پێکەوە گریاین .... !

كاروان عهبدوڵڵا
من ئەگەرچی بە شێوەیەکی گشتی حەز لە تەنیایی دەکەم، کەچی ئەو رۆژە نەمتوانی بچمە نێو پۆلە چۆلوهۆلەکە، لەخۆڕا دڵتەنگییەک دایگرتم و لەبەر دەرگاکە وەستاندمی، خۆم بە خوێندنەوەی لاپەڕەیەکی کتێبێک خەریک کرد، هێندەی نەبرد لەناکاو هاوپۆلێکی زۆر نزیکم، بەسڵاوێک چاوی پێ هەڵێنام، هەرکە سەیرم کرد، دوو بیبیلەی نوقمی خوێنم بینی، سەرتاپا ترسێک بە گیانمدا هەڵگەڕا :
- بۆ وا ناڕحەتی ..چی بووە ؟؟
- دیارە نەتزانیوە ؟
- نا ..نەمزانیوە ..چ روویداوە ؟
هاوڕێکەم نەیدەتوانی بە دروستی وشەکان گۆ بکا، قورگی پڕ لە گریان و چاوی پڕ لە فرمێسک رێگربوون لە قسەکردن، منیش کەوتمە نێو فەزای پڕ لە ناڕحەتی هاوڕێکەم. من پەلەم بوو بزانم چی بووە ، ئەویش پەلەی بوو پێم بڵێ ، کەچی نەیدەتوانی ، من ناچار بووم بردمە پۆلەکە و توند رامتەکاندو پرسیم :
- دەی بڵێ چی بووە ؟
- بارزانی .. مەلا مستەفا
- ئێێێێێێێێێ چ بووە ؟
- مرد ....!
- وای خودایە هەواڵێکی ناخۆش بوو .....!
هەردووکمان بە نهێنی فرمێسکمان دەڕشت ، بە خێراییش لە ترسی بەعسییەکان دەمانسڕیەوە، ئەو رۆژە منی شیوعی و (تامان شاکر)ی پارتی پێکەوە دەگریاین .....




