئافرەتان و دواندنی لایەنی بەرانبەر، كە پیاوە كە كار لەسەر گۆڕینی هزر بكەن، بە دەستنیشانكردنی خاڵە نەرێنییەكانی ئەقڵییەتی پیاوسالاری، كە تا چەندە زیان بە هەردوو رەگەز دەگەیەنن، پێیشی وایە دەبێت هەردوو رەگەز پێكەوە دەست لە ناو دەست و بە یەك ئاڕاستە شكۆی مرۆڤبوونی هەردوو رەگەز بپارێزن، تا ژیانێكی ئارام و خۆشتر پێكەوە بنیات بنێن.
ئەو روونیشی دەكاتەوە، كە بۆ ئەو یادە، رێكخراوەكەیان چەند بەرنامەیەكیان دیاری كردووە، كە كاری لەسەر بكرێت، وەك، پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسای ماف و ئەركی هاوسەران بە پەرلەمانی كوردستان، هاوكات لە هەشتی مارسیشدا سەردانی مەزاری نەمران دەكەن و چەند چالاكییەك ئەنجام دەدەن، هەروەها ئاڕاستەكردنی داواكارییەك وەك تۆڕی رێكخراوەكانی ئافرەتانی هەرێمی كوردستان بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، كە رۆژی ٨ی٣ دەكاتە رۆژی هەینی، لە گشت مینبەرەكاندا گوتاری مامۆستایانی ئایینی تایبەت بێت بە یەكسانی و خۆشەویستی و لێبووردەیی ناو خێزان و چەند چالاكییەكی دیكەیش.
خێڵان بەختیار




