عەبدولحەكیم بەشار بۆ kdp.infoبەرگری لە سەری كانی بەرگرییە لە بوونی كورد و پرسە رەواكەی..

لە سەر هەموو كوردان پێویستە بە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانییەوە هەموو هێزەكانیان یەك بخەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر گروپێكی چەكدار و وەدەرنانیان لە ناوچەكەدا.
دكتۆر عەبدولحەكیم بەشار لەسەر پەیگی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی فەیس بووك وتارێكی بڵاوكردووەتەوەو رەخنە لەو گروپە چەكداریانە دەگرێت كە هاتوونەتە سەری كانی و بە تۆپ و چەكی قورس ناوچەكە تۆپاران دەكەن و شارەكە وێران دەكەن و ئەمەش بۆتە هۆی شەهید بوون و بریندار بوونی چەندان هاووڵاتی بێتاوان، ئەمە لە كاتێكدا رژێمی سووریاش بەردەوامە لە تۆپارانكردنی ناوچەكانی پایتەخت بە چەكی قورس، بۆیە لەسەر هەموو لایەنە چەكدارەكانی نیشتمانی و هێزە شۆڕشگێڕەكان لە سووریا پێویستە هەموو هێزو توانایەكیان یەك بخەن دژ بە رژێمی سووریاو پشتیوانی لە سوپای ئازاد بكەن لە پایتەختدا، هەروەها بەرگری لە سەری كانی بەرگرییە لە بوونی كوردو پرسە رەواكەیدا، بۆیە لەسەر گەنج و لاوی كوردمان پێویستە بە سەرجەم پێكهاتەو لایەنە سیاسییەكانیەوە، هەموو هێزو تواناكانیان یەكبخەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپە چەكداریانەو وەدەریان لە ناوچەكەدا، هەروەها ئاگەداری برایانی عەرەب و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكە دەكەینەوە لە پارێزگاكەدا، كە پارێزگاری لە ئاشتەوایی نێوخۆیی و پێكەوەژیانی سەرجەم لایەنەكان بكرێتەوە، ئەمە سەرەڕای كاركردن وەكو یەك خێزان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە كارێك كە ئەو برایەتییە نیشتمانییە دەشێوێنێ.
Kdp.infoلە پەیوەندییەكی تایبەت لەگەڵ دكتۆر عەبدولحەكیم بەشار سكرتێری پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا (پارتی)و سەرۆكی یەكێتی سیاسی دیموكراتی- سووریا لەبارەی چۆنیەتی شێوازو ئەو هەنگاوانەی دەیگرنەبەر لەبارەی دەركردنی ئەو گروپە چەكدارانەی كە هاتوونەتە نێو شاری سەری كانی كوردییەوە؟
دكتۆر عەبدولحەكیم بەشار گوتی: گەلی كوردو پارتە سیاسییەكانی دەستەوەستان ناوەستن لەبەرامبەر ئەوەی لە سەری كانی روودەدات لە كاری توندوتیژی و كوشتن و وێرانكردن و پێشێلكردنی مافی گەلی كوردمان.
هەروەها گوتی: ئێمە بە قۆناغ كاردەكەین: یەكەمیان بە شێوەی سیاسی، لە دووتۆی كاركردن و تەنسیقمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریا (عەرەب و كوردەكان) چونكە لەو شەڕو پێكدادانەی نێوان ئۆپۆزسیۆنی سووریا، سوودمەندی یەكەم رژێمی سووریایە، بەڵام لە قۆناغی دووەم: ئەوا كاری مەیدانی ئەنجام دەدەین، لەو كاتەدا هەموو جۆرە شێوازێك و رێگەیەكی مەیدانی دەگرینە بەر لە پێناوی دەركردن و وەدەرنانی ئەو گرپە چەكدارانە لە سەرجەم ناوچە كوردیەكاندا.
هەروەها بەشار گوتی: چونكە هاتنی ئەو جۆرە گروپە چەكداریانە كە (كەس نازانێ چین) هاتوون شەڕ لەگەڵ كورد دەكەن لە ناوچەكانی خۆیاندا، خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات تەنیا خزمەتێكی زێڕین بە رژێمی سووریا نەبێت و باری قورسی سەر شانی ئەو سووك دەكات، لە جیاتی ئەوەی پاڵەپەستۆیەك دروست بكات بۆ سەر رژێم و ئاراستەكردنی راگەیەندانەكان لەبارەی ئەوەی دژ بە گەلی سووری ئەنجام دەدرێت لە كوشتن و ماڵوێرانیدا.
لە لایەكی دیكەوە دكتۆر عەبدولحەكیم بەشار داوا لە گەنجانی كورد دەكات بە سەرجەم پێكهاتەو لایەنە سیاسییەكانییەوە بەرگری لە ناوچە كوردییەكان بكەن، چونكە ئەمە بەرگرییە لە بوونی كورد و پرسە رەواكەیەوە.
پەیوەندی: عیماد مەحمود.




