٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

رێبازێكی نەمر

سەرچاوە: KDP.info
 
ئاریان فەرەج
 
مرۆڤە گەورەكان چۆك بە مەرگ دادەدەن، چونكە ناوی بەرز و نەمریان سنوری مەرگ تێدەپەڕێنێ، دەبنە وێردی سەر زمان، رێچكە و رێبازیان درێژەی پێدەدرێ و دەبنە دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی. میللەتان لە كاروانی سەختی بەرە و ئازادی و سەربەخۆییدا، سەركردە و رابەریان لێ هەڵدەكەوێ، دۆزی رەوا و عادیلانەی گەلان بەها بەرزەكانی بەرخۆدان و بەگژستەمداچونەوە و كۆڵنەدان دەنەخشێنن. میللەتان لە هەناوی خۆیانەوە سیمبول و سەركردەی ئیلهامبەخش و رێنیشاندەر دێننە وجود. ئەوان دەبنە ئاڵاهەڵگری كاروانی بێ پسانەوەی خەبات. دواجار بە نێو سەختی و قوربانیدان و كارەساتدا، گەلانی خۆیان دەگەیەنن بە مراز و ئامانج، ئەمە كورتەی مێژووی مرۆڤایەتی و گەلانی ئازادیخواز و خاوەن دۆزی رەوایە. 
 
بۆ كورد لە سەردەمی نوێدا، بارزانی نەمر ئەو سیمبۆل و سەركردە مێژوو كرد و رەچەشكێنە بوو كە رابەرایەتی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دەیخواست و بۆ ئەوە هاتە مەیدان تا رۆڵی مێژووكردانەی خۆی بگێڕێ. 
 
مستەفا بارزانییەك دەبوا هەڵكەوێ تا بە باوەڕی رەهای بە عەدالەتی دۆزی گەلەكەی، باوەڕبەخۆبوون لە ناخی رۆلەكانی میلەتەكەیدا بچێنێ، لە رۆژگاری نائومێدی و بندەستیدا، ئومێد بە ئازادی، باوەڕ بەوەی كورد سەپانی بابی كەس نییە ولە كەس كەمتر نییە و مەحكوم نییە بە بندەستی، باوەڕ بە جەدوای مقاوەمەت و خۆبەدەستەوەنەدان، ئیمان بەوەی دواجار حەق سەردەكەوێ و ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێتەوە، لە ویژدان و هزری رۆڵەكانی گەلەكەیدا بچەسپێنێ. 
 
بارزانی بەر لەوەی خەبات بۆ رزگاری كوردستان لە داگیركاری بەرپا بكات، زاتی ئینسانی كوردی لە گرێی خۆبەكەم زانین رزگار كرد، بەر لە ئازادی كوردستان، ئازادیخوازیی لە هزر و مێشكی تاكی كورددا نەخشاند. هەر ئەوەش بووە هەوێنی رێبازێكی لە بننەهاتوو، شۆڕشێكی لەشكستنەهاتوو، میللەتێكی نەسرەوت. دواجاریش ئەو رێباز و شۆڕشە گەیشت بە سەركەوتن و دەسكەوتەكانی ئەمڕۆ و داهاتویەكی پڕ ئومێد. 
 
یادی بە نەمریی مانەوەی بارزانی، دەمەزەردكردنەوەی رێبازێكە كە تا گەیشتن بە دوا ئامانج بەرێوەیە، رێبازێك جگە لە سەربەرزی بۆ كورد و سەربەخۆیی بۆ كوردستان و بەدەستهێنانەوەی مافی رەوای گەلێكی ستەملێكراو، هیچ پێناسە و هیچ ئامانج و مەبەستێكی دیكەی نەبووە و نابێت.

هەواڵی پەیوەندیدار